خبر 2018-10-22 10:47 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

یەکگرتووی ئیسلامی بەشداریی حکوومەتی نوێی کوردستان ناکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆتاییی پێهات و لە ڕاگەیێندراوێکدا ئەو حیزبە ڕایگەیاند ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیسان ڕەت دەکەنەوە و بەشداریی حکوومەتی نوێی کوردستان ناکەن و دەبنە ئوپۆزسیۆن.

کوردپرێس:

ئەمڕۆ دووشەمە 22ی تشرینی یەکەمی 2018 کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆتایی هات و ئەو حیزبە لە ڕێگای بەیاننامەیێکی فەرمییەوە لە پرێس کونفڕانسێکدا ڕایگەیاند ئەو ئەنجامانەی وەکوو ئەنجامی کۆتاییی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە ڕاگەیێندراوە ڕەت دەکەنەوە و بەو بۆنەیەشەوە بەشداریی پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی ئایندەی هەرێمی کوردستان ناکەن.

هادی عەلی وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان زیادی کرد: ئەوە بڕیاری کۆتاییی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامییە و هیچ مەجالی تێدا نییە بۆ گفتوگۆکردن یان دانووستاندن لەبارەی بەشداری کردنی حیزبەکەمان لە حکوومەت.

شیاوی ئاماژەیە ڕۆژی ڕابردوو بە واژۆی 5 نوێنەری کۆمسیۆنی سەربەخۆی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم ئەنجامی کۆتاییی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیێندرا و بەو پێیەش پارتی بە 45 کورسی و یەکێتی بە 21 کورسی و گۆڕان 12 کورسی حیزبی یەکەم تا سێهەمی هەرێمی کوردستان بوون و ئەنجامەکەش لە لایەن 4 نوێنەری کۆمسیۆنەوە تانەی لێدرا و بە نایاسایی ڕاگەیێندرا و پێشتریش ئەنجامە بەراییەکان لەلایەن لایەنی ناڕازیی هەرێمی کوردستانەوە ڕەت کرابوویەوە و باس لە ساختەکاریی هەڵبژاردن دەکرا کە دوو حیزبی پارتی و یەکێتی کردوویانە، بەڵام لەباری دەستوورییەوە 50 کۆ یەکی نوێنەرانی کۆمسیۆن دەتوانن دەنگ لە سەر بڕیارەکە بدەن و لە بەر ڕۆشناییی ئەوەی کە کۆی ئەندامەکانی کۆمسیۆن 9 کەس بوون و 5 کەس واژۆی ئەنجامەکانیان کردووە بە دەستووری دەزانرێت و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی یەک مانگی داهاتوودا حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پێک بهێنرێت ئەگەرچی زۆرینەی لایەنە ناڕازییەکانی هەرێم تانەیان لە ئەنجامەکان داوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.