دەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی کوردستان لە سنە کرایەوە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەم پێشانگایە کە تا ۲۲ی خەرمانانی ۱۴۰۵ بەردەوام دەبێت، ئەمساڵ بە ڕوانگەیەکی جیاواز و بە ئامانجی بوون بە زەمینەیەک بۆ گفتوگۆ زانستی، پەروەردەیی و کلتوورییەکان بەڕێوە دەچێت و لە پاڵ خستنەڕووی کتێبدا، کۆمەڵێک کۆڕی پسپۆڕانە، وۆرکشۆپی پەروەردەیی و بەرنامەی کلتووری و هونەری لەخۆ دەگرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئەم پێشانگایەدا بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی کتێب لە گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵگاکاندا گوتی: «گەشە و گەشەسەندنی شارستانیەتەکان ڕەگی لە گەشەکردنی بیر، ئەندێشە و کلتووری کۆمەڵگایەکدا هەیە و بێ بڵاوکردنەوە و قووڵکردنەوەی کلتووری کتێبخوێندنەوە، دەستگەیشتن بە گەشەی شارستانیەت ناێتە دی.»
عەلیئەسغەر دەریایی بە ئاماژەدان بەوەی کە کتێب یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی گواستنەوەی کلتوورە بۆ نەوە جیاوازەکان، زیادی کرد: «کتێب هەمیشە سەرچاوەی پێشکەوتنی بەرچاو بووە لە کۆمەڵگا مرۆییەکاندا و سەرباری سەرهەڵدانی ئامرازە نوێیەکانی پەیوەندی، هێشتا وەک یەکێک لە متمانەپێکراوترین سەرچاوەکانی زانست و زانیاری دێتە ئەژمار.»
ناوبراو بە ئاماژەدان بە کاڵبوونەوەی پێگەی کتێب لە خەرجیی بنەماڵەکاندا و زیادبوونی بەکارهێنانی جیهانی مەجازی، جەختی لەسەر پێویستیی بڵاوکردنەوەی کلتووری بەکارهێنانی دروستی جیهانی مەجازی و بەهێزکردنی پێگەی خوێندنەوە لە کۆمەڵگادا کردەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی کوردستان بە ئاماژەدان بە بەشداریی ۳۰۰ بڵاوکاری ناوخۆیی و بڵاوکارانی هەرێمی کوردستان لە دەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی کوردستاندا ڕایگەیاند: «ئەم خولەی پێشانگا بە خستنەڕووی ۲۰ هەزار ناونیشانی کتێب و ۹۰ هەزار بەرگ بەرهەم، پێشوازی لە هۆگرانی کتێب و خوێندنەوە دەکات.»
دەریایی ئامادەبوونی بڵاوکارانی هەرێمی کوردستانی لە پاڵ بڵاوکارانی پارێزگا و کۆمەڵەکانی تری بڵاوکردنەوەی وڵاتدا بە یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم خولە ناو برد و درێژەی دا: «ئەم ئامادەبوونە، نیشاندەری گرنگیی پێشانگای کتێبی کوردستانە لە ئاستی ناوچەکەدا و ئاماژەیە بۆ توانای دروستکردنی پەیوەندی و کارلێک لە نێوان چالاکوانانی بواری بڵاوکردنەوە و کلتووردا.»
هەر ڕۆژێکی پێشانگاکە تەرخان کراوە بۆ شارستانێک
سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی دەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی کوردستان هەروەها هەواڵی بەڕێوەچوونی بەرنامەی کلتووری و هونەریی بە تەوەرەی شارستانییە جیاوازەکانی پارێزگا دا و ڕایگەیاند: «لە پێناو ناساندنی توانستە کلتوورییەکانی ناوچە جیاوازەکان، هەر ڕۆژێکی پێشانگاکە تەرخان کراوە بۆ یەکێک لە شارستانییەکانی پارێزگاکە.»
بەپێی خشتەی بەرنامەکانی پێشانگا، دووشەممە ۱۶ی خەرمانان ڕێوڕەسمی کردنەوە بەڕێوە دەچێت و لە بەردەوامیدا، کۆڕی ئەدەبی و ئێوارەشیعر و بەرنامەکانی ئەنجومەنی ئەدەبی لە پاڵ کۆڕە زانستی و کلتوورییەکاندا خستراونەتە بەرنامەی کارەوە.
سێشەممە ۱۷ی خەرمانان بەرنامە کلتووری و هونەرییەکانی شارستانی سەوڵاوا، چوارشەممە ۱۸ی خەرمانان بەرنامەکانی شارستانی کامێران و پێنجشەممە ۱۹ی خەرمانان بەرنامە کلتووری و هونەرییەکانی شارستانییەکانی سەقز و بانه بەڕێوە دەچن.
هەروەها لە ڕۆژی هەینی ۲۰ی خەرمانان بەرنامە کلتووری و هونەرییەکانی مەریوان، ڕۆژی شەممە ۲۱ی خەرمانان بەرنامەکانی دیواندەرە و بیجاڕ و لە ڕۆژی کۆتاییدا، یەکشەممە ۲۲ی خەرمانان، بەرنامە کلتووری و هونەرییەکانی شارستانییەکانی قوروە و دێولان جێبەجێ دەکرێن.
کۆڕە زانستییەکان و وۆرکشۆپە پەروەردەیییەکان لە پاڵ پێشاندانی کتێبدا
دەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی کوردستان ئەمساڵ تەنیا بە خستنەڕووی بەرهەمە نووسراوەکان سنووردار نەبووەتەوە و بەشێکی بەرچاو لە بەرنامەکانی تەرخان کراوە بۆ چالاکییە زانستی و پەروەردەیییەکان.
بەپێی بەرنامەی ڕاگەیەندراو، هەر ڕۆژێک لە کاتژمێر ۱۰ تا ۱۲ بەرنامە کلتووری و هونەرییەکانی شارستانییەکان جێبەجێ دەکرێن، لە کاتژمێر ۱۶:۳۰ تا ۱۸ وۆرکشۆپ و کۆڕە پەروەردەیییەکان بەڕێوە دەچن و لە مەودای ۱۸:۳۰ تا ۲۰یش کۆڕە زانستی و ئەدەبییەکان دیاری کراون.
لە نێو بەرنامە پێشبینیکراوەکاندا دەکرێت ئاماژە بە کۆڕی زانستی بە بابەتی «شاری سنە؛ شاری داهێنەری مۆسیقا»، کۆڕی «دیاردەی دایک/باوک-مامۆستا لە پەروەردەی مەجازیدا» و گرنگیی زمانی دایک لە فێربوون و پەروەردەکردنی منداڵاندا، کۆڕی ئەدەبی و شەوەشیعری ئەنجومەنی ئەدەبیی قەڵەمی هەورامان، کۆڕی زانستیی کۆمەڵناسیی خوێندنەوە و ئەزموونی ژیاو لە جیهانی هاوچەرخدا، کۆڕی زانستیی «کتێب، ئابووری، سینەما» و کۆڕی زانستیی تەندروستیپێوەر دەربارەی تەندروستیی سەرەڕای پزیشکی و پێناسەکردنی چەمکی کۆمەڵایەتیی تەندروستی بکرێت.
هەروەها وۆرکشۆپەکانی بڵاوکردنەوەی کلتووری کتێبخوێندنەوە، چیرۆکنووسی، وێنەکێشانی کتێب و ئێوارەشیعری خۆڕاگری لە بەرنامە لاوەکییەکانی تری ئەم ڕووداوە کلتوورییەن.
دەریایی لە درێژەدا هەواڵی پێشبینیکردنی بەرنامەگەلێکی لە بواری بڵاوکردنەوەی کلتووری خۆڕاگریدا دا و وەبیری هێنایەوە: «لە ڕەوتی پێشانگاکەدا پەردە لەسەر کتێبە نوێییەکانی ئەم بوارە لادەبرێت و هەر ڕۆژێکیش ڕێز لە یاد و ناوی شەهیدانی گرانقەدری ڕەمەزان دەگیرێت.»
ناوبراو هیوای خواست دەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی کوردستان بتوانێت هەنگاوێکی کاریگەر بێت لە چەسپاندنی کلتووری خوێندنەوە، بەهێزکردنی گفتوگۆ زانستی و کلتوورییەکان و گەڕاندنەوەی کتێب بۆ پێگە شایستەکەی خۆی لە خەرجیی بنەماڵەکاندا.
دەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی کوردستان لە ۱۶ تا ۲۲ی خەرمانان لە شوێنی هەمیشەییی پێشانگا نێودەوڵەتییەکانی سنە بەردەوامە و هۆگران دەتوانن لە پاڵ کڕین و بینینی بەرهەمی بڵاوکاراندا، لە بەرنامە زانستی، پەروەردەیی، ئەدەبی و کلتوورییەکانیشی سوودمەند ببن.
بۆچوونی بەکارهێنەران