هاوردەكردنی باڵندە و پەلەوەری لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە كرا
کوردپرێس:
جەمال ئاكرەیی بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری لە وەزارەتی كشتوكاڵ ڕایگەیاند، هاوردەکردنى مریشک و هێلکە و بەروبوومەکانى دیکە لەو وڵاتانەى ئەنفلۆنزاى باڵندەى تێدا تۆمار کراوە تا ئەوکاتەى ڕاپۆرتى کۆتایی لەسەر کۆنترۆڵکردنى نەخۆشییەکە لەو وڵاتانە دەردەچێت قەدەغە کراوە.
لەگەڵ ئەوەی بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ و تەندروستی باس لەوە دەکەن کە هیچ نیشانەیێکی نەخۆشیی ئەنفلۆنزای باڵندە لە هەرێمی کوردستاندا تۆمار نەکراوە، بەڵام ئامادەکاری کراوە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، بەشێک لە فرۆشیارانی پەلەوەریش بە گرنگی دەزانن زیاتر چاودێریی هاوردەکردنی گۆشتی پەلەوەر بکرێت.
ئەنفلۆنزای باڵندە، تاکە ڤایرۆسی باڵندەیە کە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، زۆرجاریش بەهۆی باڵندەی کێوییەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگوازرێتەوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا دووجار نەخۆشیی ئەنفلۆنزای باڵندە لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە، كە یەكەم جار لە ساڵی ٢٠٠٦دابوو لە گوندی سەكەپكان و لە ساڵی ٢٠١٦ لە كێلگەیەكی پەلەوەر لە دهۆك تۆماركرا، بۆ كۆنترۆڵكردنی نەخۆشیەكەش لەو کاتەدا، تەواوی پەلەوەرەكانی ئەو كێڵگەیە لە ناوبران.
*لە تەلەڤزیۆنی ئێن ئاڕ تی وەرگیراوە
کۆدی هەواڵنێر: 60101
بۆچوونی بەکارهێنەران