خبر 2026-10-07 09:35 کاتی خوێندنەوە: 4 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

داعش؛ داو و تەڵە یان مەترسی؟/ محەمەد هادیفەر

لە پۆلێنکاریی ڕەوتە تکفیرییەکاندا دەوترێت: هەر جۆرێک لەم ڕەوتانە بە جۆرێک بازدانی بیروباوەڕی لە دەروونی جۆرەکەی پێشووترەوە دێتە دەرەوە، هەروەها هەر جۆرێک لە جەریانە تکفیرییەکان خاڵێکی سەرکەوتن و دابەزینی هەیە. بەم ڕوانگە دیاردەناسانەیە، دەکرێت چۆنیەتیی چارەنووسی جەریانە تکفیرییەکانی نیوەسەدەی ڕابردوو لە جیهانی ئیسلامیدا بخرێتە بەر هەڵسەنگاندن.

وەک چۆن جەریانی تکفیریی ئەلقاعیدە لەو وهابییانەی لە ئەفغانستان دەرکرابوون سەری هەڵدا و بە تەقاندنەوەی بینای بازرگانیی ئەمریکا گەیشتە لووتکە و بە نەهێشتنی بن لادن چووە ناو مێژووەوە. جەریانی تاڵیبان بە پشتبەستن بە بیرۆکەکانی دیوبەندی لە ئەفغانستان سەری هەڵدا و گەیشتە دەسەڵاتێکی ڕێژەیی لەو وڵاتەدا و ئێستاش ڕووبەڕووی کێشەکانی بەڕێوەبردن بووەتەوە. لە کۆتاییدا داعش کە لە ناو جەرگەی ئەلقاعیدەوە هاتە دەرەوە، دەیەیەک لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیادا مەیدانداریی کرد و بە داگیرکردنی بەشێک لە باکووری عێراق و ڕۆژهەڵاتی سوریا گەیشتە لووتکە، و بە ئیرادەی ناوچەیی لە ئێستادا گۆشەگیر بووە.

ئەم جەریانانە کە لە دیارترین جۆرەکانی تکفیرین لە ناوچەکەدا، بە بازدانێکی ئایدۆلۆژی لە ناو جۆری پێشووتری خۆیان سەریان هەڵداوە. بەم پێیە، داعش ئەركی خۆی (کە بریتی بوو لە هێنانی پێی هێزە دەرەکییەکان بۆ سەر زەوییە ئیسلامییەکان، کۆکردنەوەی هێزە توندڕەوەکان لە سەرتاسەری جیهان و کۆکردنەوەیان لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، و هەروەها نیشاندانی وێنەیەکی توندوتیژ لە ئیسلام) بە ئەنجام گەیاند. ئێستاش ئەو کەسانەی کە سنوورداریان کردبوون، لە هەوڵی ئەوەدان پاشماوەکانیان لە شوێنەکانی حەوانەوەیان لەژێر کۆنترۆڵدا دەربێنن و ڕۆڵیان پێ بدەن لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا.

بەشێک لە جەریانە سیاسییەکانی عێراق، کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق بە یەکسان دەزانن لەگەڵ گەڕانەوەی دووبارەی داعش بۆ سەر شانۆی عێراق و سوریا. یەکەم؛ داعشی سیاسی (کە بە دانپێدانانی دەزگا ئاسایشییەکانی ڕۆژئاوایییەکان ئامرازێک بوو بۆ تێکدانی وێنەی ئیسلام و زیانی گەورەی بە جیهانی ئیسلام گەیاند) تەنیا ئامرازێک زیاتر نەبوو. بۆ نموونە؛ کەوتنی موسڵ کە سێ ملیۆن دانیشتووی هەبوو بە دەستی هێزێکی ۵۰۰ کەسی لە ساڵی ۲۰۱۴دا دیاردەیەکی ئاسایی نەبوو. لە هەمان کاتدا وتەبێژی داعش لە موسڵ بە فەرمی ڕایگەیاند ئامانجی یەکەممان بەغدایە؛ لە کاتێکدا لە مەنهەجی هزریی داعشی بیروباوەڕییدا، ناوچەکانی کوردستان بە بەشێک لە خاکی کفر ئەژمار دەکران، بەڵام داعش لە چوونە ناو ناوچەکانی کوردستان چاوی پۆشی و دوای بێهیوابوون لە پێشڕەوی بەرەو بەغدا، ڕووی کردە ناوچەکانی وەک شنگال و بەشێک لە پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە. ئەگەرچی بەشێک لە حزبەکانیش دۆسیەیەکی باشیان لە بەرگری لە شنگال و دەوروبەری هەولێر نەبوو، بەڵام نانی بێنوایانیان کردە چەتری شانازیی خۆیان.

ئێستا کە باسی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکرێت و باسی گەڕانەوەی داعش بەهێز دەبێت، بێبنەمایی و ئامرازبوونی دیاردەی داعش زیاتر دەردەکەوێت. ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان کە کۆتایی داعشیان لە ناوچەکەدا ڕاگەیاند و پاشماوەکانیانیشیان لە زیندانەکانی سووریا و هەندێک ناوچەی عێراقدا حەشار دا، بەڵام ئێستا چرپەی ئامادەبوونی دووبارەیان مێشکی ڕای گشتیی سەرقاڵ کردووە و بەم پاساوە ڕۆشتنی ئەمریکا بە زیانێکی گەورە بۆ ناوچەکە دەزانن تا ئەمریکا هان بدەن دووبارە بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە.

دیاردەی هاتن و چوونی ئەمریکا، یادەوەریی چیرۆکێکی ڕاستەقینەی یەکێک لە دێهاتەکانی ناوچەکە زیندوو دەکاتەوە. بەم شێوەیەی کە پیاوێکی دنیادیدە لەگەڵ چەند ڕوڵەیەکی دڵپاک و سادەدا سەرقاڵی کاری چارواداری (گواستنەوەی گشتی بە ئەسپ و کەر) بوون. هەر جارێک هەستی بکردایە منداڵەکانی پارەیەکی زۆریان لە بەردەستدایە، بانگی دەکردن و ڕایدەگەیاند بەهۆی کەمبوونی دارایییەوە ناچارم یەکێک لە ئاژەڵەکان بفرۆشم، منداڵە سادەکانیشی دەیانگوت پارەی ئاژەڵەکە دەدەین و ڕێگەیان نەدەدا ئاژەڵە باربەرەکە بفڕۆشێت. ڕەنگە لە درێژایی ساڵدا چەندین جار ئەم ڕووداوە دووبارە ببۆوە بەبێ ئەوەی منداڵەکان بەپێی سادەیی خۆیان هیچ ناڕەزایەتییەکیان هەبێت، چونکە بۆ ئەوان هەبوونی ژمارەی ئاژەڵی باربەر گرنگ بوو تا لە بەرامبەر ڕکابەرەکانیاندا خۆیانی پێوە بپۆشن. ئێستاش چیرۆکی ئەمریکا و بەشێک لە جەریان و دەوڵەتەکانی ناوچەکە، لێکچوونی هەیە لەگەڵ باوکێکی فێڵباز و منداڵە سادەکانیدا کە بە ناز و ڕاکێشان هەوڵ دەدات نرخی پاراستنی وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت هەرێمی کوردستان بەرز بکاتەوە.

بە دانپێدانانی هەموو دەزگا چاودێرییەکان، دوو حزبە سەرەکییەکەی کوردستان نێزیکەی نیو ملیۆن هێزی سەربازی، ئاسایش و ناوخۆیان لە بەردەستدایە و خاوەنی ڕاگەیاندنی بەهێز و دەزگای ئاسایشی ڕاهێنراوی بەتوانان. ئەگەر بەم هەموو هێزەوە نەکرێت لە بەرامبەر هێرشی چەند کەسێکی کەمدا کە هیچ چەک و چۆڵ و توانایەکی ئەوتۆیان پێ نییە بەرگری بكرێت و دەربڕینی بێهیوایی بكرێت، و بەپێی چیرۆکەکەی سەرەوە ڕێگری لە فڕۆشتنی ئاژەڵێکی تری باربەر لەلایەن ئەمریکاوە بكرێت تا چەند ڕۆژێکی تر دەسەڵاتی خۆیان درێژە پێ بدەن؛ ئایا داعشی هەڵوەشاوە بە چەند جەستەیەکی لاواز و بێتواناوە دەتوانێت لە بەرامبەر هێزێکی گەورەی وەهادا بوەستێتەوە، یان ئەمە تەنیا پاساوێکە بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ناوچەکە!؟

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.