پارتی و كۆمه‌ڵ جه‌خت له به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێ شه‌ممه 12ی شوباتی 2019 شاندی پارتی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی له پیرمام كۆ بوونه‌وه و دوای كۆبوونه‌وه‌كه وته‌بێژانی ئه‌و دوو حزبه ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان خسته‌ڕوو.
مه‌حموود محه‌مه‌د وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: "په‌یوه‌ندیی ئێمه و كۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌وراز و نشێوی به‌خۆوه بینیبێت، هه‌وڵمان داوه باش بێت و له‌مه‌ودواش هه‌وڵی جدی ده‌ده‌ین په‌یوه‌ندییه‌كانمان جیا بكه‌ینه‌وه له‌گه‌ڵ حزب و حكوومه‌ت و په‌ڕه‌یێكی نوێ هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه".
ناوبراو سه‌باره‌ت به ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووک ڕایگه‌یاند: "ھه‌موو لایه‌نه‌كان ھاوڕان له‌سه‌ر ئه‌و دوو كۆبوونه‌وه‌یه و ھیچ ئاماژه‌یێک نییه بۆ به‌شداری نه‌كردنی ھیچ لایه‌نێک یان پاشگه‌زبوونه‌وه و به پێویست زانراوه یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووک له ھه‌ولێر بێت."
گوته‌بێژی پارتی ده‌رباره‌ی ڕه‌شنووسی ڕێككه‌وتنی سیاسی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی گوتی: "له‌سه‌ر وه‌رقه سیاسییه‌كه كۆمه‌ڵێک گفتوگۆ كراوه و له گفتوگۆداین بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی چۆن له به‌رژه‌وه‌ندیی ھه‌ردوولا له‌سه‌ری ڕێكبكه‌وین، له‌و بڕوایه‌دام له قۆناخی كۆتاییدایه و ھه‌وڵه‌كانمان چڕ كردوووه‌ته‌وه."
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: "له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نێوانمان باشه و بۆ ڕێككه‌وتن گه‌یشتووینه‌ته قۆناخی كۆتایی."
ناوبراو ڕه‌تیشی كرده‌وه که كێشه له به‌رده‌م كۆبوونه‌وه‌ی 18ی ئه‌م مانگه‌ی په‌رله‌مان دروست بووبێت و وتی: "هه‌موو لایه‌نه‌كان كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له 18ی مانگ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بكرێت و ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه یه‌كێتیش به‌شدار ده‌بێت".
لای خۆیشیه‌وه ڕێبوار حه‌مه‌د گوته‌بێژی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ڕایگه‌یاند: "ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین په‌یوه‌ندیی پته‌ومان ھه‌بێت و په‌یوه‌ندی له نێوان لایه‌نه‌كان نه‌پچڕێت. له كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ پارتی باسی دۆخی ھه‌رێمی كوردستان و عێراقمان كرد."
ناوبراو ئاشكرای كرد: "له كۆبوونه‌وه‌ی 18ی مانگی په‌رله‌مانی كوردستان به‌شدار ده‌بین به‌ڵام خۆمان گفتوگۆ ده‌كه‌ین و هه‌ڵوێستمان به گوێره‌ی ده‌رهاویشته‌كان ده‌بێت".
سه‌باره‌ت به به‌شداری كردنیشیان له حكوومه‌ت وتی: هه‌ر دوو ئه‌گه‌ری به‌شداری له حكومه‌ت و بوون به ئۆپۆزسیۆن له به‌رده‌میان كراوه‌یه و بۆ كۆتابڕیاریش له‌سه‌ر ئه‌و پرسه چاوه‌ڕێی به‌رچاوڕوونی زیاترن.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
بۆچوونی بەکارهێنەران