پارێزگاری کوردستان دوو ڕۆژ ماتەمینی گشتیی ڕاگەیاند
دوای ڕووداوە سەختەکەی هاتووچۆی ئێوارەی شەممە، 5ی ئەیلوولی 2026، لەسەر ڕێگەی سەرەکیی هەمەدان- سنە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 11 کەس و برینداربوونی 7 کەسی دیکە، دوو ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە پارێزگای کوردستان ڕاگەیەندرا.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕووداوەکە لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر (تانکەری سووتەمەنی) و ئۆتۆمبێلێکی سواریدا ڕوویدا و دەستبەجێ تانکەرەکە کڵپەی کرد و گڕی گرت، بەهۆیەوە زیان بە چەندین ئۆتۆمبێلی دیکەش گەیشت.
ئارەش لهۆنی، پارێزگاری کوردستان لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادەبوو و لە نزیکەوە گوێی لە زیانبەرکەوتووان گرت. یەکێک لە زیانبەرکەوتووان بە پارێزگاری گوت: "ئێمە گشتمان کاریگەرین.. کاریگەر کە نە باوکی پووڵی هەس با پێی و نە خاڵۆی، نە مامۆی و نە قەوم و کەس.. 28 ساڵ عومرمە، ئەو ئۆتۆمبێلە بە تەواو بەدبەختی 28 ساڵەی منە."
لە وەڵامدا ئارەش لهۆنی بەو هاونیشتمانییە و زیانبەرکەوتووانی گوت: "من بەیانی چاوەڕێتانم،" تاوەکوو ڕاستەوخۆ لە نووسینگەی پارێزگا لەگەڵ زیانبەرکەوتووان کۆ ببێتەوە.








بۆچوونی بەکارهێنەران