خبر 2019-06-15 13:05 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

مەسروور بارزانی و شاندێکی حكوومەتی ئەڵمانیا کۆ بوونەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمرۆ شەممە 15/6/2019 مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش و راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە مارتن جایگەر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی هاوکاری ئابووری و پەرەپێدانی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ و شاندی یاوەری کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەم دیدارەدا، کە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر ئامادەبوون، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا و دوا رەوش و پێشهاتەکانی دەڤەرەکە بەشێوەیێکی گشتی تاوتوێ کران.

مەسروور بارزانی، وێڕای بەرزنرخاندنی رۆڵی ئەڵمانیا لە پشتگیری و هاوکاریی هەرێمی کوردستان، جەختی لەسەر سەقامگیری و ئاسایش و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان گەلان و یەکلاکردنەوەی کێشەکانی دەڤەرەکە لە رێگەی گفتوگۆ کردەوە و رایگەیاند: هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە خوازیارە لەچوارچێوەی دەستوور و دیالۆگی بنیاتنەرانە پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر بکرێن، چوونکە ئاشتی و سەقامگیریی زیاتری لێ دەکەوێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا لە ئاماژەیێکدا بۆ کاری داهاتوو، مەسروور بارزانی جەختی لە فرەچەشن کردنی ئابووری ناوخۆ و کەمکردنەوەی بیرۆکراسی لەبەرامبەر داواکاری هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان بە مەبەستی گەشەپێدان و زیادکردنی وەبەرهێنانی بیانی کردەوە.

لەلای خۆیەوە وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی هاوکاری ئابووری و پەرەپێدانی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ، پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی کرد بەبۆنەی بە فەرمی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرک و بەرنامەی کابینەی داهاتوو بۆ خواست، هەروەها ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکان نیشاندا و جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پشتگیریی لە هەرێمی کوردستانێکی بەهێز دەکات.

لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەدا کێشەی ئاوارە و پەنابەران و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە خرانە بەرباس، کە بەهۆی شەڕی تیرۆریستانی داعش تووشی زیان بوونە.

سەرچاوە: K24

کۆدی هەواڵنێر: 60113

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.