نیویۆرک تایمز لێکەوتەکانی سەرکەوتنی یانەیەکی تۆپی پێی کوردی لە تورکیادا، لێکدەداتەوە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرکەوتنی یانەی تۆپی پێی ئامەدسپۆر لە دیاربەکرەوە بۆ سوپەرلیگی تورکیا و درەوشانەوەی ئەم یانەیە لە هەفتە سەرەتاییەکانی وەرزدا، لە هەواڵێکی وەرزشیی ئاسایی تێپەڕیوە و گرنگییەکی گەورەتری پەیدا کردووە. گۆڤاری «ئەتلەتیک»، سەر بە نیویۆرک تایمز، لە ڕاپۆرتێکدا جەختی کردووەتەوە کە بەشداریی ئەم یانەیە لە بەرزترین ئاستی تۆپی پێی تورکیادا، هاوزەمان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی پەیوەندیدار بە ڕەوتی ئاشتیی نێوان کوردان و حکومەتی تورکیا، بووەتە هێمایەک بۆ ئامادەییی دیارتر و ئاشکراتری ناسنامەی کوردی لە گۆڕەپانی گشتیی ئەم وڵاتەدا.
ئامەدسپۆر لە مانگی ئایاردا بە سەرکەوتنی بۆ سوپەرلیگ، بۆ یەکەم جار ڕێگەی بڕی بەرەو بەرزترین ئاستی تۆپی پێی تورکیا. ئەم یانەیە لە شەش هەفتەی سەرەتای وەرزدا بڕیار و ئاستێکی بەرچاوی نیشان دا و لە قۆناغێکدا لە پشووی یارییە نیشتمانییەکاندا، لووتکەی خولەکەی داگیر کرد. سەرکەوتن بەسەر ترابزۆنسپۆر و بێشیکتاشدا، کە دوو یانەی دیاری تۆپی پێی تورکیان، پێگەی ئەم یانە تازەهاتووەی خستە ناوەندی سەرنجی ڕاگەیاندنەکان و هاندەرانی تۆپی پێوە؛ هەرچەندە گەڵاتەسەرای دوای سەرکەوتنی سێ بە یەک بەسەر قاسم پاشادا لە ڕۆژی هەینیدا، سەرکەوت بۆ لووتکەی خولەکە.
کالین میلەر، نووسەری ڕاپۆرتەکەی ئەتلەتیک، پێی وایە سەرکەوتنی ئامەدسپۆر تەنیا بە ئەنجامە وەرزشییەکانی شی ناکرێتەوە. ئەم یانەیە لە دیاربەکرەوە، گەورەترین شاری کوردنشینی تورکیا سەری هەڵداوە و ناسنامەی کوردییەکەی لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ئامادەییی لە تۆپی پێی ئەم وڵاتەدا.
ئامەدسپۆر لە ساڵی ١٩٧٢دا دامەزرا و دوای نزیکەی چوار دەیە چالاکی لە ئاستی تۆپی پێی ناوچەییدا، ڕێگەی بڕی بۆ ڕکابەرییە پیشەگەرەکانی تورکیا. ئەم یانەیە دوای چەندین جار گۆڕینی ناو، لە ساڵی ٢٠١٤دا ناوی «ئامەدسپۆر»ی هەڵبژارد؛ ناوێک کە لە ناوی کوردیی دیاربەکرەوە وەرگیراوە و لە ڕووی ئاماژەیییەوە، پەیوەندیی یانەکەی لەگەڵ ناسنامەی کوردیدا بەهێزتر کرد.
ئێستا بەشداریی ئەم یانەیە لە سوپەرلیگدا، زەمینەیەکی ڕەخساندووە تا ناسنامەی کوردی هەموو هەفتەیەک لە یەکێک لە گرنگترین گۆڕەپانە کلتووری و وەرزشییەکانی تورکیادا نیشان بدرێت. ئەم گۆڕانکارییە لە دۆخێکدا ڕوو دەدات کە پەیوەندییەکانی کوردان و حکومەتی تورکیش دوای چەندین دەیە لە ململانێ، چووەتە قۆناغێکی نوێوە و هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و پێشخستنی ڕەوتی ئاشتی بەردەوامن.
ڕاپۆرتەکە بە ئاماژەدان بە ژمارەی بەرچاوی کوردان لە تورکیا و مێژووی بەربەستەکانی سەر زمان و کلتووری کوردی، جەخت دەکاتەوە کە دۆخی ئامەدسپۆر دەتوانێت بێتە پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی قبووڵکردنی ناسنامەی کوردی لە کلتوور و کۆمەڵگەی سەرەکیی تورکیادا. حکومەتی تورکیا لە ڕابردوودا لە دانیپێدانانی ناسنامەی سەربەخۆی کوردی خۆی دەبوارد و تەنانەت کوردانی بە «تورکە کێوییەکان» دەناوێرد؛ هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا دەرفەتێکی سنووردار بۆ دەربڕینی کلتووری و زمانیی کوردان ڕەخساوە.
گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەم دواییەش گرنگیی ئەم یانەیەی زیاتر کردووە. لە شوباتی ٢٠٢٥دا، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاگربەستی لەگەڵ تورکیا ڕاگەیاند و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی ئەم پارتە، داوای وەلانانی چەک و هەڵوەشانەوەی پارتەکەی کرد. ئەو لەو کاتەدا باسی لەوە کرد کە خەباتی چەکداری لە دۆخێکدا سەری هەڵدا کە ڕێگەکانی سیاسەتی دیموکراتی داخرابوون، بەڵام ئێستا ئەم خەباتە گەیشتووەتە کۆتایی ڕێگەی خۆی.
تورکیا لە ئابی ٢٠٢٦یشدا یاسایەکی بە مەبەستی بەهێزکردنی تەبایی نیشتمانی و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی پەسەند کرد کە گەڕانەوەی هەزاران کەس لە ئەندامان و پشتیوانانی پێشووی پەکەکە بۆ ژیانی شارستانی ئاسانتر دەکات. بە هەموو ئەمەشەوە، ئەم یاسایە وەڵامی داواکارییە بەربڵاوەکانی کوردانی لەبارەی پەرەپێدانی مافە سیاسی و کلتوورییەکان نەداوەتەوە. لە دۆخێکی وەهادا، سەرکەوتنی ئامەدسپۆر دەرفەتێک بۆ لێکۆڵینەوە لەم پرسیارە دەڕەخسێنێت کە ئایا گۆڕانکارییە سیاسییەکان دەتوانن ببنە هۆی قبووڵکردنی بەربڵاوتری ناسنامەی کوردی لە کۆمەڵگەی تورکیادا یان نا.
لێکۆڵینەوەیەک کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی لە هاوینی ئەمساڵدا لەبارەی تێڕوانینی کوردان بۆ ئامەدسپۆر و هاندانی ئەم یانەیە بڵاوی کردەوە، ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکانی پێگەی ئەم یانەیە نیشان دەدات. ئەم توێژینەوەیە بە لێکۆڵینەوە لە تێڕوانینی هەزار و ٤٧١ کەس، ژمارەی هاندەرانی ئامەدسپۆری لە سەرانسەری تورکیادا بە نزیکەی چوار ملیۆن کەس خەمڵاندووە؛ ژمارەیەک کە لە ماوەی چوار ساڵدا چوار قەت بووەتەوە. زیاتر لە سێ لە چواربەشی وەڵامدەرەوەکانیش گووتوویانە ئەم یانەیە بۆ ئەوان شتێکە زۆر زیاتر لە یانەیەکی تۆپی پێ.
ڕەها ڕوهاویئۆغڵو، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی، ئامەدسپۆری وەک ئامرازێکی زۆر بەهێز بۆ ڕەنگدانەوەی ناسنامەی کوردی لە تورکیادا وەسف کردووە. بە هەموو ئەمەشەوە، زانیارییەکانی ئەم توێژینەوەیە نیشان دەدەن کە ناسنامەی کوردی و سەر بە کۆمەڵگەی سیاسیی تورکیا بوون، مەرج نییە لە بەرامبەر یەکتردا بوەستنەوە؛ زیاتر لە ٦٠٪ی هاندەرانی ئامەدسپۆر گووتوویانە پشتیوانی لە تیمی نیشتمانیی تۆپی پێی تورکیام دەکەن.
جان مەکمێنۆس، مرۆڤناسی کۆمەڵایەتی و نووسەری پەڕتووکێک لەبارەی کلتووری تۆپی پێی تورکیا، پێی وایە ناسنامەی کوردی کۆمەڵێک بەربڵاو لە ئاڕاستە و تێڕوانینەکان لە خۆ دەگرێت. بەشێک لە کوردان پشتیوانی لە سەربەخۆیی دەکەن، لە کاتێکدا گرووپێکی تر، لەوانە هەندێک لە پارێزگاران، ئاڕاستەیان بەرەو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیایە.
پەیوەندیی ئامەدسپۆر لەگەڵ کەشوهەوای سیاسیی تورکیادا لە ئابی ئەمساڵدا ئاشکراتڕ بوو، کاتێک ناهیت ئەرەن، سەرۆکی یانەکە و پارێزەری کورد، لە کۆشکی سەرۆک کۆماریدا لەگەڵ ئەردۆغان کۆ بووەوە. هەردوولا لە بەرامبەر کامێراکاندا بە درێسی یانەکەوە دەرکەوتن؛ ڕووداوێک کە بە وتەی مەکمێنۆس، دەیەیەک لەمەوبەر وێنەکێشانیشی ئەستەم بوو. ڕوهاویئۆغڵو دیسان ئەم کۆبوونەوەیەی وەک نیشانەیەک بۆ گۆڕانی تێڕوانینی پێکهاتەی سیاسیی تورکیا بەرامبەر بە پرسی کورد زانیووە.
ئەرەن دوای ئەم کۆبوونەوەیە ڕایگەیاند کە پێزانینی هەیە بۆ ئەو ڕەوتەی کە بە وتەی ئەو بە ڕێبەرایەتیی ئەردۆغان دەستی پێ کردووە و زەمینەسازیی کردووە بۆ دروستبوونی کەشێکی نوێ لە ئاشتی لە تورکیادا. ئەو هیوای دەربڕی کە ئامەدسپۆر، لەپاڵ یانە وەرزشییەکانی تردا، ڕۆڵی هەبێت لە بەهێزکردنی ئەم کەشەی ئاشتی و هێمنییەدا.
سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییانە، چالاکیی ئامەدسپۆر هێشتا لەگەڵ بەربەست و ئاڵۆزییەکانی پەیوەندیدار بە ناسنامەی کوردی بەردەوامە. هاندەرانی ئەم یانەیە لە یاریگاکاندا دروشم و سروودی کوردی دەڵێنەوە و هێماکانی پەیوەندیدار بە کلتووری کوردی نیشان دەدەن؛ هەنگاوێک کە هەندێک جار ڕووبەڕووی هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکان و سزاکانی دیسپڵین بووەتەوە.
لە ساڵی ڕابردوودا، ئامەدسپۆر پەیماننامەیەکی بۆ پشتیوانیی دارایی لە درێسەکەی لەگەڵ کۆمەڵەفرۆشگەیەکی زنجیرەییدا ئیمزا کرد کە بنکەکەی لە دیاربەکرە. لەژێر هێمای بازرگانیی ئەم کۆمپانیایەدا، دروشمێک بە زمانی کوردی بە مانای «لە خزمەتتاندائین» نووسرا. دەستەی دیسپڵینی تۆپی پێی پیشەگەری تورکیا سەرەتا ئەم دروشمەی بە پێچەوانەی یاساکانی ئامێرە وەرزشییەکان زانی و یانەکەی بە ٢٢٠ هەزار لیرە سزادا؛ بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا دواتر ڕایگەیاند ئەم دروشمە لە وەزارەتی بازرگانیدا تۆمار کراوە و یاساییە.
لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا، ئامەدسپۆری بە تۆمەتی بانگەشەی ئایدۆلۆجی و زەبروەشاندن لە بڕستی تۆپی پێ، ٨٠٢ هەزار و ۵۰۰ لیرە سزادا. ئەم سزایە دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک لە هەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی یانەکەدا جێبەجێ کرا کە تێیدا ژنێک خەریکی هۆنینی قژی خۆی بوو و دروشمی کوردی لە پێناو داكۆكی لە مافەکانی ژنان دەبیسرا. ئەم دروشمە لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە هێمای بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و داواکارییەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی ژنان و لە کاتی هێرشی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکانی سوریاشدا بۆ دەربڕینی هاوپشتی لەگەڵ کوردانی سوریا بەکار هێنرا.
ڕوهاویئۆغڵو بە ئاماژەدان بە ڕووبەڕووبوونەوە دیسپڵینییەکان لەگەڵ یانە کوردییەکاندا گووتوویەتی لە ساڵی ٢٠١٣وە تا ٢٠٢٤، ٢٠ سزا بە تۆمەتی «بانگەشەی ئایدۆلۆجی» دژ بە یانەکانی تۆپی پێی تورکیا دەرکراون کە تەواویان ئاڕاستەی یانە کوردییەکان کراون؛ ١٢ بڕیار لەم سزایانەش دژ بە ئامەدسپۆر سزادراون.
ناسنامەی کوردیی یانەکە تەنانەت لە هەندێک لە یارییەکانیشدا بووەتە بابەتی بەرهەڵستییە ئەمنییەکان. لە یەکێک لەم ڕووداوانەدا، دوای سەرکەوتنی ئامەدسپۆر بۆ سوپەرلیگ، هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا ئاڵای سەنیگال لە ئۆمبای دیانی، هێرشبەری ئەم یانەیە وەربگرن؛ ئاڵایەک کە ڕەنگەکانی لە ڕەنگەکانی ئاڵای پەکەکە دەچێت. ئەم ڕووداوە دووبارە هەستیارییە بووەکان لەبارەی هێما کوردییەکان و چۆنیەتیی هەڵسوکەوت لەگەڵیاندا تۆخ کردەوە.
بە هەموو ئەمەشەوە، نیشانەکانی گۆڕانکاری لە کەشوهەوای گشتیی تورکیادا دەبینرێن. دوای سەرکەوتنی ئامەدسپۆر، یانەکانی فەنەرباغچە و گەڵاتەسەرای بە بەکارهێنانی دەستەواژەی کوردی، پیرۆزباییان لەم یانەیە کرد. ئەم هەنگاوانە ڕەنگە هێمایی بنوێنن، بەڵام لە تێڕوانینی نووسەری ڕاپۆرتەکەوە، نیشاندەری زیادبوونی ئامادەییی ناسنامەی کوردین لە گۆڕەپانی سەرەکیی تۆپی پێی تورکیادا.
پاسی ئامەدسپۆر لە وەرزشەکانی ڕابردوودا دروشمی کوردیی «ئەم لە ڕێین»ی بە هەڵگرتبوو، بەڵام ئەم دروشمە لە وەرزشی ئێستادا بۆ «ئەم هاتین» گۆڕدراوە؛ گۆڕانکارییەک کە دەکرێت وەک ڕەنگدانەوەی پێگەی نوێی یانەکە دوای سەرکەوتن بۆ سوپەرلیگ سەیر بكرێت.
ڕوهاویئۆغڵو پێی وایە ئامەدسپۆر لە خاڵی بەیەکگەیشتنی دوو ڕەوتدا وەستاوە: لە لایەکەوە، کوردان زیاتر لە ڕابردوو پەیوەندییان لەگەڵ کۆمەڵگەی تورکیادا هەیە و لە شارە جیاوازەکانی ئەم وڵاتەدا دەژین، ڕاگەیاندنەکانی تورکیا پەیڕەوی دەکەن و پشتیوانی لە تیمی نیشتمانیی تۆپی پێ دەکەن؛ لە لایەکی ترەوە، ناسنامەی کوردیی خۆیان ئاشکراتڕ لە ڕابردوو دەردەبڕن.
لە ڕوانگەی ئەم تێڕوانینەوە، ئامادەییی ئامەدسپۆر لە سوپەرلیگدا بە مانای جیاوبوونەوەی کوردان لە تورکیا نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ ئامادەیییان لە گەورەترین شانۆی تۆپی پێی ئەم وڵاتەدا بە ناو و ناسنامەی خۆیانەوە. سەرکەوتنی ئەم یانەیە دەتوانێت لەپاڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا، بێتە دیاریکەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی پێشکەوتن یان کۆسپەکانی ڕەوتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان کوردان و حکومەتی تورکیا؛ ڕەوتێک کە ئاستی سەرکەوتنی نە لە ڕێککەوتنە سیاسییەکاندا، بەڵکو لە چۆنیەتیی قبووڵکردنی ناسنامەی کوردی لە ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگەی تورکیاداشدا ئاشکرا دەبێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران