فوئاد مەعسووم: پەڕلەمان و حکوومەتی داهاتوو کار بکەن بۆ ژیانێکی شەرەفمەندانە لە عێرق
کوردپرێس:
لە بەیاننامەیێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرۆک کۆمار ڕایگەیاند" پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەکەم بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، لەو ڕۆحی ئاشتی و مەدەنییەت و بەرپرسیارێتییەی کە نیشانیان دا لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا و تەندروستی و فێرکردن و چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و گەندەڵی".
فوئاد مەعسووم گوتیشی: "داوا لە حکوومەتی داهاتوو و پەرلەمانی نوێ دەکەم، پێویستە لە وادەی دیاریکراوی دەستوری خۆیدا دانیشتنی خۆی ساز بکات، هەموو توانایێکی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ بەدیهێنانی دەسەڵاتی کرداریی خۆیان، بۆ ئەوەی بتوانرێت ژیانی سەربەرزانە و شەرەفمەندانە بۆ هاووڵاتیان دابین بکرێت، لەو ڕووەشەوە پابەندبوون بە دەستوورەوە بنەمای هەموو سیاسەت و ڕێوشوێنێکی داوا کراوە، هەموومان متمانەمان بە تواناکانی گەل هەیە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی هاونیشتیمانی و یەکسان لە ماف و پێشکەوتندا".
ئەو وتانەی سەرۆک کۆماری عێراق لە کاتێکدایە، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوێنێ یەکشەممە ١٩ی ئاب داوای لە فوئاد مەعسووم سەرۆک کۆماری عێراق کرد، داوا لە پەرلەمانی نوێ بکات بۆ بەستنی کۆبوونەوەی خۆی لە نزیکترین کاتدا، بە گوێرەی ئەو ماوە زەمەنییەی کە لە دەستوور دیاری کراوە، بۆ ئەوەی دەست بکرێت بە ڕێوشوێنەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار و راسپاردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ پیکهێنانی حکوومەتی داهاتوو.
دوێنی یەکشەممە دادگای فیدراڵی ئەنجامی کۆتای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی بۆ خولی چوارەم پەسەند کرد.
بۆچوونی بەکارهێنەران