خبر 2026-10-10 08:23 کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەوڵ بۆ کونترۆڵی گرژی و ئاڵۆزی لە حەسەکە دەدەن

لە ئەنجامی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی لە شاری حەسەکە لە کوردستانی سووریا ڕوویاندا، ژمارەیەک هاووڵاتیی کورد بریندار بوون. ئەمەش دوای ئەوە هات کە بەشێک لە خۆپیشاندەرانی عەرەب هەوڵیاندان بەرەو ناوچە و گەڕەکە کوردییەکانی شارەکە پێشڕەوی بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرەتای ڕووداوەکان بە گردبوونەوە و خۆپیشاندانی ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی پێکهاتەی عەرەب لە سەنتەری شاری حەسەکە دەستی پێکرد. لە میانی ناڕەزایەتییەکاندا، دۆخەکە ئاڵۆزیی تێکەوتووە و بەشێک لە بەشداربووان ڕژاونەتە ناو کۆڵانەکانەوە و پەلاماری بەشێک لە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتیان داوە.

سەرچاوەی دروستبوونی ئەم ناڕەزایەتییانە لە گەڕەکی غوێرانەوە بووە، کە یەکێکە لە گەڕەکە گەورەکانی حەسەکە و دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شارەکە و زۆرینەی دانیشتوانەکەی لە پێکهاتەی عەرەبن.

لە پێناو ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ڕێوشوێنی توندیان گرتووەتەبەر، بەتایبەتی بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە گەیشتنی خۆپیشاندەرەکان بە گەڕەکەکانی باکووری شارەکە. لە ئێستاشدا هێزە ئەمنییەکانی پارێزگاکە بە چڕی بڵاوەیان پێکراوە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی دۆخەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەوڵێکی تێکدەرانە.

لە لایەکی دیکەوە، سەبارەت بە هۆکاری خۆپیشاندانەکان کەناڵی فەرمی سووریا لە هەواڵێکی بەپەلەدا ڕایگەیاندووە کە ئەو هاووڵاتیانەی حەسەکە گردبوونەتەوە، داواکارییەکەیان بریتییە لە چەسپاندنی ئاسایش و سەپاندنی سەروەریی دەوڵەتی سووریا بەسەر شارەکەدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.