مه‌لا به‌ختیار: ده‌چینه ناو ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌وه که زۆرترین داواکاریی کورد جێبه‌جێ بکات
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مه‌لا به‌ختیار كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نیشتمانی كه له‌گه‌ڵ شاندێكی پارتی دیموكرات به سه‌رۆكایه‌تیی فازڵ میرانی له شاری به‌غدان ده‌ڵێت: هه‌ر دوو حیزب پرۆژه‌یێكی هاوبه‌شیان هه‌یه بۆ به‌شداری له حكومه‌تی داهاتووی عێراق كه تێدا مه‌رج و داواكارییه‌كانی هه‌رێمی خراوه‌ته ڕوو و پارتی و یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه ڕێكده‌كه‌ون كه ده‌توانن پڕۆژه هاوبه‌شه‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتی جێبه‌جێ بكه‌ن.
لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و سه‌رۆكی شاندی باڵای یه‌كێتی بۆ به‌غدا گوتیشی: "ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 2ی ئهیلوول كۆبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق ده‌ست پێده‌كه‌ن که له‌سه‌ر پێکهێنانی حکوومه‌ت ده‌بێت و سبه‌ی یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستانه و ھیوادارین له یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌یدا په‌رله‌مان به‌شێک له ئامانجه‌كان بپێكێ و چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین له ڕۆژانی ئاینده‌دا له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافوق و به‌پێی ده‌ستوور بگه‌ینه ئه‌نجامێكی دڵخۆشكه‌ر."
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: "پڕۆژه‌ی پارتی و یه‌كێتی دۆزی میلله‌تێكه، ھه‌موو لایه‌نه‌كان ئاگاداری پڕۆژه‌كه‌ی ئێمه‌ن و له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه ڕێكده‌كه‌وین كه به‌شی زۆری داواكانمان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، ئه‌وه لای ئێمه گرنگه "ئه‌زموونه‌كانی ڕابردوو له حوكمڕانی و خۆدزینه‌وه له ده‌ستوور و جێبه‌جێ نه‌كردنی مادده‌ی 140 و كێشه‌ی نه‌وت و غاز و پڕچه‌ک نه‌كردنی پێشمه‌رگه له حكوومه‌ته‌كانی عێراقه."
مه‌لا به‌ختیار ئه‌وه‌شی خسته ڕوو: "ھیوادارین ئه‌مجاره حكوومه‌ت به شێوه‌یێک پێكبھێندرێت كه ھیچ لایه‌نێک نه‌توانێ خۆی له جێبه‌جێ كردنی ڕێككه‌وتنه‌كان و بڕگه‌كانی ده‌ستوور بدزێته‌وه."
قسه‌كانی كارگێڕه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی دوای كۆبوونه‌وه‌یان هات له‌گه‌ڵ فوئاد مه‌عسووم سه‌رۆک كۆماری عێراق كه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه باسی پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراقیان كردوووه.
سه‌رچاوه: شارپرێس
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
بۆچوونی بەکارهێنەران