پێشمەرگە و سوپای عێراق چەند لیژنەیێک لە ناوچە جێناکۆکەکان پێکدەهێنن
کوردپرێس:
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، لەبارەی کاری هەفتەی لیژنەکانی هەماهەنگیی پێـشمەرگە و سوپای عێراق، رایگەیاند: "ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە پێنج لیژنەی ناوچەییمان دامەزراندووە، لیژنەیێک بۆ ناوچەکانی پارێزگای سەلاحەدین، لیژنەیێک بۆ کەرکووک، لیژنەیێک بۆ مەخموور و لیژنەیێکیش بۆ رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی مووسڵ، حکوومەتی عێراقیش بە هەمان شێوە پێنج لیژنەی بۆ هەمان ناوچە هەیە".
سەبارەت بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو شوێنانەی پێش ساڵی 2014 لێی بووە، جەبار یاوەر، دەڵێت: "جارێ ئێمە چاوەڕێی ئەو لیژنانە دەکەین لەسەر نەخشە دیراسەتێکی ئەو ناوچانە دەکەن، واتە ئەو ناوچانەی پێویستە هێزی هاوبەشی لێبێت، ناوەندی هاوئاهەنگی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی لێبێت، دیارە ئەو ناوچانەش هەمووی ناوچەی کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، یان ئەو ناوچانەی کە پێی دەگوترێت ناوچەی ناکۆکی لەسەر، ئەو ناوچانەی کە پێشتر هێزی پێشمەرگە بە خوێن لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگاری کرد".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، دەشڵێت: "دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق دژ بە ماددە 9ـی دەستوور لە 16ی ئۆکتۆبەر سوپای بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی نێوخۆیی و هاووڵاتییانی خۆی و هێزەکانی پێشمەرگە بەکارهێنا، ئەمە بووە مایەی ئەوەی ئەو ناوچانە لە رووی ئەمنییەتەوە نەتوانرا بپارێزرێت، لە بەرامبەریشدا تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانە وردە وردە دەستیان بە خۆ رێکخستنەوە کردەوە، ئێستاش بنکە و بارەگایان هەیە و جموجۆڵێکی زۆریان لەو ناوچانە هەیە".
هەر لەو بارەیەوە عەمید یەحیا رەسول، گوتەبێژی فەرماندەییی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، سوورن لەسەر هاوئاهەنگی­کردن لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بۆ لەنێوبردنی یەکجارەکیی داعش.
یەحیا رەسول باسی کۆبوونەوەکەی هەولێری کرد و رایگەیاند "کۆبوونەوەکانمان بۆ دروستکردنی هاوئاهەنگییە لەگەڵ برایانمان لە وەزارەتی پێشمەرگە لە سەرجەم ئەو بوارانەی تایبەتن بە کاری هاوبەش".
گوتەبێژی فەرماندەییی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت "نابێت ئەوە لە بیر بکەین کە تاوەکوو ئێستا دوژمنێکی هاوبەشمان هەیە، بەوپێیەی هێشتا پاشماوەی چەتەکانی داعش لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە دوورەدەستەکان ماون".
رۆژی 4-2-2019 شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ دەست­پێکردنەوەی هاوئاهەنگی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە و رێککەتوون لەسەر دروست­کردنی پێنج لیژنەی ناوچەیی بۆ تاتوێ­کردنی دۆسیەی ئەمنیی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
بڕیار دراوە هەفتەی داهاتوو لیژنە هاوبەشە ناوچەییەکان دەست بە کۆبوونەوەکانیان بکەن و بڕیار لەسەر داهاتووی ئەمنیی ناوچەکانیان بدەن.
بۆچوونی بەکارهێنەران