خبر 2018-08-28 04:25 کاتی خوێندنەوە: 3 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

دوو بەرەی سیاسیی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەگەرچی دوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان هاوپەیمانییان ڕایانگەیاندووە و توویانە کە ڤیتۆیان لە سەر هیچ لایەنێک نییە و دەرگایان کراوەیە بۆ ئەوەی دیکەی لایەنە کوردستانییەکانیش بچنە هاوپەیمانێتییەکەیان بەڵام لایەنەکانی ئوپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان هاوپەیمانیی جیایان پێک هێناوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان.

کوردپرێس:

پاش هەڵبژاردنەکانی خولی چوارەمی پەڕلەمانی عێراق و پشتڕاستکرانەوەی ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵی عێراقەوە جموجووڵی لایەنە کوردستانی و عێراقییەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی و کوتلە گەورەکەی پەڕلەمان پێی نایە وەرزێکی نوێوە و لەم نێوانەشدا کورد ژمارەیێکی بەرچاو کورسیی پێیە هەر بۆیەش دەوی تایبەت دەبینێت لە پێکهێنانی کوتلە گەورەکە.

یەکێتی و پارتی وەکوو دوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان زیاترین کورسیی هەرێمیان مسۆگەر کردووە و ڕێککەوتوون لە سەر ئەوەی بە یەک هاوپەیمانی بچنە بەغدا و بەشداریی پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بکەن و چەندین دیدار و کۆبوونەوەشیان کردووە بۆ ڕێککەوتن لە سەر نەخشەڕێگای ئەو شاندە و مەرجەکانیان بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەکە.

ئەگەرچی دوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان هاوپەیمانییان ڕایانگەیاندووە و توویانە کە ڤیتۆیان لە سەر هیچ لایەنێک نییە و دەرگایان کراوەیە بۆ ئەوەی دیکەی لایەنە کوردستانییەکانیش بچنە هاوپەیمانێتییەکەیان بەڵام لایەنەکانی ئوپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان هاوپەیمانیی جیایان پێک هێناوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و وتوویانە بە هیچ شێوەیێک ئامادە نین دانووستان یان ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی و پارتی بکەن.

ئێستاکە چوار لایەنی ناڕازیی گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ و هاوپەیمانییەکەی دوکتور بەرهەم وەکوو ئوپۆزسیۆنی کوردستان دەناسرێن و ڕێچکە و هاوپەیمانیی جیاوازیان گرتۆتە بەر و خۆیان لە یەکێتی و پارتی جیا کردۆتەوە و میداکانی سەر بەو حیزبانەش لە هەواڵەکانیاندا باسی ڕێککەوتنی ئەو چوار لایەنەیان کردووە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی و بەشداری کردن لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.

ئەو چوار لایەنە ئیدعای ئەوە دەکەن کە هاوپەیمانێتییەکەیان بەرەیێکی سیاسیی نوێیە کە وەکوو نوێنەری خەڵکی هەرێمی کوردستان بە ستراتێژییەتی جیاواز و بە بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی شەخسی و حیزبی بەشداریی گفتوگۆی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دەکەن بۆ ئەوەی زیاترین ئیمتیاز بۆ کورد مسۆگەر بکەن.

شۆڕش حاجی ئەندامێکی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان لەو بارەیەوە بە میدیای حیزبەکەی خۆیی وتووە بڕیاری کۆتایی لەبارەی پێکهێنانی هاوپەیمانیی نێوان لایەنە ناڕازییەکانی هەرێمی لە سەرکردایەتیی حیزبەکەوە دەرکراوە.

لەلایێکی دیکەشەوە محەمەد ئەحمەد ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان وتوویەتی لایەنە کوردستانییەکان پێشتریش ئەزموونی ئەوەیان بووە کە بە دوو بەرەوە بچنە بەغدا و ئەوەش ئەزموونێکی سەرکەوتوو بوو و هەر دوو بەرەکە دەتوانن خاوەن یەک هەڵوێست بن بۆ دەستەبەر کردنی بەرژەوەندیی گشتی و نیشتمانیی هەرێمی کوردستان.

محەمەد ڕەئووف ئەندامێکی دامەزرێنەری هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەرییش لەو بارەیەو وتوویەتی ئامانجی لایەنە ناڕازییەکان لە پێکهێنانی هاوپەیمانی ئەوە بووە کە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی هەرێم دابین بکرێت.

لایەنە ناڕازییەکانی هەرێمی کوردستان دەستبەجێ پاش هەڵبژاردنەکەی خولی چوارەمی عێراق کەوتنە جموجووڵ بۆ ئەوەی بەرەیێکی هاوبەش لە بەرانبەر دوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان دروست بکەن و ئێستاش ڕەتی دەکەنەوە کە گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی و پارتی بکەن و ئێستاش بەرەی هاوبەشی ئەو لایەنە ناڕازییانە پێک هێنراوە و چیتر هیوا نەماوە بە پێکهێنانی یەک هاوپەیمانیی گەورەی نێوان تێکڕای لایەنە کوردییەکان. بۆیە قەبارە کوردییەکانی هەرێم بوونەتە دوو بەرەی جیاواز و دەبێت چاوەڕوان ئەوە بکەین ئایا ئەو بەرە جیاوازە دەتوانن دەستکەوتی باشتر لە خولەکانی پێشووی پەڕلەمان بۆ کورد دەست بخەن؟

لە لایێکی دیکەشەوە جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە بیر نەکەین کە ئێستا خاوەن 4 کورسییە و بە ڕوانگەی ڕەخنە و تانە لە سیستەمی حکومڕانیی هەرێم سەری هەڵدا و بە توندی ڕەخنە لە لایەنی ئوپۆزسیۆنی هەرێمیش دەگرێت و لە کێشە و قەرانەکانی هەرێمدا بە خاوەن پشکیان دەزانێت و ئامادە نییە لەگەڵ هیچ لایەنێکی کوردستانی ڕێک بکەوێت و وەکوو بەرەی سێهەمی کورد دەچێتە بەغدا و ئەوەش پەرتەوازەییی کورد زیاتر دەکات و جەختیشی کردۆتەوە کە ئەگەرچی وەکوو لایەنی سەربەخۆ دەچێتە بەغدا بەڵام هەرگیز ناچێتە ئەو هاوپەیمانێتییەوە کە پارتی و یەکێتیی تێدا بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.