سەبارەت بە هەڵەبجە حکوومەتی هەرێم داوایێک ئاراستەی بەغدا دەکات
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیێنراوێکدا کە بە بۆنەی یادی ٣١ ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەوە حکوومەتی هەرێم بڵاویکردووەتەوە داواى لە حکوومەتی عێراق کردووە، ئەرکی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی جێبەجێ بکات و قەرەبووی ئەو پارێزگایە و دانیشتوانەکەی بکاتەوە وەک قوربانیی دەستی دەوڵەتی عێراق.
جەختیشی لەسەر بایەخدانی جددی بە ژیان و خزمەت کردنی برینداران و خانەوادە و کەسوکاری قوربانیانی چەکی کیمیایی و خزمەت کردنی زیاترى هەڵەبجە کردووە.
حکوومەتی هەرێم ئاماژەى بەوەش کردووە، لە ئێستادا زۆربەی بریندارانى کیمیابارانى هەڵەبجە بەدەست لێکەوته و کاریگەرییە خراپە تەندروستی و دەروونییەکانی ئەو کارەساتەوە دەناڵێنن.
ئەمڕۆ ٣١ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر کارەساتی کیمیاباران کردنی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی، کە بەهۆیەوە نزیکەی پێنج هەزار هاوڵاتی شەهیدبوون و بە هەزاران هاوڵاتی دیکەش برینداربوون، بە شێوەیێک تا ئێستاش کاریگەرییەکانی ئەو چەکە بەسەر دانیشتووانەکەیەوە ماوە.
سەچاوە: ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران