پیشانگای وێنه‌ی ژنانی شنگال له دیاربه‌کری تورکیا کرایه‌وه
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به بۆنه‌ی پێنجه‌مین ساڵیادی کۆمه‌ڵکوژیی شنگال شاره‌وانیی گه‌وره‌شاری دیاربه‌کر پیشانگای وێنه‌ی زوڵم و سته‌می داعش له ژنانی کوردی ئێزیدیی شنگالی کرده‌وه.
له ڕێوڕه‌سمی کردنه‌وه‌ی پیشانگاکه که له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی به‌ره‌نگاری بۆ ژنانی دیلی ئێزدی ساز کراوه چالاکوانانی سیاسی و مه‌ده‌نیی کوردی تورکیا له‌وان فه‌له‌کناز ئۆچه نوێنه‌ری پارتی دیموکراتی گه‌لان (HDP) له په‌رله‌مانی تورکیا و لیسا چالان چالاکوانی مه‌ده‌نیی کوردی تورکیا -که له ته‌قینه‌وه‌ی میتینگی 2015ی زایینیی هه‌ده‌په له مه‌یدانی ستاسیۆنی دیاربه‌کر بریندار بووبوو- به‌شدارییان کرد.
گولجهان شیمشه‌ک ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی به‌ره‌نگاری بۆ ژنانی دیلی ئێزدی له ڕێوڕه‌سمی کردنه‌وه‌ی پیشانگاکه زیادی کرد: له هێرشی داعش بۆ سه‌ر شنگال 7 هه‌زار ژنی ئێزدی ڕفێندران که هێشتا 3 هه‌زار ژنی ئێزدی دیلی ده‌ستی داعشن. ئێمه ژنانی ئێزدی ڕفاندنی 7 هه‌زار ژنی کوردی ئێزدی، کڕین و فرۆشتنیان له بازاڕی کۆیله‌فرۆشان، ده‌ستدڕێژی و سووکایه‌تی‌پێکردنیان به توندی ئیدانه ده‌که‌ین. هێرشی داعش بۆ سه‌ر شه‌نگال قه‌تلوعام بوو. ده‌بێ ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگه ده‌ولییه‌کان ئه‌م کۆمه‌ڵکوژییه به فه‌رمی بناسن.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی دیوار
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
بۆچوونی بەکارهێنەران