شارەزای بەرنامە ئەلیكترۆنییەكانی داعش دەستگیركرا
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرای كرد، شارەزای بەرنامە ئەلیكترۆنییەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش كە لەهەمانكاتدا یاریدەدەری ئەمیری ئیداری و دارایی دیوانی جوندی ئەو رێكخراوە بوو، لە پارێزگای نەینەوا دەستگیر كراوە.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە پرۆسەیێكی ئەمنی تایبەتدا و دوای چاودێرییێكی بەردەوام و كۆ كردنەوەی زانیاری، بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و دژە تیرۆر لە پارێزگای نەینەوا توانیویانە شارەزای بەرنامە ئەلیكترۆنییەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش دەستگیر بكەن.
لە بەیاننامەکەدا روونیش كراوەتەوە، ئەو بەرپرسەی داعش بە ئەبوو موعتەسەم ناسراوە و لێپرسراوی بەرنامە ئەلیكترۆنییەكانی رێكخراوی داعشە و لە هەمانكاتیشدا یاریدەدەری ئەمیری ئیداری و دارایی دیوانی جوند بووە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەش داوە، دوای دەستگیر كردنی رێوشوێنی پێویستی یاسایی دژی گیراوەتەبەر و رادەستی لایەنی تایبەتمەند كراوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران