خبر 2026-10-19 14:22 کاتی خوێندنەوە: 4 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

ئەبرۆ گۆنای: وێنەی هاوبەشی سەرکردە کوردەکان ئومێدبەخشە

ئەبرۆ گۆنای، جێگری هاوسەرۆکی دەم پارتی، وێنەی هاوبەشی کەسایەتییە سیاسییە کوردەکانی لە پەراوێزی کۆڕبەندی مێری لە هەولێر بە هەنگاوێکی ئەرێنی و ئومێدبەخش ناو برد و گوتی پێشهاتەکانی ناوچەکە، پارتە کوردستانییەکانی خستووەتە بەرامبەر بەرپرسیارێتیی بەهێزکردنی گفتوگۆ و هاوکاری.

کوردپرێس: دامەزراوەی لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕۆژانی ۱۲ و ۱۳ی تشرینی یەکەمدا، کۆبوونەوەیەکی بە ئامادەبوونی سیاسییەکان، شارەزایان و چالاکوانانی سیاسیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە هەولێر، ناوەندی هەرێمی کوردستان، بەڕێوە برد.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی "وڵات"، ئەبرۆ گۆنای، جێگری هاوسەرۆکانی دەم پارتی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئەم پارتە، دوای بەشداری لە کۆڕبەندی مێری، دیدارەکانی شاندی دەم پارتی لە هەرێمی کوردستان و بابەتە خستراوەکانی ڕوو دەربارەی یەکێتیی کوردەکانی هەڵسەنگاند.

ئیلهام ئەحمەد، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی مەجلیسی گەلی سوریا؛ مەزڵوم عەبدی، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سوریا؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ تۆنجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی؛ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەم پارتە؛ محەممەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و ژمارەیەک لە سیاسییەکان، شارەزایان و چالاکوانان لەم کۆبوونەوەیەدا ئامادە بوون.

ئاسایشی ناوچەکە، داهاتووی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە تورکیا و باکووری کوردستان لە گرنگترین تەوەرە باسکراوەکان لەم کۆڕبەندەدا بوون.

پێشهاتەکانی بەشە جیاوازەکانی کوردستان بە یەکەوە بەستراونەتەوە

گۆنای گوتی لە کۆڕبەندی مێریدا، پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی بەشە جیاوازەکانی کوردستان بە شێوەیەکی فراوان تاوتوێ کران و نوێنەرانی ناوچە جیاوازەکان تێڕوانینی خۆیان دەربارەی پێشهاتەکانی ئێستا خستە ڕوو.

ناوبراو زیادی کرد: «پێشهاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، باکووری کوردستان و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران. پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە باکووری کوردستان و پێشهاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش قسەیان لەسەر کرا. لەم کۆبوونەوەیەدا ڕوون بووەوە کە پێشکەوتنی هەموو بەشەکانی کوردستان بە یەکترەوە بەستراوەتەوە.»

گۆنای گوتی پێشنیازەکانی پەیوەندیدار بە پێشکەشکردنی چارەسەرە دیموکراتیکەکان بۆ خەڵکی ناوچەکەش لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆڕبەندەکە بوون: «چارەسەری کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوونە؛ ئەم کێشانە لە ڕێگەی نەتەوەی دیموکراتیک و دیموکراسییەوە چارەسەر دەبن. ئەم تێڕوانینە لە ڕەوتی کۆبوونەوەکەشدا دەستنیشان کرا.»

وێنەیەک کە ئومێدی بە یەکێتیی کوردەکان زیاد کرد

بڵاوبوونەوەی وێنەی هاوبەشی ئیلهام ئەحمەد، مەزڵوم عەبدی، تۆنجەر باکرهان، نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی یەکێک لەو بابەتانە بوو کە دوای کۆتاییهاتنی کۆڕبەندەکە ڕەنگدانەوەیەکی فراوانی پەیدا کرد.

ئەبرۆ گۆنای گوتی وەستانی نوێنەرانی سیاسیی کورد لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان لە یەک چوارچێوەدا، لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا ئومێدی دروست کرد و چاوەڕوانییەکانی لە سیاسییەکان بۆ جووڵەکردن بەرەو هاوکاریی زیاتر بەرز کردەوە.

ناوبراو گوتی: «لە نێو خەڵکی کورددا ئاڕاستەیەک بۆ یەکێتی دروست بووە. هەڵوێستی یەکگرتووی خەڵک، بەرپرسیارێتییەکیش دەخاتە سەر شانی سیاسییەکان. لە کاتی هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، کوردەکان لە چوار بەشی کوردستان هەستانە سەر پێ و ئەم پەرچەکردارە، یەکێتیی نیشتمانیی ئاشکرا کرد.»

گۆنای زیادی کرد: «دوای ماوەیەکی درێژ، نوێنەرانی بەشە جیاوازەکانی کوردستان لە کۆڕبەندێکی وەهادا لە تەنیشت یەکتر وەستان. ئێمە پێشتریش لەگەڵ پارتە کوردییەکان لە بەشەکانی تردا پەیوەندیمان هەبوو؛ بەڵام ئەمە یەکەم جار بوو کە نوێنەرانی کورد بەم شێوەیە گرد ببنەوە و وێنەیەکی هاوبەش پێشکەش بکەن. ئەم ڕووداوە لە نێو خەڵکدا ئومێدی دروست کرد.»

videoplayback (4).m4v

 

داواکاری بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانی

جێگری هاوسەرۆکانی دەم پارتی، گردبوونەوەی هەولێری بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ڕەوتە کوردییەکان زانی؛ بەڵام جەختی کردەوە ئەم پەیوەندییانە دەبێت لە داهاتوودا فراوانتر و دامەزراوەییتر ببن.

ئەو گوتی: «پێشهاتەکانی جیهان بەرپرسیارێتیی زیاتریان بۆ هێنانەدیی یەکێتی خستووەتە سەر شانمان. ئەم ڕێگەیە لە کۆڕبەندەکەوە دەستی پێکرد، بەڵام لە داهاتوودا هەموو ڕەوتە کوردییەکان دەبێت پەیوەندیی بەهێزتر لەگەڵ یەکتردا دامەزرێنن.»

گۆنای گرنگترین هەنگاوی دوایی بە بەڕێوەبردنی کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردەکان زانی و زیادی کرد: «هەموو لایەنەکان دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی خەڵکی کورد ڕەفتار بکەن و ئەمڕۆ بەرژەوەندیی سەرەکیی خەڵکی کورد، هێنانەدیی یەکێتییە.»

دیداری شاندی دەم پارتی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی

ئەبرۆ گۆنای گوتی شاندی دەم پارتی لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، چ لە هەولێر و چ لە سلێمانی لەگەڵ پارتەکان و بەرپرسانی کورد کۆبووەوە و گفتوگۆی کرد.

بەوتەی ئەو، ئەم شاندە سەرەتا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، و دواتر لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆبووەوە.

گۆنای گوتی: «هەردوو لایەن هەڵوێستێکی زۆر ئەرێنییان بەرامبەر پرۆسەی ئاشتی نیشان دا و ڕایانگەیاند بۆ سەرکەوتنی، هەر کارێک لە دەستیان بێت ئەنجامی دەدەن.»

ناوبراو زیادی کرد لە هەردوو دیدارەکەدا جەخت لەسەر ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پرۆسەی ئاشتیدا کرایەوە: «ئەوان سەرنجیان ڕاکێشا بۆ ڕۆڵ و پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و گوتیان کەسێک کە زۆرترین هەوڵ بۆ ئاشتی دەدات، عەبدوڵڵا ئۆجەلانە.»

گۆنای هەروەها گوتی دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پەیوەندییەکانی نێوان ڕەوتە کوردییەکان بەهێز بوون و ئەم پێشهاتە کاریگەریی لەسەر هەڵوێستی پارتەکان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کردووە: «ئومێدەوارم ئەم پەیوەندییانە لە قۆناغی داهاتوودا دیسان بەهێزتر ببنەوە».

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.