وەزیری پێوەندییەکانی ئێران: تا ئێستا 33 ملوێن هێرشی ئەلیکترۆنیی ئەمریکییەکانمان پووچەڵ کردۆتەوە
بەشی ئێران/ کوردی- وەزیری پێوەندییەکان و گەیاندن و تەکنەلۆجیای زانستیی ئێران لە لێدوانێکدا پشتڕاستی کردەوە کە ئەمریکا هێرشی ئەلیکترۆنیی بۆ سەر ئێران کردبێت و ڕایگەیاند ئەوە یەکەم هێرشی ئەمریکییەکان نیە بەڵکوو تا ئێستا 33 ملوێن هێرشی بیانی لە ڕێگای ئەلیکترۆنییەوە پووچەڵ کراوەتەوە.
کوردپرێس:
محەمەد جەواد ئازەری جەهرومی وەزیری پەیوەندییەکان و گەیاندن و تەکنەلۆجیای زانیاریی ئێران لە لێدوانێکدا وتی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان سەرکەوتوو نەبوون.
ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەو ڕاپۆرتانە هات کە گوایە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا هێرشێکی ئەلیکترۆنیی کردۆتە سەر ئێران کە ماوەیێکی زۆرە پلانی بۆ داناوە و مەبەست لێی لەکارخستنی سیستمی هەڵدانی مووشەکەکان بووە لە وڵاتەکەدا.
محەمەد جەواد ئازەری وتی " ئەوان بە توندی هەوڵ دەدەن، بەڵام هیچ هێرشێکی سەرکەوتوویان ئەنجام نەداوە."
ناوبراو زیادیشی کرد: " دەزگاکانی ڕاگەیاندن سەبارەت بە دروستیی ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییانە دژی ئێران لێمان دەپرسن، ماوەیێکی زۆرە ڕووبەڕووی تیرۆری ئەلیکترۆنی بووینەتەوە، ساڵی ڕابردوو بەرپەرچی 33 ملیۆن هێرشمان داوەتەوە."
بۆچوونی بەکارهێنەران