خبر 2025-10-09 04:27 کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ
تۆماس باراک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا:

سەردانم بۆ حەسەکە هەڕەشە نەبوو بۆسەر بەرژەوەندیی نیشتمانیی تورکیا

تۆماس باراک نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری سووریا دەڵێت سەردانەکەی بۆ حەسەکە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ۱۰ی ئازاردا بووە و لەدژی بەرژەوەندیی نەتەوەیی تورکیا نەبوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تۆماس باراک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (x) بڵاوی کردەوە: "وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەت بۆ سووریا، وەک نێردراوێک سەردانی حەسەکەم کرد بۆ ئاسانکاری و چاودێریکردنی پێشکەوتنەکان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی سووریا".

ئەم ڕێککەوتنە نەک تەنها بۆ سەقامگیری و ئاسایشی سووریا، بەڵکوو بە یەکسانی بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی تورکیا و ئەمریکاش گرنگی هەیە.

ناوبراو دەشڵێت: بە شەفافیەتێکی تەواو و ڕۆحی پێشخستنی سەقامگیری ناوچەیی و هەماهەنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گەیشتنی کۆمەکە مرۆییەکانەوە سەردانی حەسەکەم کرد و  هەموو ئەمانەش ڕاستەوخۆ خزمەت بە بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی تورکیا دەکەن.

نوێنەرەکەی ترەمپ دەشڵێت: هەر بانگەشەیەک بۆ ئەوەی سەردانەکە چالاکییەکانی تێکدانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی تورکیا یان یەکپارچەیی خاکی تورکیای تێدابووە، بە تەواوی بێ بنەمایە.

تۆماس باراک دەشڵێت: هەر تۆمەتێک لەبارەی بوونی نەخشەیەکەوە، کە هەرگیز لە ژوورێکی کۆبوونەوەدا نەمبینیوە و تێیدا نەبووم، بۆ تێکدانی بەرژەوەندییەکانی تورکیا، بە تەواوی گاڵتەجاڕییە.

ناوبراو ڕاشیدەگەیەنێت: ئەرکی من لەسەر پێشخستنی میکانیزمەکانی هاوکارییە و (هەرواش دەبێت)، ئەمەش  هەڕەشەکانی سنوور بەزاندن کەم دەکاتەوە و پشتگیری لە ئامانجی فراوانتری ئاشتی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەیی دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.