خبر 2019-01-03 10:50 کاتی خوێندنەوە: 11 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی سەبارەت بە دوورنواڕی بەشە بودجەی هەرێم و هۆکارەکانی تەشەنەکردنی کێشەی ناوچەی جێناکۆک بۆ کوردپرێس دەدوێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوکتورە جوان ئیحسان سەرۆکی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆیێک لەگەڵ کوردپرێسدا دەڵێت: دەبێت ئالیەت و مکانیزمی کار کردن لە سەر ئەم مادەی 140 بگۆڕدرێت. پێویستە بە زێهنییەتێکی کراوە بێت. چ لە لایەنی کوردییەوە و چ لە پێکهاتەکانی دیکەش بە عەرەب و تورکمان و ئاشوورییەکانی­تر کە لەو ناوچانە دەژین. لە بەر ئەوە ئەو ئالیەتەش دەبێت بە سەرپەرشتیی حکوومەتی عێراقی بێت بەڵام بەبێ ئەوەی کە لایەنگری کورد یان عەرەب یان تورکمان یان هەر پێکهاتەیێکی دیکە بێت.

کوردپرێس:

دواکەوتن و زۆرخایاندنی پڕۆسەی تەواوکردنی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، ململانێی نێوان دوو حیزبی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق لە سەر پۆستە وەزارییەکان، پرسی ناوچەی جێناکۆک و دوورنواڕی پڕۆژەیاسا و مادەی دەستووریی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی ساڵانەی عێراق و کۆمەڵێک دەنگۆ و هەواڵ و زانیاری لەبارەی کشانەوەی هێزی ئەمریکی و جووڵەکردنیان لە سووریاوە بەرەو عێراق و هەڵوێستی دەوڵەت و پەرلەمانی ئەو وڵاتە لەو بارەیەوە تەوەری گفتوگۆیێکی تێروتەسەلی کوردپرێس لەگەڵ دوکتورە جوان ئیحسان سەرۆکی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بوو.

جوان ئیحسان لەو دیمانەیەی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسدا بە ئاشکرا دەڵێت ڕیفراندۆمەکەی ساڵی 2017 یەکێک بوو لە هۆکارەکانی تەشەنەکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان و بەرزبوونەوەی دیواری بێمتمانەیی لە نێوان لایەنە عێراقییەکان و بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیەش وەکوو پێشنیازی خۆی ئالیەتێک دەخاتە ڕوو و لە بارەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقیش ڕەخنە لە فواد حسێن وەزیری داراییی ئەو وڵاتە دەگرێت.

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ سەرۆکی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لێرە بخوێنەوە:

کوردپرێس: بۆچی دەنگدان لە سەر کابینەکەی عەبدولمەهدی ئەوەندەی خایاند و بۆچی تا ئێستا نەیتوانیوە کابینەکەی تەواو بکات؟

جوان ئیحسان: ئەو پێکهاتانەی کە عێراقیان دروست کردووە لە یەک ئایین و مەزهەب نین و ئەم جیاوازییە وەکوو ئەوەی کە شێوەیێکی جوانی بە عێراق داوە و هەموو پێکهاتەکان بەیەکەوە دەژین لە هەمان کاتیشدا لە کاتی دروستبوون و پێکهاتنی حکوومەتدا سەریەشەی زۆری بەدواوەیە. یەکێک لەو ئاستەنگانە ئەمەیە کە ئێستا هاتۆتە پێشەوە. لەبەر ئەوەی بەداخەوە شێوەی پێکهێنانی حکوومەت هەمیشە موحافزە وەردەگرێت. ئەبێ هەر کەسێک کە ئەبێت بە سەرۆکی حکوومەت یان ئەبێت بە یەکەم کەسی تەنفیزی لە عێراق هەموو پێکهاتەکان ڕازی بکات و بەشداری بە هەموویان بکات لە نێو حکوومەتەکەی عێراقدا. تا ئێستا ئەوەی کە مشتومڕی زۆری لە سەرە لە ناو شیعەکان و سوننەکانیش لە نێو خۆیاندا دابەش بوون. ئەمە وای کرد کە ئاستەنگ بخاتە بەردەم تەواوبوونی کابینەی عەبدولمەهدی. هەرچەند کە تەنها سێ وەزارەت ماون تەواو بێت و دەنگدان لە سەر کاندیدەکانیان بکرێت و حکوومەتەکە بەتەواوی پێکبێت.

کوردپرێس: یەکێک لەو وەزارەتانەی کە یەکێتی بە مافی خۆی دەزانێت وەزارەتی دادە. پێشتریش ئێوە نیگەرانیی خۆتان دەربڕیبوو لە سەر ئەوەی کە هەوڵێک لە ئارادایە بۆ ئەوەی کە ئێوە لە دەرەوەی حکوومەت بمێننەوە. ئەم هەوڵە چییە و بۆچی تا ئێستا یەکێتی نەیتوانیوە قەناعەت بە لایەنەکانی دیکە بهێنێت بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزاری؟

جوان ئیحسان: بەتەئکید دابووش بوونی نێوماڵی کورد لەم بابەتەدا ڕۆڵی هەیە بەڵام ئێمە وەکوو خۆمان نیگەرانین لەگەڵ ئەوەش کە پشتیوانی حکوومەتەکەی عەبدولمەهدی دەکەین بەڵام چ لە ناو حکوومەت بین و چ لە دەرەوەی حکوومەت بە مانای ئەوە نییە کە نیگەران نیین؛ چوونکە ئێمە وەکوو فراکسیۆنی یەکێتی 18 کورسیمان لە نێو پەرلەمانی عێراقدا هەیە و مافی خۆمانە. ئێمە فراکسیۆنێکی ئەکتیڤ و کاراین. لەوانەیە ئێمە 18 کورسی بین بەڵام وەکوو کارکردن و کاریگەری لە پەرلەمانی عێراقدا بایی زۆر لەوە زیاتریش لە سەر پەرلەمانی عێراق کاریگەریمان هەیە. لەبەر ئەو متمانە زۆریشە کە هێزە عێراقییەکانیش هەیانە و خۆشمان متمانەمان بە خۆمان هەیەبە زوڵمی دەزانین کە ئەم هەموو دەستکەوتە ئینتخابییەمان بەدەست هێناوە بەڵام هیچ کورسییێکمان نەبێت لە ناو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا. ئەمە سابقەیێکی خەتەرە لە 2003وە تا ئێستا نەبووە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەکوو هێزێکی کوردستان و هێزێکی عێراقی وجوودی نەبێت لە ناو موئەسەسەی تەنفیزی لە عێراقدا. لە بەر ئەوەیشە بە تەئکید نیگەرانین.

کوردپرێس: ئێوە وەکوو یەکێتی لەم ماوەیەدا لە سەر ئەم پرسە دیدار و کۆبوونەوەتان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە و بەتایبەت ئەوانەی کە حکوومەت پێکدەهێنن کردووە. هۆکارەکەی چییە؟ ئەوان دەلیلەکەی بە چی ڕادەگەیێنن؟

جوان ئیحسان: وەکوو ئاماژەم پێدا هۆکارەکەی دابەشبوونی پێکهاتەی کوردە لە ناو خۆیدا. بەداخەوە پێکهاتەی کورد لەم مەسەلەیەدا یەکگرتوو نەبوون و ئەوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە حیزبێکی کارا و ئەکتڤ دادەنێن بەڵام لەبەر ئەوەی کە حیزبی تر هەیە وەکوو ئەوە کە باس دەکرێت شوێن و پلەی سەرۆکایەتی و هەندێک شوێنی دیکەی بەرنەکەوتووە و خۆیان بە مەغدوور دەبین. لەبەر ئەوەی تەعەدوودی وەزارەتەکان کەم کراوەتەوە و هاتۆتە سەر 22 وەزارەت و ئەوەش وادەکات حەجمی کورسیی وەزاری بۆ کورد کەم دەبێتەوە. دیارە لەبەر ئەوەی کە ساڵانی ڕابردوو خەڵکی حیزبی و سەر بە حیزبە سیاسییەکان کاندید ئەبوون ئێستا زیاتر هەندێک جار کاندیدی بەناو سەربەخۆ هاتۆتە پێشەوە. ئینجا ئەمە وای کردووە کە تەئکید بکرێت وەزارەت بدرێت بە کەسایەتیی سەربەخۆ بەدەر لەوەی کە ئایا سەر بە حیزبێکی کوردییە یان کوردێکی سەربەخۆیە.

کوردپرێس: ئەگەر ڕاشکاوانە لەسەری باس بکەین ئەمە ئەنجامی ململانێی نێوان یەکێتی و پارتییە کە ئەم دەرەنجامەی لێکەوتۆتەوە؟

جوان ئیحسان: بە تەئکید ئەوەش دەوری هەیە کاتێک کە نێوماڵی کورد پەرتەوازە بێت ئەوا داواکارییەکانیشی دەبێتە ئاردی سەر دڕک.

کوردپرێس: کە وایە ئێستا هیچ هاوئاهەنگی و هاوکارییێک لە نێوان پارتی و ئێوەی یەکێتی وەکوو دوو فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمانی لە عێراقدا بوونی نییە؟

جوان ئیحسان: نەخێر. بەپێچەوانەوە پێوەندیمان لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر پێوەندییێکی بەهێزە. لە سەر ئەو پرسانەی کە دێتە پێشەوە زۆر هاوڕاین. بۆ نموونە لە مەسەلەی بودجەی فیدراڵیدا هەمان تەوەجۆهمان هەیە. پێش چەند ڕۆژێک لەسەر مەسەلەی نەبوونی دادوەری کوردی شایستە -کە ئێمە دادوەری زۆر شایستەشمان لە ناو مەحکەمەی تەمیزدا هەیە- هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان نەک بەتەنها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکرات، بایکۆتی دانیشتنەکانمان کرد و بەیانێکی هاوبەشمان دەرکرد. ئێمە لە سەر هەموو پرسە نەتەوایەتییەکان پێکەوەین. بۆ نموونە لەگەڵ برایانمان لە پارتی دیموکراتی کوردستان پێوەندییێکی زۆر پتەومان هەیە.

کوردپرێس: پێتان وایە ئەولەویەتی کورد لەم ماوەی چوارساڵەی ئەم حکوومەتەدا دەبێت چی بێت؟ ئێوە وەکوو لایەنی کوردی لە بەغدا دەبێت تەرکیز لە سەر چی بکەن؟

جوان ئیحسان: خۆی ئەو بابەتە لە سەر دوو ئاستە. ئاستێکیان ئەوەیە کە ئێمە مافی نەتەوەییمان هەیە. بە حوکمی ئەوەی کە ئێمە ئێستا لە ناو عێراق و دەوڵەتی عێراقداین و خەڵکانێکین کە هەڵگری جەواز و ناسنامەی عێراقیین دەبێت لەڕووی ئیداری و سیاسییەوە سەر بە دەوڵەتی عێراق بین. ئەمە کۆمەڵە ئیلتیزاماتێک دەخاتە ئەستۆی دەوڵەتی عێراق و هەروەها کۆمەڵە ئیلتیزاماتێکیش دەخاتە ئەستۆی ئێمەی کورد. دیسانەوە ئەرکێکی دیکەش دێتە سەر شانمان ئەوەش پتەوکردنی پێوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵییە. ئەمانە کۆمەڵێک شتی یاسایی و دەستوورییە کە ئەبێت لە هەردوو لاوە چ حکوومەتی هەرێم و چ دەوڵەتی بەغداش زۆر زۆر ڕێزی لێبگرن و لێی لانەدەن.

لە هەمان کاتیشدا هەندێک پرسی ئیداری دێتە پێشەوە و بەشێوەیێکی ڕاستەوخۆ ئەو پرسانە پەیوەستن بە ژیانی کۆمەڵانی خەڵکەوە و بێگومان پێویست بەوە دەکات کە ئێمە هەموو ڕێگایێک بگرینە بەر بۆ ئەوەی بتوانین ئەم باڵانسە ڕابگرین و بشتوانین مافی ئەو خەڵکە وەکوو هەموو هاووڵاتییێکی دیکەی عێراقی لە ناو سنووری هەرێمی کوردستاندا دەستبەری بکەین.

کوردپرێس: هەوڵەکان بۆ زیادبوونی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بە کوێ گەیتشووە؟

جوان ئیحسان: ئێمە لە سەر پڕۆژەی بودجەی و موازنەی ئیتحادیی 2019 کە دیاربوو پێشتر هێنرایە نێو پەرلەمان و موناقەشەیێکی لەسەر کرا و گەڕێندرایەوە بۆ وەزارەتی داراییی حکوومەتی عێراقی و پاشا دیسانەوە هاتەوە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا و دوێنێ بەشێکی کۆبوونەوەکەمان لەسەر خوێندنەوەی دووهەم بوو بۆ پڕۆژەی مەوازنە و بە کراوەیی مایەوە تاوەکوو دواییهاتنی یادەکانی سەری ساڵ. کە دێینەوە بۆ نێو هۆڵی پەرلەمان ئەو بابەتە بە کراوەیی ماوەتەوە و دیسان گفتوگۆ دەکرێت بۆ خوێندنەوەی دووهەم و وتووێژی زۆری لە سەر دەکرێت. ئەمە بەڕاستی قسە و وتووێژی زۆر هەڵدەگرێت چوونکە ئەمە پڕۆژەی مەوازنەیە و خەلەلی زۆر زۆری تێدایە ئەوەش لە سەر قسەی ئەو پەڕلەمانتارە. بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بە تەئکید لە 12.67 تەجاوزی نەکردووە و نەگەشتۆتە 13. ئەمەش لە کاتێکدایە خەڵکەکەی ئێمە زیاتر خۆی پەیوەست کردووە بە لە سەدا 17. ئەو پشکە لە سەدا 17یەش بە ئاسانی ناگەڕێتەوە. بەداخەوە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سەرژمێرییێکی ورد و لەلایێکی دیکەشەوە لە ماوەی سێ چوار ساڵی ئەخیر لە دوای شەڕی داعشەوە تا ئێستا کێشە لە باری دارایییەوە چ لە عێراقیش و چ لە هەرێمی کوردستانیش کێشە زۆر بووە لەبەر ئەوە بە بۆچوونی ئێمە ئەم پڕۆژەی مەوازنەیە بەو خەلەلانەوە دەڕوات و بەداخەوە تێپەڕ دەبێت و گلەییەکانی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام و زۆرە سەبارەت بە پڕۆژەکە و تەوەقوعیشمان وایە هەر بە گلەیییە زۆرەکانی ئێمەشەوە پڕۆژەکە دەڕوات و تێدەپەڕێت.

کوردپرێس: دەوری وەزیری درارایی کە کوردە لەم نێوانەدا چی دەبێت؟ هەندێک پەڕلەمانتاری کورد ڕەخنە لە کەمتەرخەمیی وەزیری دارایی دەگرن. ئایا ئێوەش تێبینیتان لە سەر ئەدا بەڕێزیان هەیە؟

جوان ئیحسان: بەڵێ بەتەئکید. لەگەڵ ڕێزی زۆرمان بۆ وەزیری دارایی بەڵام جەنابیان بە حەقیقەت کەمتەرخەم بوون. ئەویش هۆکارەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوانەی کە ئێستا لەم کاتەدا ئەوان دەتوانن زۆر گۆڕانکاری بکەن. بەڵام هەندێک تریش هەن کە جەنابیان سەڵاحیەتی زۆر زۆرە و دەیتوانی سەڵاحیەتەکانی بەکار بهێنێت. بەتایبەت سەبارەت بە بەشەبودجەی هەرێم هەوڵی لێکنزیک­بوونەوە بدات. ئێمە ئەوە دەزانین کە بەڕێزیان وەزیری تەنها کورد نییە بەڵکوو وەزیری هەموو عێراقە. بەڵام دەیتوانی قورساییی خۆی بەکار بهێنێت بۆ لێکنزیک­بوونەوەی بیروبۆچوونەکانی هەرێمی کوردستان و وەڵامەکانی حکوومەتی فیدراڵی. لە بەر ئەوەی کە خەڵکانێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ئەوە دەکەن بەتایبەتی کە خەڵکێکی ماندوومان هەیە وەکوو فەرمانبەر ان و مامۆستایان و چینی مووچەخۆر. دەبێت سیاسەتمەدارەکان بزانن چۆن وەڵامی ئیحتیاجاتەکانی خەڵکی دەدەنەوە. ئەندامانی پەرلەمان لە بەغدا کار و دەسەڵاتەکانیان بۆ دەستنیشان کراوە و ئێمە تەنها بۆمان هەیە کە وتووێژ و جەخت و فشاری زۆر بکەین لە سەر حکوومەتی عێراقی بۆ ئەوەی کە ئەو بەشە بودجەیە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە گواستنەوە بکات. بەڵام وەکوو بەشی مەوازنە کە زیادی بکات ئەوەی پێ ناکرێت. بەتایبەت لە ئێستادا کە حکوومەتی عێراقی بە دەست قەرزێکی زۆرەوە دەناڵێنێت بەداخەوە لە وەرگرتنی قەرزەکاندا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشی نییە کەچی لە دانەوەی قەرزەکاندا پشکی هەرێمی کوردستان دائیم دەبڕن. ئەمە کۆمەڵێک مەشاکیلی زۆرە کە ئومێد دەکرێت بۆ پڕۆژەی مەوازنەی ئیتحادیی 2020 زیاتر ئیشی لە سەر بکرێت. بەڵکوو بتوانین ئەم کەموکوڕییانە حەل بکەین.

کوردپرێس: دوو تەوەر ماوە. یەکیان مادەی 140 وەکوو چەقی ململانێی نێوان هەرێم و حکوومەتی ناوەند لە 2003 بەولاوە. وەکوو فراکسیۆنی یەکێتی و لایەنی کوردی لە بەغدا بۆ ئەم خولەی پەرلەمان ئایا پڕۆژەیێکتان هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتەکە یان ئەوەی ڕێگایێکی سێهەمتان هەیە بۆ چارەسەرکردنی؟

جوان ئیحسان: بەداخەوە بەردەوام دەبێت هۆکار بهێنینە بەرچاوی خۆمان. ئەو ئامانجانەی کە ڕیفراندۆم بەدوای خۆیدا هێنای کێشەی زۆری بۆ ئێمە دروست کرد. وای کردووە دیسانەوە حەساسیەتێکی زۆر لە نێوان نەتەوەکاندا دروست بکات. ئەگەر ئاشکراش نەبێت و بەشێوەیێکی شاراوە بێت خەلەلێکی زۆری خستە ناو متمانەوە. ئێمە داوامان کردووە کە لیژنەیێک پێکبهێنرێت بۆ مادەی 140 بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە مادەی 140 ماوەیێکی بۆ دیاری کراوە کە ئەبێت لەو ماوەدا حەل بکرێت بەڵام ساڵانێکی بەسەردا تێپەڕیوە. زۆر کەس دەڵێن کە ئەو مادەیە کاری پێناکرێت لەبەر ئەوەی کە ماوەکەی بەسەر چووە. بەڵام خۆ ئەگەر مادەی 140یش نەبێت دەبێت شتێکی دیکەی بۆ بدۆزرێتەوە. ئەمە کێشەی ئەم ناوچانەیە کە ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێمی کوردستانن. پێویست بەوە دەکات کە دوو جۆرە چارەسەری بۆ دابنرێت. چارەسەرێکی فەوری و ئانی لە ئێستادا بێت. ئێستا زۆر ناوچەمان هەیە کە بەدەست بێ سەروبەریی ئیداری و لایەنی ئەمنی دەناڵێنێت. یەکی دیکەشیان ئەوەیە کە پیلانێکی درێژخایەن هەیە. خۆ ئەبێت دەوڵەت بەرچاوڕوونیی بۆ خۆی هەبێت کە لەو ناوچانەی کە لە ڕووی سیاسییەوە هیچ کێشەیێکی تێدا نییە چۆن کار دەکات. لە بەر ئەوەش خۆمان داوامان لە سەر کردووە و سەرۆکی پەرلەمانیش مەوافقەتی لە سەر کردووە کە لیژنەکە پێکبهێنرێتەوە. بەڕای من دەبێت ئالیەت و مکانیزمی کار کردن لە سەر ئەم مادەی 140 بگۆڕدرێت. پێویستە بە زێهنییەتێکی کراوە بێت. چ لە لایەنی کوردییەوە و چ لە پێکهاتەکانی یکەش بە عەرەب و تورکمان و ئاشوورییەکانی­تر کە لەو ناوچانە دەژین. لە بەر ئەوە ئەو ئالیەتەش دەبێت بە سەرپەرشتیی حکوومەتی عێراقی بێت بەڵام بەبێ ئەوەی کە لایەنگری کورد یان عەرەب یان تورکمان یان هەر پێکهاتەیێکی دیکە بێت.

کوردپرێس: کە وایە لکاندنەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا دەرفەتی بۆ نییە؟

جوان ئیحسان: ئەبێ کاری بۆ بکرێت. دیار دەرفەت هەیە بەس ئەبێت کاری جیدیی بۆ بکرێت. بە ڕای من باشتر وایە بۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی سەر بە دەوڵەتی عێراقە و لە ڕووی ئیداری و سەربازی و سیاسی و ئەمنییەوە بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق ناوچەیێکی هێمنە، قەی ناکا حکوومەتی عێراق بە چاودێری و بەسەرپەرشتی و بەوردی پاش ڕێککەوتن لەگەنێوان لایەن و پێکهاتەکانی عێراق ئەم ناوچانە بسپێرێت بە هەرێمی کوردستان.

کوردپرێس: پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا باس کراوە. دەوترێت بەشێک لەو هێزانە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەگوازرێنەوە ئایا لە پەرلەمان باسێکی وا هەیە؟ ئەگەر ببێت ئێوە وەکوو پەرلەمانتاری عێراق هەڵوێستتان چی دەبێت؟

جوان ئیحسان: ئێمە ئەمەمان نەبیستووە و لە نێو پەرلەماندا هیچ باسێکی لەسەر نەکراوە و نەشمان بیستووە هێزی ئەمریکا ئەگەر بکشێتەوە دیتە ناو خاکی عێراق. ئەبێت حەتمەن ئەمریکا تەفکیکی خۆی هەبێت کە ئایا ئەم هێزانە ئەکشێنەوە ئەیانگەڕێنێتەوە بۆ کوێ. ئەیانگەڕێنێتەوە بۆ ئەمریکا یان تەوزیعیان دەکات بەسەر قاعیدە عەسکەرییەکانی خۆی کە لە ناوچەکەدا هەیەتی. ئەمانە هیچ باسێکی لە سەر نەکراوە بەڵام کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیە لەبەر ئەوەی ئەو ناوچانە خەتەری تیرۆری لە سەرە وەکوو لەشێکی نەخۆش وایە قەلەقێکی زۆر هەیە چ لە لایەن عێراقەوە و چ لەلایەن دەوڵەتانی دیکەشەوە بەتایبەت دراوسێکان کە ئایا چی ڕوو دەدات کاتێک کە ئەم هێزانە ماوەیێکی زۆر لەو ناوچەیەدا بوون و سیاسەتی خۆیانیان جێبەجێ کردووە؛ ئێستا کە ئەمان دەکشێنەوە چی بەسەر ئەو خەڵکە دێت کە لەو ناوچانەدا ژیاون. بەڵام باس و خواس لە حکوومەتی عێراقییە و ئەوەش ئەوەیە کە ئەو هێزانەی کە دەکشێنەوە بەتایبەت ئەو ناوچانەی کە زۆر هاوشانی ناوچەکانی سووریایە و بەشێک لە ناو خاکی سووریا قسە هەیە کە هێزی سەربازیی عێراق بڵاوەی تێدا بکرێت.

دیمانە: حەسەن ساڵحی

داگرتن: بەشی کوردیی ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.