بەڕێوەبەری ئاسایشی شاری ریزەی تورکیا کوژرا
کوردپرێس: میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە: پۆلیسێکی هاتوچۆ بەهۆی ئەوەی داوای گواستنەوەی شوێنی کارەکەی لەلایەن بەڕێوەبەری ئاسایشی شارەکەوە رەت کراوەتەوە، راستەوخۆ لە ژوورەکەیدا تەقە لەو بەڕێوەبەرە دەکات و بەسەختی برینداری دەکات و پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
لەبارەی چۆنیەتیی رووداوەکەوە ئەوەش خراوەتە ڕوو، پۆلیسەکە چووەتە ژووری بەڕێوەبەری ئاسایش و دوای ئەوەی داواکەی ڕەت کراوەتەوە چووەتە دەرەوە، بەڵام دووبارە پۆلیسەکە چووەتە ژوورەکەی بەڕێوەبەری ئاسایش و بەبێ ئەوەی هیچ شتێک بڵێت، تەقە لە بەڕێوەبەر و سەرۆکی هۆبەی ئاسایش کردووە.
هەروەها باس لەوەش کراوە، هاوکات لەپاش ئەوەی پاسەوانی بەڕێوەبەری ئاسایش چووەتە ژوورەوە تەقەی لە پاسەوانەکەش کردووە. دوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە، بەڕێوەبەری ئاسایش بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە و دوو کەسەکەی تریش نەشتەرگەرییان بۆ کراوە.
شاری ریزە یەکێکە لە پارێزگاکانی تورکیا و کەوتووەتە باکووری خۆرهەڵاتی تورکیاوە و ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ٣٣٠ هەزار کەسە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران