هۆکاری مانەوەی ئەمریکا لە سووریا چییە؟
محەمەد مەهدی مەلەکی کارناسی پرسە نێونەتەوەییەکان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا سیاسەتەکانی ئەمریکای لە سووریا شی کردەوە و وتی: چەند ڕۆژ پێش ئێستا ترەمپ ڕایگەیاند 400 کەس لە دوو هەزار هێزی وڵاتەکەی لە سووریا دەهێڵێتەوە، ئەوەش لە حاڵێکدایە چوارمانگ پێش سەرۆک کۆماری ئەمریکا باسی لە کشانەوەی بەتەواویی هێزەکانی لە سووریا کردبوو.
مەلەکی زیادی کرد: لەبارەی پڕۆژەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دەبێت ئاماژەی بەم خاڵە بکەین کە ڕای بەرپرسانی پێنتاگۆن و کۆشکی شپی جیاواز بوون، بەچەشنێک کە جەنراڵە ئەمریکییەکان ڕەخنەیان لە پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەلایەن ترەمپەوە گرت و داوایان لە ناوبراو کرد لەوبارەوە گوێڕایەڵی ڕاسپارەدەکانی ئەوان ببێت و مۆڵەت نەدات ئەمریکا پێگەی سەربازیی خۆی لە سووریا لەدەست بدات.
ناوبراو درێژەی دا لە لایێکی دیکەوە جێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دەتوانێت پەیمانشکێنیێکی دیکە لەلایەن ترەمپەوە بێتە ئەژمار.
ئەم ڕۆژنامەوانە ئاماژەی دا بە سیاسەتی دووڕووی ئەمریکا لەبارەی مانەوە لە سووریا و وتیشی: لەبارەی ئەوەی کە بۆچی ئەمریکا بەشێک لە هێزەکانی لە سووریا دەهێڵێتەوە دەتوانێت چەند ئامانجی بەدواوە ببێت لەوان ئەمریکا نایهەوێت بەکشانەوەی هەموو هێزەکانی لە سووریا ناوچەکە بۆ ڕکابەرەکانی خۆی واتا ڕووسیا، ئێران و حزبوڵڵا چۆڵ بکات.
مەلەکی ئاشکرای دەکات ئامانجێکی دیکەی ئەمریکا لە هێشتنەوەی بەشێک لە هێزەکانی دابین کردنی بەرژەوەندییەکانی ڕەژیمی زایۆنییە و هەروەها چاودێڕی کردنی سنوورەکانی نێوان سووریا و تورکیایە.
ناوبراو درێژەی دا ئەمریکا چەند ئامانجی دیکەی هەیە کە دەتوانین ئاماژە بدەین بە چۆڵ نەکردنی گۆڕەپانەکە بۆ تورکیا لە سووریا، درێژەی پشتگیری کردن لە کوردەکانی سووریا هەمبەر تورکیا و پاڵپشتی کردنی گرووپە تیرۆریستییەکان کە لە کاتی پێویستدا ئەمریکا بەکاریان دێنێت بۆ ئامانجەکانی خۆی.
ئەو کارناسەی پرسە نێونەتەوەییەکان لە کۆتاییدا وەبیری هێنایەوە: بەڕای من ئەبێت چاوڕوان بین و ببینین کە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ترەمپ هەمبەر وڵاتانی ناوچەکە لەوان سووریا تا چ ئاستێک کاریگەریی لەسەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەبێت و ئایا تائێستا کە بەرپرسانی کۆشکی سپی سەرکەوتنێکی ئەوتۆیان لە سیاسەتی دەرەوەدا بەدەست نەهێناوە دەتوانن لە کۆتاییدا دەسکەوتێکیان لە سووریا ببێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران