پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتاییی هەڵبژاردنی پەرلەمان دوا دەكەوێت
کوردپرێس:
شیروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، لەو بارەیەوە بە SNNی ڕاگەیاند: چاوەڕوان بووین ڕۆژی 29ی 10ی 2018، ئەنجومەنی دادوەری، ئەنجامی تانەی لایەنەكان لەسەر هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستان پەسەند بكات، بەڵام تا پاشنیوەڕۆش هیچ نووسراوێكمان لەوبارەیەوە بەدەست نەگەیشت، بۆیە پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی، بۆ سبەینێ دوادەكەوێت.
ناوبراو ئاشكراشی كرد، دوێنێ پەیوەندیمان بەئەنجومەنی دادوەرییەوە كرد و پێیان ڕاگەیاندین، ڕۆژی دووشەممە ئەنجامەكان پەسەند دەكەن و ئاراستەمان دەكەن".
سەبارەت بەگۆڕانكاری لەو ئەنجامانەی ڕاگەیەندراون، شیروان زرار ئاشكرای كرد: ئەركێكی ئەخلاقی لەسەر ئەنجومەنی دادوەرییە كە بە ئەمانەتەوە كار لەسەر تانەی لایەنەكان بكات، بەڵام ئێمە نازانین گۆڕانكاری ڕوودەدات یان نا، ئەگەر هەر تێبینی و گۆڕانكارییێكیش هەبێت، لەگەڵ تانە و بڕیارەكان ئاراستەی ئێمە دەكرێت و ئێمەش بڵاوی دەكەینەوە، چوونكە بڕیاری ئەنجومەنی دادوەری بڕیاری كۆتایی و بنبڕە و جارێكی تر هەموار ناكرێتەوە.
بۆچوونی بەکارهێنەران