رووبەری حەوت ملیۆن مەتر چوارگۆشە لە هەرێمی کوردستان لە تەقەمەنی پاک کراوەتەوە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندێکی دەزگای گشتیی کاروباری مین بەشداری 17ـیەمین کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێککەوتنامەی قەدەخەکردنی بەکارھێنانی مینی دژە کەسی ناسراو بە رێکەوتنامەی ئۆتاوایە. کۆبوونەوەکە لە 26ـی دیسەمبەر دەستی پێکردووە و بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.
سیراج بارزانی، سەرۆکی دهزگای گشتیی کاروباری مین لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دوا پێشھاتەکانی کاروباری مین لە ئاستی نێودەوڵەتی و پێشکەش کردنی چەند راپۆرتێک لەبارەی چالاکییەکانی دەزگای گشتی کاروباری مین، بەشداریمان لەو کۆبوونەوەیە کردووە".
سیراج بارزانی بە داتا کار و چالاکییەکانی دەزگاکەی خستەڕوو و رایگەیاند: "تیمەکانی دهزگای گشتیی مین، رووبەری حەوت ملیۆن و 414 هەزار و 199 مەتر زهویی چوارگوشەیان له مین و تهقهمهنییەکانی داعش پاك كردووەتەوە و 23 هەزار و 429 تهقهمهنیی جۆراوجۆریان پووچهڵ كردووەتەوە".
سهرۆكی دهزگای گشتیی مین، لەبارەی پاشماوەکانی مین و تەقەمەنی کە لە سەردەمی حکوومەتی بەعس دانراون دەڵێ "لەلایەن حکوومەتی پێشووتری عێراقەوە رووبەری 776 کیلۆمەتری چوارگۆشە مینڕێژکرابوو، بەڵام ئێستا رووبەرەکە بۆ 270 کیلۆمەتر چوارگۆشە کەم کراوەتەوە، کە دەکاتە 65.2%ـی زەوییە لەمین پاک کراوەکان".
دهزگای گشتیی کاروباری مین لە سەرەتای شەڕی داعشدا له 2014 تاوەکوو 2017، سێ ژووری ئۆپەراسیۆنی لە شارەکانی دهۆک، هەولێر و گەرمیان بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە پێکهێنا، بۆ پووچهڵ كردنهوهی مین و تهقهمهنییەکان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران