گرینگترین خاڵی 7 بڕیارەکەی عەبادی: 3.5 تڕیلیۆن دینار بۆ بەسرە تەرخان کرا
کوردپرێس:
حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق 7 بڕیاری سەبارەت بە ناڕەزاییەکانی باشووری عێراق دەرکرد و لە گرینگترین خاڵی بڕیارەکاندا عەبادى بڕیاری دا ٣.٥ تریلیۆن دینار بۆ بەسرە تەرخان بکرێت کە تەقریبەن یەکشانە بە 3 ملیار دۆلار و پارەکە بۆ باشکردنى کەرتى ئاو و تۆڕى کارەبا و کەرتى تەندروستى خەرج دەکرێت.
بەپێی بڕیارەکانی عەبادی، وەبەرهێنان لەو پارێزگایانە فراوان و خێرا دەکرێن، بەتایبەت لە بوارى نیشتەجێبوون و پەروەردە و خزمەتگوزارییەکاندا.
هاوکات بەپێى سیستمێکى دادپەروەرانە و دوور لە مەحسوبیەت و مەنسوبیەت هەلى دامەزراندن بۆ بێکارەکان دەڕەخسێنرێت.
هەروەها ئاوى زیاتر بۆ پارێزگاکانى بەسرە و زی قار و موسەننا و دیوانیە بەردەدرێتەوە.
یەکێک لە بڕیارەکان بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى فرۆکەخانەى نەجەف.
ئەوەش لەکاتێکدایە خۆپیشاندان لە ناوچەکانی مینای ئوم قەسر و نزیک کیڵگەی مەجنون لە بەسرە بەردەوامە و هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە لە ئامادەباشی تەواودان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەرجۆرە ڕووداوێکی نەخوازراو.
شایەنی باسە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی و تەزووی کارەباوە ماوەی چەند ڕۆژێکە خۆپیشاندان لە شارەکانی باشووری عێراق سەری هەڵداوە و شەوی ڕابردووش لە بەغدای پایتەخت خۆپیشاندان دەستی پێکردبوو.
سەرچاوە: تۆڕی هەواڵی خەڵک- تەلەڤزیۆنی ئێن ئاڕ تی
بۆچوونی بەکارهێنەران