وەزیری ناوخۆی عێراق لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئێران دیداری کرد
بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی یەکشەمە 27ی گەلاوێژ بەرانبەر بە 18ی ئابی 2019 ژنەراڵ حاتەمی وەزیری بەرگریی ئێران لەگەڵ یاسین تەها یاسر وەزیری ناوخۆی عێراق کۆ بوویەوە و لە دیدارە دوو قۆڵییەکەدا تەرکیز کرایە سەر هاوکاریی ئەمنی و سیاسی و فەرهەنگیی نێوان هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران.
ژنەراڵ حاتەمی وەزیری بەرگریی ئێران لە دیدارەکەدا ڕایگەیاند ئاسایش و ئارامیی عێراق ستراتێژی و سیاسەتی ئێرانە و ئاسایشی عێراق بە ئاسایشی ئێران دەزانن.
ناوبراو گوتیشی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دامەزراوەیێکی ئەمنی و سیاسییە و بەو پێیەش دەتوانێت دەستپێشخەر بێت لە فراوان کردنی هاوکاریی ئەمنی و سیاسی و تەنانەت سەربازیی نێوان عێراق و ئێران.
وەزیری بەرگریی ئێران ستایشی دەوڵەتی عێراقیشی کرد کە ئاسایش و سەلامەتی زیارەتکارانی ئێران لە زیارەتی شوێنە پیرۆزەکان دەپارێزن و گوتیشی پێوەندیی نێوان دوو گەلی ئێران و عێراق تەنها پێوەندیی ستراتێژییانە و سیاسی نییە بەڵکوو هاوبەشیی بیروبڕوا و هاوبەشیی سیاسی و کەلتووری و مێژووییی نێوان هەردوو وڵات وای کردووە پێوەندییەکانی تاران و بەغدا بگاتە ئەم ئاستە بەرزەی ئێستا.
لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆی عێراقیش ستایشی هەڵوێستەکانی ئێرانی کرد لە کاتی شەڕی داعش و گوتیشی لەو قۆناغە سەختەدا ئێران یەکەم وڵات بوو کە بە هانای عێراقەوە هات.
بۆچوونی بەکارهێنەران