بۆ یه‌که‌م جار ژنێکی کوردی عێراقی خۆی بۆ پۆستی سه‌رکۆمار کاندید ده‌کات
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سروه عه‌بدولواحید په‌رله‌مانتاری پێشووی عێراق له کۆنگره‌یێکی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند که هیواداره وه‌ک یه‌که‌م ژن له مێژووى عێراقدا بتوانێت ئه‌و پۆسته به‌ده‌ستبهێنێت و بۆ به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سه‌رۆک کۆماریی عێراق له‌لایه‌ن هیچ حزب و لایه‌نێکی سیاسییه‌وه پشتیوانی ناکرێت و وه‌ک که‌سایه‌تییێکی سیاسیی کورد و بێلایه‌ن خۆی بۆ ئه‌و پۆسته کاندید کردوووه.
سروه عه‌بدولواحید گوتیشی: وه‌ک که‌سێکی سه‌ربه‌خۆ خۆم کاندید کردوووه و سه‌ر به هیچ حزب و لایه‌نێک سیاسیی نیم.
ناوبراو ڕاشیگه‌یاند: "پێموایه نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه ده‌که‌م که باس له‌وه ده‌که‌ن ده‌بێت گه‌نده‌ڵی و به‌ش به‌شێنه نه‌مێنێت له عێراق و نوێنه‌ری هه‌موو لایه‌نێکی سیاسیی نیشتمانیم که به جیدی رووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵکاران ده‌بێته‌وه."
هه‌ر له کۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌دا سروه عه‌بدولواحید ڕایگه‌یاند: له ڕێگه‌ی خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری عێراق ده‌یه‌وێت دوو په‌یام بگه‌یه‌نێت؛ یه‌که‌میان ئه‌وه‌ی که به سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌کانی عێراق بڵێت که ژنیش ده‌توانێت ئه‌و جۆره پۆستانه وه‌ربگرێت و توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌ر پۆستێکی گرنگ به‌ڕێوه‌ببات و په‌یامی دووه‌میشی بۆ هه‌ر دوو حزبی پارتی و یه‌کێتییه که چیدی ئه‌و دوو حزبه ناتوانن به ته‌نها پۆستی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری عێراق بۆ خۆیان ببه‌ن و خه‌ڵکیتر هه‌یه که ده‌توانێت کێبڕکێیان بکات له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و پۆسته.
ئه‌وه‌ش له کاتێکدایه پرسی کاندیدبوون بۆ سه‌رۆک کۆماری عێراق و وه‌رگرتنى ئه‌و پۆسته گفتوگۆی زۆری له‌باره‌وه ده‌کرێت و تا ئێستا جگه له به‌رهه‌م ساڵح و سه‌لیم شووشکه‌یی و سه‌ردار عه‌بدوڵڵا و له‌تیف ڕه‌شید و سروه عه‌بدولواحید قسه له‌وه‌ش ده‌کرێت پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیدی خۆی هه‌بێت و کێبڕکێی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و پۆسته ده‌کات.
سه‌رچاوه: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
بۆچوونی بەکارهێنەران