نێچیرڤان بارزانی: پڕۆسه‌ی سیاسی دوای هه‌ڵبژاردن جێی بایه‌خی هه‌موو لایێک ده‌بێت
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشه‌ممه 23-7-2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له جه‌نه‌ڕاڵ سیر جۆنز لۆریمه‌ر گه‌وره ڕاوێژكاری سه‌ربازیی به‌ریتانیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جۆن وێلكس باڵیۆزى به‌ریتانیا له عێراق و مارتن وار كونسووڵی گشتیی به‌ریتانیا له هه‌رێمى كوردستان كرد.
له کۆبوونه‌وه‌که‌دا تیشک خرایه سه‌ر بارودۆخی ئێستا و پێشهاته‌كانی عێراق و جه‌خت له‌وه كرایه‌وه كه پرۆسه‌ی سیاسیی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان جێی بایه‌خی هه‌موو لایێک بێت و هه‌موووان هاوكاری یه‌كدی بن تاوه‌كوو به زووترین كات حكوومه‌تێكی نیشتمانی پێكبهێنرێت و بتوانرێت كێشه و گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.
شاندی میوان ئاماده‌ییی خۆیان بۆ هاوكاری كردنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له بواری چاكسازیدا ده‌ربڕی و دووپاتیان كرده‌وه كه ئه‌وان به بایه‌خه‌وه سه‌یری په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.
هاوکات نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکوه‌زیران سوپاسی حكوومه‌تی به‌ریتانیای كرد بۆ ئه‌و هاوكاری و هاریكارییانه‌ی پێشكه‌ش به هه‌رێمی كوردستانیان كردوووه به‌تایبه‌تی له بواری ریفۆرم و رێكخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا و هه‌روه‌ها پوخته‌یێكی ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر- به‌غدا و چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی نێوانیان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق به شێوه‌یێک كه هه‌رێمی كوردستان ڕۆڵی به‌رچاوی تێدا هه‌بێت خسته‌ڕوو.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا که فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی ناوچه‌كه و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به ڕه‌وشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه خرانه به‌ر باس و گفتوگۆ.
سه‌رچاوه: ڕووداو
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
بۆچوونی بەکارهێنەران