دوای ڕکابەری لەگەڵ شارە گەورەکانی جیهان؛ رووها بۆ ساڵی ٢٠٢٦ وەک میوانداری یونسکۆ هەڵبژێردرا
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد قاسم گوڵپینار، سەرۆکی شارەوانیی کلانشاری رووها (ئۆرفا)، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ئەم شارە بۆ میوانداریکردنی کۆبوونەوەی شارەکانی مۆسیقای یونسکۆ لە ساڵی ٢٠٢٦دا هەڵبژێردراوە.
گوڵپینار لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئانادۆڵوی تورکی، بە ئاماژەدان بە پێشینەی مێژوویی، هەمەجۆریی کلتووری و نەریتی ڕیشەداری مۆسیقا لە رووهادا گوتی، ئەم شارە بە بوونی لە تۆڕی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆ و وەرگرتنی ناونیشانی «شاری مۆسیقا»، گەیشتووەتە دەستکەوتێکی گرنگ.
ئەو زیادی کرد، شارەوانی لە یەکەم ڕۆژەکانی دەستبەکاربوونی ئیدارەی نوێوە، چالاکییەکانی بۆ کەڵکوەرگرتنی کردارەکی لەم ناونیشانە و بەهێزکردنی پێگەی نێونەتەوەییی شارەکە دەست پێ کردووە.
ڕکابەریی رووها لەگەڵ شارانێک لە ئەمریکا، ئەورووپا و ئاسیاوە
سەرۆکی شارەوانیی رووها بە دەربڕینی ئەوەی کە ئەم شارە بۆ بەدەستهێنانی میوانداری لەگەڵ شارانی وەک کانزاس سیتی لە ئەمریکا، بێلفاست لە ئیرلەندای باکوور و دالات لە ڤێتنام ڕکابەریی کردووە، گوتی: «بە تێپەڕاندنی ڕکابەرە نێونەتەوەییەکان، مافی میوانداریکردنی ئەم ڕووداوە باوەڕپێکراوەمان بەدەست هێنا.»
بە وتەی گوڵپینار، هەڵبژاردنی رووها لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە شاری پێزارۆی ئیتالیا بەڕێوە چوو، بە فەرمی ڕاگەیەندرا و هێمای گۆییانەی شاری میوانداریش لە ئیتالیاوە ڕادەستی شاندی رووها کرایەوە. ئەم هێمایە دوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ساڵی ٢٠٢٦ بە میوانداری دواتر دەسپێردرێت.
گوڵپینار ئەم هەڵبژاردنەی وەک شانازییەک بۆ رووها و تورکیا و دەستکەوتێک لە بوارەکەی دیپلۆماسیی کلتووریدا وەسف کرد و گوتی میوانداریکردنی ئەم ڕووداوە ئەنجامی چالاکییەکانی یەک ساڵەی شارەوانی، هەوڵە دیپلۆماسییەکان و هەنگاوەکانی فەرمانگەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی شارەوانی بووە.
دەرفەتێک بۆ ناساندنی کەلەپووری کلتووریی رووها
سەرۆکی شارەوانیی رووها جەختی کردەوە ئەم شارە تەنیا بە مۆسیقا ناناسرێت، بەڵکو لە گۆبەکلی تەپە و بالیکلی گۆلەوە بگرە تا چێشتکاریی ناوچەیی و ئەدەبیاتی جەماوەری، کۆمەڵەیەکی بەربڵاو لە کەلەپووری مێژوویی و کلتووریی لە خۆیدا جێ کردووەتەوە.
ئەو کۆبوونەوەی شارەکانی مۆسیقای یونسکۆی بە دەرفەتێکی گرنگ زانی بۆ ناساندنی جیهانیی توانستە مێژوویی، هونەری و کلتوورییەکانی رووها و گوتی: «چاوەڕوان دەکرێت نوێنەرانی شارەکانی مۆسیقا لە نزیکەی ٨٠ وڵاتەوە لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار بن. ئەم کۆبوونەوەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە نێونەتەوەییەکان، زیاتربوونی ئاڵوگۆڕی زانست و ئەزموون و ناساندنی توانستە کلتوورییە ناوچەیییەکانی شارەکە لە ئاستی جیهانیدا.»
گوڵپینار هەروەها ڕایگەیاند بە یەکلاییبوونەوەی میواندارییەکە، پڕۆسەی ئامادەکاریی رووها بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی شارەکانی مۆسیقای یونسکۆ دەستی پێ کردووە.
بۆچوونی بەکارهێنەران