دانیشتنی دیمەشق هەوڵدانێکە بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێستەکان
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ ساڵح موسلیم لە کۆنگرەیێکی ڕۆژنامەنووسیدا لە شاری قامیشلوی کانتۆنی جزیرەی کوردستانی سووریا، باسی دانیشتنەکانی ٢٦ی تەمموز لە دیمەشقی کرد، کە لەنێوان شاندی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات و حکوومەتی سووریا ئەنجام درابوو.
موسلیم وتی: دانیشتنی دیمەشق لە نێوان مەسەدە و حکوومەتی سووریا بەمەبستی گفتوگۆ ئەنجامدرا نەک دانووستان، لە نێوان گفتوگۆ و دانووستان جیاوازی هەیە، دیدارەکە بەمەبەستی تێگەیشتن و ڕوونکردنەوەی هەڵوێستەکانی دوو لایەنەکە بووە، نەک بە مەبەستی ڕێککەوتن لەسەر شتێک.
ناوبراو وتیشی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات و باکووری سوریا ئامادەن بۆ دانووستان بۆ پاراستنی بەرژوەندییەکانی گەلانی باکووری سوریا، گرنگ نییە ئەو دانیشتنانە لە دیمەشق بێت یان لە قامیشلو.
ئاماژەی بە مەرجەکان بۆ دەست پێکردنی دانووستانەکانیش دا و ڕایگەیاند: گەلەکەمان بۆ لەناوبردنی تیرۆر لە ناوچەکەدا فیداکاریی گەورەی ئەنجام داوە، هەروەها خۆبەڕێوەبەریی دامەزراندووە و ئێستا خۆی بەڕێوەدەبات، ئێمە بۆ دانووستان مەرجمان هەیە و لە مەرجەکانیشمان ناکشێینەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران