حزبە کوردییەکانی سووریا ئەو دەرفەتەی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی ڕەخساوە لەدەست نەدەن
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیێندراوەکەدا عومەر ئۆسێ سەرۆکی دەستپێشخەریی نیشتیمانیی کوردی سووریا ئاماژە بەوە دەکات، لێدوانەکانی بەشار ئەسەد لەبەردەم حکوومەتی نوێ لەبارەی گواستنەوە لە مەرکەزییەتەوە بۆ لامەرکەزی و پرەنسیپی هاوبەشی و هاوسەنگیی نێوان شار و گوند و ناوچە هەژار و دەوڵەمەندەکان هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی دروست.
ناوبراو دەشڵێت ئەگەر لێدوانەکەی بەشار ئەسەد هاوکات بوو لەگەڵ دانپێدانان بە مافە رەواکانی کورد لە سووریا و بە گەرەنتی دەستووری بەوەی لە دەستووری داهاتووی سووریا دان بە مافەکانی بنرێت وەکوو یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی گەلی سووریا و نەتەوەی دووەم لە وڵات دەتوانرێت بە گۆڕانێکی مێژوویی لە قەڵەم بدرێت.
ئۆسێ داوا لە لایەنە کوردییەکان دەکات ئەو دەرفەتە لە دەست نەدەن و دەڵێت: "ئەگەر ئێمەی کورد خوێندنەوەی باشمان بۆ دیمەنی سیاسیی نوێ هەبێت بێ دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی پێشوو لە قۆناخی قەیران، ئەمە پێویستی بەوەیە یەکدەنگییێکی کوردی سووری هەبێت و نێوماڵی کوردیی لە سووریا رێکبخەینەوە و بگەین بە ئەجێندایەکی سیاسیی راستیی هاوبەش لە رێگەی کۆنگرەیێکی نیشتیمانیی کوردییەوە لە سووریا".
سەرۆکی دەستپێشخەریی نیشتیمانی کوردی سووریا هۆشداری دەدات لە نەقۆستنەوەی ئەو دەرفەتە و دەڵێت: "ئەگەر ئەم هەنگاوانە نەکرا و بەخێرایی و ئەو دەرفەتەمان بۆ بەردەوامیدانی دیالۆگ لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق دا نەقۆستەوە، ئەوا ئێمەی کورد بەرەو دۆخێکی کارەساتباوی هەنگاودەنێین و ناوچە کوردییەکان لە پێکهاتەی کوردی بەتاڵدەبنەوە و شەپۆلەکانی کۆچ کردن و ئاوارەبوون بۆ دەرەوەی سووریا دەستپێدەکاتەوە".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا عومەر ئۆسێ دەڵێت: "ئێمە لەدەستپێشخەری نیشتیمانی کوردی سووریا داوا برایان لە گرووپ و پارتە کوردییەکان لەهەردوو ئەنجوومەنەکە و دەرەوەی ئەو دوو ئەنجوومەنە و کوردی لایەنگری دەوڵەت و کەسایەتییە نیشتیمانی و رۆشنبیرانی کورد دەکەین بایەخ بەو بابەتە بدەن و لەسەر پرۆگرامێکی سیاسیی یەکگرتوو یەکدەنگبن و بەشێوەیەکی رژدی بیخەینە بەردەستی حکوومەتی سووریا بەو پێیەی پرسی کورد پرسێکی نیشتمانیی سوورییە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران