عەلاوی سەردانی مەسعوود بارزانی و کۆسرەت ڕەسووڵ دەکات
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە سەلاحەددین مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ئەیاد عەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانى نیشتیمانى عێراق كرد. لە دیدارێكدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە. هەروەها بیروڕا لەبارەی پێشڤەچوونەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و كوردستان و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاڵوگۆڕ كرا.
هەروەها لە شارى هەولێر كۆسرەت ڕەسووڵ پێشوازی لە ئەیاد عەلاوی كرد سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتیمانى عێراق.
‎لە دیدارەکەدا گفتوگۆكرا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دۆخی دوای جەنگی تیرۆر لە ناوچەكە، لەمڕوەوە هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە هەوڵەكان یەكبخرێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی یەكجارەكیان لە ناوچەكە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا هەردوولا كۆک بوون كە پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بچێتە قۆناغێكی تازەو هەرێم و بەغدا ناكۆكی و ململانێكانیان وەلا بنێن و لێكتێگەیشتنی هاوبەش و تازەیان هەبێ بۆ پرسەكان.
لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان، هەردوولا بەگرنگیان زانی پەیوەندییەكان ئاسایی بكرێتەوە و لایەنەكان كۆ ببنەوە و كۆتایی بە ململانێكان بهێنرێ.
کۆسرەت رەسووڵ وتی لەگەڵ ئەوەین شەراكەتی ڕاستەقینە ببێتە بنەمای حوكمڕانی لە كوردستان.
كۆسرەت ڕەسول ڕاشیگەیاند، وەک یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە لەگەڵ كۆدەنگی و یەک هەڵوێستی نێوان لایەنە سیاسییەكان بووە و ئێستاش هەڵگری ئەم بیرۆكەین و لەگەڵ ئەوەین شەراكەتی ڕاستەقینە ببێتە بنەمای حوكمڕانی لە كوردستان.
‎لای خۆیەوە ئەیاد عەلاوی هیوای خواست دۆخی هەرێمی كوردستان ئارام بێ و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان بە قۆناغێكی گونجاودا تێپەڕێ و وتی كوردستان كلیلی ئارامی عێراقە و عێراقیش كلیلی ئارامی ناوچەكەیە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران