18 پزیشکی پسپۆڕ کەمئەندامانی کیمیابارنەکەی سەردەشت بەسەر دەکەنەوە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس محەمەد ڕەزا سدیقی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند ڕۆژی 8ی پووشپەڕ ئەو ڕۆژەیە کە لە ساڵی 1366دا وەک ڕۆژی بەرپەرچدانەوەی چەکی کیمیایی ناوی نراوە و هەر بە بۆنەی ساڵهاتی ئەو ڕۆژەوە تیمێکی 18 کەسیی پزیشکانی پسپۆڕ لە بوارە جیاجیاکاندا ڕۆژی چوارشەمە 12ی پووشپەڕ دەگەنە شاری سەردەشت و لە ماوەی دوو ڕۆژدا بەرکەوتووان و کەمئەندامانی کیمیابارانەکەی ئەو شارە بەسەردەکەنەوە و پشکنینی پزیشکییان بۆ دەکەن.
ناوبراو گوتیشی: ماوەی چەند ساڵێکە کلینیکی کیماییی سەردەشت کراوەتەوە و بە هاوکاریی زانکۆی پزیشکی و زانکۆی شاهید ئەرکی چاودێری کردن و پشکنینی پزیشکی بۆ کەمئەندامان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لەو کلینیکەدا جێبەجێ دەکرێت.
سدیقی زیادی کرد هەموو ساڵێک لە یەک یان دوو فەترەی زەمەنیدا بونیادشەهید تیمی پزیشکانی پسپۆڕ دەنێرێت و کەمئەندامان و بەرکەوتووانی کیمیایی بەسەر دەکەنەوە. ئەو تیمەی هەفتەی داهاتوو سەردانی سەردەشت دەکەن ئەم دوکتورانەی تێدایە: دوکتۆری چاو، دوکتۆری سییەکان، دوکتۆری گۆێچکە، دوکتۆری پێست، دوکتۆری ناو سک، دۆکتۆر دەروونناسی، دوکتۆری فیزیۆلۆژی، دوکتۆری ئیمۆنۆلۆژی و دوکتۆری نەشتەرگەریی مێشک.
بۆچوونی بەکارهێنەران