قەیرانەکان لەنێو بزووتنەوەی نەوەی نوێ-دا درێژەیان هەیە
کوردپرێس: بەپێی یاداشتنامەیێک ئاماژە بەوە دراوە کە ئەوان ژمارەیێک خۆبەخشن لەنێو نەوەی نوێ، زیاتر لە ساڵێک و ٩ مانگە لە سۆشیال میدیا و ڕێکخستنەکانی ئەو حزبەدا کار دەکەن، بەڵام ڕۆژی شەممە ١٣ی تەمووزی ٢٠١٩ بڕیاری دەست لەکار کێشانەوەیان داوە.
هاوکات ئەوەیان ڕوون کردووەتەوە کە دوای بڵاوکردنەوەی نووسراوەکەیان، بە جاسووس، خۆفرۆش، خیانەتکار، ترسنۆک، بێ ئیرادە، سەبر کورت و بەرژەوەندیخواز تۆمەتبار دەکرێن، بەڵام بێدەنگ نەبوونمان لە جیاوازیکردنەکانی نێوخۆی جووڵانەوەکە و ھەڵوێستەکانمان ئێمەی گەیاندە ئەو باوەڕەی کە ئەم بڕیارە بدەین.
بە بڕوای ئەو کەسانە، نەوەی نوێ لە بنەما سەرەکییەکانی لای داوە و هیچ جیاوازییێکی لەگەڵ هیچ گرووپێکی دیکەی سیاسیی کوردستاندا نییە و بگرە بانگەشەی جیاوازبوونیشیان ناشرین کردووە. هەروەها ڕای جیاواز لەنێو نەوەی نوێدا قەبووڵ ناکرێت و دیکتاتۆریەت و بڕیاردانی تاک لایەنە لەلایەن شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی نەوەی نوێ هەیە.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی وازهێنانی ئەو کەسانە، بریتییە لە ھەڵخەڵەتاندنی خەڵکی بە ناوی خۆبەخشیەوە، کە ئەوانەی بەڕاستی ماندوون و لە ناو خەڵکی قسەیان پێدەگوترێت، خۆبەخشی ڕاستەقینەن، بەڵام ئەوانەی لە ئۆفیسی سەرەکیی جووڵانەوەکە کاردەکەن، کراون بە خاوەنی مووچەی مانگانە و لەسەر شاشەکان و سۆشیال میدیا کار بۆ بەناوبانگ بوون و دەرکەوتنیان دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی یاداشتەکەدا هاتووە: دروست کرنی جاسووس و جنێودەر و بێڕێزیکار لەنێوان خۆبەخشەکان، بەمەبەستی تاقیکردنەوەیان و گەیاندن زانیارییەکان کە لەنێوان ھاوڕێکاندا ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت، زۆر کات قوربانییەکە دەردەکرێت یاخود ناچار بە وازھێنان دەکرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران