٤ هەزار و ٩٧١ گۆرانیی ڕەسەنی کوردی، دزراون و کراون بە تورکی + ڤیدیۆ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەیسی ڤارلی، مۆسیقاناسی کورد کە بە پشکنینی ۲۸ هەزار گۆرانی بۆی دەرکەوتووە ٤ هەزار و ٩٧١ بەرهەم لە کوردییەوە بۆ سەر زمانی تورکی گۆڕدراون و بە ناوی تورکەکانەوە بڵاو کراونەتەوە، لە گوتارێکدا داوای لە هونەرمەندانی کورد کرد کە پارێزگاری لە میرات و دەوڵەمەندیی کلتووریی خۆیان (گوڵەکانی باخچەی خۆیان) بکەن.
مۆسیقا کە یەکێکە لە گرنگترین بوارەکانی کلتووری بۆ گواستنەوەی یادەوەریی کۆمەڵایەتی و ناسنامەی کلتووریی کورد لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، بەتایبەت لە ساڵانی دواییدا لەگەڵ ڕەخنەی وەکو «نەبوونی بەرهەم»، «بنبەست» یان «دووبارەکردنەوەی خۆی» ڕووبەڕوو بووەوە.
سەرەڕای ئەوەی ئەم دۆخە بە بابەتەکانی وەکو مافی بڵاوکردنەوە، دابەشکردن و ڕیکلام، پاڵپشتیی دارایی، سەختییەکانی سەردەمی دیجیتال، قەدەغەکاری و کێشە ئابوورییەکان ڕوون دەکرێتەوە، ئەم ڕاستییەش هەیە کە هونەرمەندان بۆ داهێنانی بەرهەمی نوێ و هەمیشەیی ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە. ئەمڕۆ زۆرێک لە هونەرمەندان لە هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان یان مۆسیقای ڕیتمیکی هەڵپەڕکێدا سنووردار بوون.
ژمارەیەکی زۆریشیان لە جێبەجێکردنی بەرهەمی کەسانی تر بە شێوازێکی جیاواز لە وەشانی ئەسڵی ــ کاڤەر ــ تێپەڕ ناکەن.
وەیسی ڤارلی، مۆسیقاناسی کورد لە گفتوگۆیەکی درێژدا لەبارەی بنبەستی مەوجوود لە مۆسیقای کوردیدا، دوا. بە باوەڕی ڤارلی، تەنانەت ئەم بابەتەش جێگەی مشتومڕە کە چەندە لە بەرهەمە بەرهەمهاتووەکان بە زمانی کوردی دەکرێت بە مۆسیقای کوردی هەژمار بکرێن.
ئەو گوتی: «جێبەجێکردنی بەرهەمێک بە زمانی کوردی لەگەڵ خاوەندارێتیی ئەو بەرهەمە لە تایبەتمەندییە مۆسیقاییەکانی ڕێبازی مۆسیقای کوردی، یەک شت نین. کوردیبوونی زمانی بەرهەمێک، بەو مانایە نییە کە ئەو بەرهەمە بە مەرجێک تایبەتمەندییە ملۆدی، مۆداڵ، ڕیتمیک یان جێبەجێکردنەکانی مۆسیقای ڕەسەنی کوردی لە خۆ بگرێت.»
ڤارلی ئەم پرسیارەی خستە ڕوو: «چەندە لەو بەرهەمانەی کە ئەمڕۆ بە ناوی مۆسیقای کوردییەوە بەرهەم دەهێنرێن، درێژەپێدەری یادەوەریی مۆسیقایی کوردن و چەندەیان تەنها شێوازێکی نوێی مۆسیقان کە نیشانەی ناسنامەی کوردی هەڵدەگرن؟»
ئەو هەروەها ڕەخنەی جۆراوجۆری ئاراستەی دەزگا مەوجوودەکان کرد. ڤارلی بە جەختکردنەسەر ئەوەی کە بەرپرسیارێتیی دەزگا کلتووری و هونەرییە کوردییەکان تەنها بەرهەمهێنانی بەرهەمی کوردی یان بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکان نییە، گوتی: «بەرپرسیارێتیی بنەڕەتی، لێکۆڵینەوە لەبارەی مۆسیقای کوردی، بەدۆکیۆمێنتکردن، فێرکردن و ئەرشیڤکردنی، گواستنەوەی ئەم میراتە بۆ نەوەکانی داهاتوو و ڕەخساندنی زەمینەی گەشەسەندنی بەرهەمهێنانی مۆسیقای هاوچەرخ لەسەر بنەمای ئەم پاشەکەوتەیە.»
پشکنینی ۲۸ هەزار گۆرانی
ڤارلی خەڵکی ناوچەی سوری ئامەدە. ئاشنابوونی ئەو لەگەڵ مۆسیقا لە نەیژەنینی باوکیەوە دەستی پێکرد و لە ساڵی ۱۹۷۵دا چالاکیی خۆی لە بواری مۆسیقای کوردیدا دەست پێکرد. بەوتەی خۆی، بە بیستنی گۆرانییەک لە عەوڵێ خازو «تێگەیشت کە کوردە.»
ئەو لە ساڵی ۱۹۷۷دا لەگەڵ دلگش و برا لە گرووپی «دەنگی شۆڕش»دا چالاکی کرد و تا ئێستا هۆنراوەی زیاتر لە ۱۰۰ گۆرانیی نووسیوە.
ڤارلی دوای ساڵی ۱۹۸۸ گۆرانیوتنی واز لێ هێنا و بە پرسیاری «مۆسیقای کوردی چییە؟» لێکۆڵینەوە لەبارەی مۆسیقای کوردییەوە دەست پێکرد. ئەو لە پشکنینی گۆرانییەکانی رادیۆی ئێریڤانەوە تا ئامادەکردنی پەرتووکەکانی خوێندن بۆ منداڵان، بەرهەم و لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆری ئەنجام داوە.
ئەو لە گفتوگۆکەماندا زانیاریی گرنگیشی خستە ڕوو: «۲۸ هەزار گۆرانیم پشکنی و گەیشتمە ئەو ئەنجامەی کە ٤ هەزار و ۹۷۱ گۆرانیی کوردی، کراون بە تورکی.»
ڤارلی بەرهەمێکی تریشی لە ژێر ئامادەکردندابوو کە بەوتەی خۆی، کارکردنی لەسەری ڕاگرتووە؛ لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی بیرکاری و فیزیکی مۆسیقای کوردی لە سەردەمی سومەرییەکانەوە تا ئێستا. ئەو هۆکاری ڕاگرتنی ئەم لێکۆڵینەوەیەی بە هەم کەمیی کەرەستە و هەم بێگرنگیپێدانی دەزگا چالاکەکان بە کلتوور و مۆسیقای کوردی بە لێکۆڵینەوە زانکۆییەکان زانی.
لە ساڵانی دواییدا، ڕەخنە دەربارەی نەبوونی بەرهەم لە مۆسیقای کوردیدا هاتووەتە ئاراوە. ئایا بە باوەڕی تۆ ئەم ڕەخنەیانە ڕەوان و هۆکاری ئەم دۆخە چییە؟
من لەگەڵ ئەم ڕەخنەیەم. ڕۆڵ و ڕەسەنێتیی مۆسیقا لە جوگرافیای کوردستاندا خەریکە لەناو دەچێت. مۆسیقای کوردی لە سێ شێوازی جیاوازدا جێبەجێ دەکرێت: نغەمەی ڕیتمیک، نغەمە بە ڕیتمی ئازادتر و نغەمە بە کێش و ڕیتمی ئازاد کە لە مۆسیقای فۆلکلۆری تورکیدا پێیان دەوترێت «ئوزونهەوا».
۹۵ لەسەدی نغەمەکانی مۆسیقای کوردی کە کێش و ڕیتمی ئازادیان هەەیە، بە دەنگی ژنان جێبەجێ کراون و داهێنەرەکانیان ژنان بوون؛ بەڵام ژنان ئەم ڕۆڵەی خۆیان لەبیر کردووە.
کۆنفۆشیوس دەڵێت: «بۆ نابووتبوونی نەتەوەیەک، سەرەتا مۆسیقا و دواتر زمانەکەی نابووت بکەن.» بۆ مۆسیقا، ئەو گەنجانەی خۆیان ناناسن و بۆ زمانیش دایکەکان بەسن. ئەمڕۆ ئێمە هەردوو دۆخەکە ئەزموون دەکەین. نەبوونی بەرهەم لەم بابەتەوە سەرچاوە دەگرێت.
ئێمە ڕۆڵ و ڕەسەنێتیی خۆمان جێبەجێ ناکەین و بە شێوازێکی نمایشی و تەسلیمییەوە ڕەفتار دەکەین. کاتێک مرۆڤ لە ڕیشە و بنەمای خۆی دوور دەبێتەوە، دەبێتە شتێکی تر و ئیتر بەرهەم ناهێنێت.
جگە لە نەبوونی بەرهەم، بەشێکی گەورەی بەرهەمە نوێیەکانیش دووبارەخوێندنەوەی گۆرانییە کۆنەکانە. چ شتێک لە پشت ئەم دۆخەوەیە؟
ئەمڕۆ نوێبوونەوە شتێکی سروشتییە و ناتوانرێت ڕێگری لێ بکرێت. ئێوە ناچارن خۆتان نوێ بکەنەوە؛ بەڵام دەبێت لەسەر بنەمای ڕیشەکانی خۆتان نوێ ببنەوە. ئەگەر لەسەر ڕیشەکانی خۆتان نەوەستن و نەتەتوانن بە تکیەکردن بەو بنەمایانە وەڵامی پێداویستییەکانی سەردەم بدەنەوە، شتێکی تر بەرهەم دەهێنن. ئەو بەرهەمە ئیتر سەر بە ئێوە نابێت و ئێوە بەرەو نابووتبوون دەبات.
ئەمڕۆ هاوڕێیانمان، واتە هونەرمەندان، لەگەڵ سیستمی مۆسیقای غەربی کە لە سەدەی حەڤدەهەمەوە لەلایەن یۆهان سێباستیانەوە دروست بوو و لەگەڵ سیستمی تۆنال ماژور و مینۆردا مۆسیقا بەرهەم دەهێنن و ناوی دەنێن داهێنان؛ بەڵام ئەمە داهێنان نییە، لاساییکردنەوەیە. ئێوە بەم کارە خۆتان نابووت دەکەن.
سیستمی دەنگیی خۆتان کە تیایدا یەک ئۆکتاو لە ۱۷ فاصڵەی نایەکسان پێکهاتووە، نابووت دەکەن. میکرۆتۆنالیتیی خۆتان لەناو دەبەن. مقامەکانی مۆسیقای خۆتان نابووت دەکەن. بنەما، ڕیتم و ئوسوولی مۆسیقاکەتان تێک دەدەن و تەنها بۆ سێ ڕیتم سنوورداری دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە مۆسیقای من کێش و مۆدێلە ڕیتمیکییە تایبەت بە خۆی هەیە. بۆ نموونە، تەنانەت مۆدێلی ڕیتمیکی شەش هەشتەمی ئێمە بە دوو شێوازی دەژەنرێت؛ یەکێکیان بۆ دەربڕینی خەم و پەژارە و ئەوی تریان بۆ سەماکردنە. بەڵام لە مۆسیقای غەربیدا شتێکی وەها بوونی نییە.
ئەمە بە مانای نابووتکردنی خۆیە، نەک نوێبوونەوە. ئەمە لاساییکردنەوەیە و لە ڕوانگەی ئێمەوە لاساییکردنەوە، بەرهەم هەژمار ناکرێت.
ئەم دۆخە چی کاریگەرییەک لەسەر داهاتووی مۆسیقای کوردی دەبێت؟
ئەنجامی کۆنفرانسێک کە ساڵی ۱۹۰۷ لە ئینگلتەرا بەڕێوە چوو، لە ڕستەیەکدا کورتبووەوە: «هەرکەس بە هەر زمانێک دەتەوێت بخوێنێت، دەبێت وەک من بخوێنێت.» واتە یەک کلتوور، یەک تێڕوانین و یەک مۆسیقا.
ئەمڕۆ هەمان دۆخ لە کوردستاندا دەبینین. ئێمە گۆرانییەکانی خۆمان لە مقامی نەورۆز دەردەهێنین و مقامەکانی بەیات، حوسێنی، شەهناز، گولیزار، کوچک و گەردان لەناو دەبەین. هەموویان دەگۆڕین بۆ لاماژور، دومینۆر، ڕەماژور، ڕەمینۆر و شێوازێکی وەها. ئەم دۆخە ئێمە بەرەو نابووتبوون دەبات.
ئێمە ئەمڕۆ هەمان ئەو کارە دەکەین کە ساڵی ۱۹۰۷ لە ئینگلتەرا داوامان لێ کرا: «هەرکەس بە هەر زمانێک دەتەوێت بخوێنێت، ناچارە وەک من بخوێنێت.» ئێمەش وەک ئەوان دەخوێنین.
دەڵێن هونەرمەندانی کوردیش لە هەمان ڕێچکەدا هەنگاو دەنێن؟
بەڵێ.
ئایا ئەمە مەترسییەکی گەورە نییە؟
سەرسەد مەترسییەکی گەورەیە. ئێوە ئەمڕۆ ناتوانن بە ڕەش بڵێن سپی؛ چونکە ئەم دووانە، ڕەنگی جیاوازن. مۆسیقاش هەرواستە. مۆسیقا زمانێکە؛ زمانێکی جیهانی. کاتێک کلامێک بوونی نەبێت، دەتوانن بە هەر زمانێک بێت گوێی لێ بگرن، غەمگین یان شاد ببن.
بەڵام کاتێک کلام دەچێتە ناو مۆسیقا و ڕۆحی تێ دەكات، ئەو ڕۆحە دەبێت ڕۆحی خودی ئێوە بێت. دەبێت لە ڕۆحی خۆتان کەڵک وەربگرین.
ناتوانن مقامی نغەمەیەک کە لە مقامی ڕاستدا دروست کراوە لەناو ببەن و بڵێن ئەو لە نەهاوەنددا دەخوێنم. ناتوانن بڵێن ئەو لە دومارژور یان سڵمارژوردا جێبەجێ دەکەم. ئەمە ئیتر سەر بە من نییە. ئەم کارە ڕەنگ، کلام و سیستمی دەنگیی من نابووت دەکات.
ئەمە داهێنان نییە؛ بەڵکو ڕووەو نابووتبوون هەنگاونانە.
کەمیی چالاکیی زانکۆیی وەک کۆنەرسڤاتوارەکان و سنوورداربوونی فێربوونی مۆسیقا، چه کاریگەرییەکی لەسەر کوالێتیی ئاوازدانان هەبووە؟
با سەیری نەتەوەکانی تریش بکەین. ساڵی ۱۹۱۶ لە تورکیا «دارالالحان» یان کۆنەرسڤاتوار دامەزرا. چۆن کرد؟ مامۆستای بیانییان هێنا و بە یارمەتیی ئەوان بۆ خۆیان زەمینەیەکيان دروست کرد. کە ئایا ئەم بنەمایە ڕاست بوو یان هەڵە، باسوخواسێکی ترە. ئەوان دەیانویست کارێک بکەن؛ کاتێک بینویانە ئەم پێکهاتەیە بەس نییە، لە زانکۆکاندا بەشەکانی مۆسیقایان دامەزران و ئەکادیمیای مۆسیقایان دروست کرد.
ناوەندەکانی ئێمەش ناوی ئەکادیمیا یان کۆنەرسڤاتواریان هەیە؛ بەڵام بەرنامەی خوێندنی دیاریکراومان نییە کە بتوانین لەسەر بنەمای ئەو فێر بکەین. سیستمی پەروەردەییمان نییە و هەر مامۆستایەک هەرچی دەزانێت، ئەوە دەڵێتەوە. دۆخی جەرگۆخوون ــ ناوەندی کلتوورییەک کە شارەوانیی دەستنیشانکراوی دەوڵەت وەرگرت ــ و ئارام ــ کۆنەرسڤاتوارێک کە شارەوانیی دەستنیشانکراوی دەوڵەت لە کارکردنی خستە وێرانە ــ هەروەها وابوو.
کەسێک دەڵێت لە مقامی سەگادا یەک کۆما بوونی هەیە؛ کۆما لە مۆسیقادا بە بچووکترین فاصڵە دەوترێت. لە کاتێکدا بڕەی ڕاستی ئەو دوو کۆمایە. کاتێک ئەم بابەتەی پێ دەڵێن، وەڵام دەداتەوە: «نەخێر.» بۆچی؟ چون لە قوتابخانەکانی تورکیادا بەو شێوەیە فێر بووە. ئەم زانیارییە سەر بە خۆی نییە.
ئەمڕۆ لە قوتابخانەکان یان شارەوانییەکانماندا خولی گیتار و پیانۆ بەڕێوە دەچێت. سیستمی گیتار و پیانۆ بۆ مۆسیقای کوردی وەک ئەوەیە کە زمانی کوردی بە پیتەکانی تورکی بنووسن؛ لەو حاڵەتەدا «ئەحمەدی خانی» دەبێتە «ئەحمەدە هانە». سیستمی پیانۆ و گیتاریش بۆ مۆسیقای کوردی هەمان دۆخ دروست دەکات؛ بەڵام هاوڕێیانمان ئەم بابەتە نابینن.
خەڵکی قەرەژداغ پەندێکیان هەیە کە دەڵێت: «ئەگەر لە دەشتی بێگاناندا، ڕێنوێنی چاوچەوتەکان نابینا بێت، ڕێگا دەست ناکەوێت.» ئەوانەی پێشڕەوی ئەم کارە بوون، خۆیان نابینایەکەن کە چاوچەوتەکان ڕێنیشان دەدەن. نابینن و تەنها دەڵێن: «من کردم و بوو.» ئەمەش ڕاست نییە.
ئایا ناتوانرێت سازە غەربییەکان لە مۆسیقای کوردیدا بەکار بهێنرێن؟
ئایا دەتوانن زمانی کوردی بە پیتەکانی تورکی بنووسن؟
نەخێر.
بابەتەکە زۆر سادەیە. ناتوانن کوردی بە پیتەکانی تورکی بنووسن، چون ئەو پیتانە لە پیتی تورکیدا بوونیان نییە. ئەگەر ئەو سازانە دەنگی پێویستیان هەبێت، دەکرێت لەوان کەڵک وەربگیرێت. بۆ نموونە ئۆرگ دەژەنرێت؛ نوازەدە بۆ دۆزینەوەی مقامی نەورۆز لە سازەکەدا گۆڕانکاری دەکات و دەگاتە ئەو دەنگە. بەڵام دەنگەکان لە گیتار و پیانۆدا جێگیرن و ناتوانن ئەوانە بگۆڕن.
بۆ نموونە کلارینێت نزیکەی ۵۰ تا ۱۰۰ ساڵە لە کوردستاندا دەژەنرێت. کلارینێت سازی غەربییە؛ بەڵام لەسەری تاقیکردنەوەیان ئەنجام دا و ئێستا دەتوانن هەموو «هەوا»کانی مۆسیقای کوردی پێی جێبەجێ بکەن؛ «هەوا» لێرەدا بە مانای مقامە.
لە خارپرت لە جیاتی زوڕنا، کلارینێت دەژەنن، چون دەتوانێت ئەو دەنگە بەرهەم بهێنێت. بەڵام بە گیتار ناتوانن بگەنە ئەو سیستمی دەنگییە. کاتێک لەو کەڵک وەردەگرن، دەبنە وەک ئەو مۆسیقایە. بابەتەکە هەر ئەمەیە.
ئەمڕۆ پلاتفۆرمە دیجیتالەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر زەق بوونەتەوە. پێکهاتەی بنەمادار بە بەکاربردنی خێرای ئەم ڕەسانە، وەک شێوازەکانی تری مۆسیقا، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر مۆسیقای کوردیش هەبووە. ئایا دەکرێت لەگەڵ ئەم خێراییەدا بڕۆین و بەرامبەر بەو چی کارێک دەکرێت بكرێت؟
ئەمڕۆ کلتووری نابووتکاری بوونی هەیە و بازاڕێک بۆ خستنەڕوو و فرۆشتن دروست بووە. بۆ بەهێزکردنی ئەم بازاڕە پێویستتان بە پۆپۆلیزم هەیە. خاوەنەکانی ئەم بازاڕە، پۆپۆلیزم بۆ هونەرمەندان فراوان دەکەن؛ هونەرمەند زیاتر بچێتە سەر تەخت، ناوی زیاتر بخرێتە ڕوو و هەموو ڕۆژێک بەرهەمی نوێ بڵاو بکاتەوە کە سبەینێی ئەو ڕۆژە لەبیر بكرێت.
لەم فەزا پۆپۆلیستی و بازاڕەدا، هونەرمەندیش خۆی تا ئاستی کاڵایەک بۆ فرۆشتن دادەبەزێنێت. داگیرکەران ئەم بوارە و ئەوانەی دەیانوێت قازانجی لێ دەستکەوێت، هەموو ئەم سازوکارانە فراوان دەکەن. ڕەسە دیجیتالەکانیش ڕۆڵی گەورە لەم بوارەدا جێبەجێ دەکەن.
بۆ نموونە، ۲۰ ساڵ پێشتر دەگووت «لێ ئامەدێ، ئامەدێ» بەڵام ئێستا دەگووت «لێ ئامەدێ، ئامەداسپۆر». ئایا بارودۆخ گۆڕاوە یان مێشکمان گۆڕاوە؟ بە باوەڕی من مێشکمان گۆڕاوە و ڕوانگەمان ژێر کاریگەریی داگیرکار کەوتووە. ئەوان دەیانەوێت و ئێمەش خزمەتیان دەکەین.
نموونەی تری دەهێنم؛ دەزگاکانمان ڕۆڵ و ڕەسەنێتیی خۆیان جێبەجێ ناکەن. کەسێک خەڵکی ئەرزڕۆم ــ کە نامەوێت ناوی بهێنم ــ لە ڕێوڕەسمی ئاهەنگ و کۆنسێرتەکانی خۆیدا و لە چوارچێوەی ۲۲ ئەلبومدا، ۳۸۰ نغەمەی جێبەجێ کردووە. لەو میانەیەدا تەنها ۱۰ گۆرانیی بە کوردی خوێندووە.
کاتێک گوێ لەو بەرهەمانە دەگرن، ڕەنگی دەنگی ئایدین، دەلیل دیلانار، شەمەدین و بە گشتیی هونەرمەندانی ناوچەی سەرحەد لەواندا دەبیستن؛ دەنگێکی چیاوییە. بەڵام ئەو ۳۷۰ گۆرانیی کوردی بە زمانی تورکی خوێندووە.
واتە ئەوانی کردووە بە تورکی؟
ئەوانی وەرگێڕا بۆ تورکی. من هەموو ئەم بابەتانەم دەستنیشان کرد؛ کە وەشانی کوردیی ئەم گۆرانییانەی کێ خوێندووە و لە کێوە دەتوانین ئەوانە ببیسین.
هیچ لە کارمەندەکان یان هونەرمەندانی بزووتنەوەی کلتووریی کورد ئەم گۆرانییانەیان جێبەجێ نەکردووە. هەموو ئەوانەی ئەم گۆرانییانەیان بە زمانی کوردی خوێندووە، لە دەرەوەی دەزگا کلتوورییەکانمان و دوور لە بزووتنەوەی کلتووریی ئێمە بوون.
بەڵام لەناو ئەوانەی لەم بزووتنەوەیەدا گەشەیان کرد و بەهۆی ئەەوەوە گەیشتنە ناسراویی، هیچکەس ئەم گۆرانییە کوردییانەی نەخوێندووە. ئایا ئەو کەسە تاوانبارە یان ئێمە؟ دەبێت لەسەر ئەم بابەتە بیر بکەینەوە. لە ڕوانگەی منەوە، ئێمە تاوانبارین؛ چون ڕۆڵ و ڕەسەنێتیی خۆمان جێبەجێ ناکەین.
ئەگەر بە ئەرکی خۆمان هەڵسابایە، ئەم گۆرانییانەمان بە زمانی کوردی دەخوێند.
ئێمە دەچین وەک غەربییەکان دەخوێنین و بۆ ناساندنی خۆمان لە ڕەسە دیجیتالەکاندا لاسایی دەکەینەوە؛ بەڵام ڕەسەنێتیی مۆسیقای خۆمان جێبەجێ ناکەین. لە ئەنجامدا ئەوانەی تر ئەوانە هەڵدەگرن و دەکەن بە تورکی.
کوردەکان پەندێکیان هەیە: «مەڕی بێشوان، نصیبی گورگەکان دەبێت.»
بابەتی تورکیکردنی بەرهەمە کوردییەکان گرنگییەکی گەورەی هەیە. ئێوەش گوتتان کە لێکۆڵینەوەیەکتان لەم بوارەدا ئەنجام داوە. دەربارەی ئەم دۆخە کە زەرەرێکی گەورەی لە یادەوەریی مۆسیقای کوردی داوە، گەیشتنە چ ئەنجامێک؟
۲۸ هەزار گۆرانیم پشکنی و بۆم دەرکەوت کە ٤ هەزار و ۹۷۱ گۆرانیی کوردی، کراون بە تورکی.
ژمارەیەکی گەورەیە...
ژمارەیەکی گەورەیە. بەڵام تەنانەت ئەگەر هەزار ساڵیش بژیم، ناتوانم نۆتی هەموو ئەم گۆرانییانە بنووسم، دەقەکەیان پیادە بکەم و بکەم بە سەرچاوەیەکی نووسراو.
لەگەڵ بەڕێوەبەرانی دەزگا کلتوورییەکانماندا و هەرکەسێک قسەم کرد، گوێیەکانیان داخست. هیچکەس نەبیست و ڕێزی نەگر؛ چون ئەمە کارێکی زانکۆییە، نەک چالاکییەک لەسەر تەخت.
دەتەوێت وردەکاریی ئەم لێکۆڵینەوەیە باس بکەیت؟ ئەم ژمارەیە گۆرانییە بە چ سازوکارێک کراون بە تورکی؟
لەبارەی کوردستانی تورکیاوە قسە دەکەم. ضیا گوکئالپ لە ساڵی ۱۹۱۳ گوتی: «دارالالحان دامەزراون؛ گۆرانیی زۆر لە وڵاتدا هەن کە نەبیستراون، با بچین و ئەوانە کۆبکەینەوە.»
کۆنەرسڤاتوار دامەزرا و کەسانی وەکو بێلا بارتۆک و دۆنیزتییان لە ئەوروپا هێنان. دەها کەس وەکو موظفەر ساریسوزەن، خلیل بدی یؤنتکێن و نەدا توفکچی تا ساڵی ۱۹۷۰ لە جوگرافیای کوردستاندا گەڕan.
ئەوان لە یەک جاردا ۲۶۰ گۆرانییان لە عەنتاب کۆکردەوە و لە قۆناغێکدا نزیکەی ۶۰۰ گۆرانییان لە ئامەد برد. کێ ئەم کارەی کرد؟ دیسان خودی کوردەکان.
عایشە شان ۲۶ گۆرانیی کوردیی وەرگێڕا بۆ تورکی. جەلال گۆزەلسەسیش لە کۆشکێکدا کە نزیکەی ۱۰۰ مەتر لە لێرەوە دوورە، شەش مانگ لەگەڵ محەممەد عارف جزیری و حەسەن جزیریدا ژیا و گۆرانییەکانی ئەوانی وەرگێڕا بۆ تورکی. عارف جزیری و حەسەن جزیریش لەگەڵیدا سێ گۆرانیی تورکیکراویان بە زمانی تورکی و بە یادگاری خوێندەوە.
سەدان کەس وەکو جەلال گۆزەلسەس لە کوردستاندا گەڕان، گۆرانییەکانیان لە زمانی کوردەکان وەرگرت و کردویانن بە تورکی. پاشان ئەم بەرهەمانە لە ئەرشیڤی وەزارەتی کلتوور و ئەرشیڤی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی تورکیا، TRT، تۆمار کران.
ئەمڕۆ مێژووی هەموو ئەم بەرهەمانە دیارە؛ کە لە چ کاتێکدا جێبەجێ کراون، نۆتەکانیان لە چ کاتێکدا نووسراون و لە چ کاتێکدا کۆکراونەتەوە.
ئایا ئەم بەرهەمانە وەک گۆرانیی تورکی تۆمار کراون؟
محەممەد حەمیداناوغلو خەڵکی سیورکە. ئەو و عایشە شان گۆرانیی «آیدل دیلو دیلو لو»یان بە زمانی تورکی خوێندووە و ئەم بەرهەمە بە ناوی ئەوانەوە تۆمار کراوە.
هەروەها گۆرانییەکانی وەکو «آیدل دێل»، «ماردینقاپی شەن اولور» و «بەن دە گیدەم پایتاختا»ش بوونیان هەیە. سەدان گۆرانیی لەم شێوازە لە کوردەکان وەگیراون و کراون بە تورکی.
ئەوان بەم بابەتانەشەوە نەوەستان؛ ۸۶ گۆرانییان لە کوردستانی عێراق بە ناونیشانی «گۆرانییەکانی کەرکووک» هێنا و ئەوانیشیان کرد بە تورکی. گۆرانییەکانی حەسەن زیرەکیش وەرگێڕدران بۆ تورکی.
ئەوان کارەی خۆیان کرد و ڕۆڵ و ڕەسەنێتیی خۆیان جێبەجێ کرد؛ بەڵام ئێمە کاری خۆمان ناکەین.
بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو خاڵانەی خستتە ڕوو، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە چی دەبوایە بکرێ؟
پێش گەیشتن بە قۆناغی جێبەجێکردن لەسەر تەخت، دەبێت بۆ ڕیشەکانی خۆمان بگەڕێینەوە. دەبێت ڕیشەمان چاک بکەین و بیکەین بە سەرچاوەیەکی. دەبێت لەبارەی ڕیشەکانی خۆمانەوە لێکۆڵینەوە بکەین و هاوتا لەگەڵیاندا وەڵامی پێداویستییەکانی سەردەم بدەینەوە؛ نەک ئەوەی سەردەم لاسایی بکەینەوە.
ئێوە گوڵێکتان هەیە کە ڕەنگە بۆنی نەبێت و ڕەنگەکەشی جوان نەبێت. بەڵام باخەوانێکی باش بەو گوڵە چ دەکات؟ ئەو پەیوەندیی پێوە دەکات، خاکەکەی تازە دەکاتەوە و ئاوی پاکی دەداتێ. پاشان ڕەنگی گوڵەکە دەکرێتەوە و بۆن پەیدا دەکات. لەو کاتەدا هەموو کەسێک خۆشی دەوێت.
ئێمەش دەبێت باخەوان بین و ئەو گوڵە بەهێز بکەین. دەبێت بۆ ڕیشەکانی خۆمان بگەڕێینەوە. دەزگاکانمان دەبێت ئیتر تەخت بەجێ بهێڵن؛ هەزاران کەس لەسەر تەخت ئامادەن. ئەوەی دەرمانمانە، زانینە. دەبێت خردمەند بێین و خردی خۆمان لەسەر بنەمای ڕیشەکانمان بە ئەوانی تر بسەپێنین.
بۆ هێنانەدیی ئەم ئامانجە، دەزگا پەروەردەیی و کلتوورییەکانمان دەبێت لە نزمترین قۆناغەوە تا بەرزترین ئاست، بەرنامەی خوێندنی هاوبەش و تێڕوانینێکی یەکپارچەیان بۆ پەروەردە هەبێت. ئەوانەی ئەم بەرنامەی خوێندنە جێبەجێ دەکەن، دەبێت ڕاهێنەری پسپۆڕ، توانا و بەرپرسیار لە بوارەکەی خۆیاندا بێن.
جگەلەئەم حاڵەتەدا، چ ناوی ئەو دەزگایە قوتابخانەی سەرەتایی بێت، چ ئامادەیی، کۆنەرسڤاتوار یان ئەکادیمیا، فێربوون لە سنوری زانین و شیکاریی کەسی تێپەڕ ناکات و لە جیاتی دروستکردنی تێڕوانینێکی ڕەسەن لە کلتوور و هونەردا، کارێکی تر جگە لە لاساییکردنەوەی ئەوانی تر ئەنجام نادات.
هونەرمەندانی کورد دەبێت لە باخچەی خۆیان چاودێری بکەن تا بتوانن مۆسیقای کوردی بە جیهان بناسێنن و بڵێن: «ئێمە ئەمانەین.»
ئەوانەی باخەوانیی کلتووری کوردییان لە ئەستۆیە، ئەگەر دەیانەوێت ئەو گوڵە ببوێن و بۆنەکەی بە ئەوانی تریش بگەیەنن، دەبێت چاودێری بکەن و باخەوانێکی باش بێن.
ئەوان دەبێت گوڵی خۆیان بە خرد گەورە بکەن و پیوندی بدەن تا گەشە دەکات و بە جوانیی خۆی دەبێتە گوڵێکی خوشبۆ.
ئێمە دەبێت کاری خۆمان نەک بە لاساییکردنەوە، بەڵکو بە خردمەندانە و لەسەر بنەمای ڕیشەکانی خۆمان ئەنجام بدەین. دەبێت لە کلتووری خۆمان چاودێری بکەین.
سەرچاوە: ئاژانسی میزۆپۆتامیا
بۆچوونی بەکارهێنەران