په‌رله‌مانی عێراق دوو بژارده بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌خاته‌ڕوو
کوردپرێس:
جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به SNNی ڕاگه‌یاند: یه‌کێک له ڕاسپارده‌كانی ڕاپۆرته‌كه‌ی لیژنه‌ی داراییی په‌رله‌مان له‌باره‌ی گه‌یشتنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ئه‌وه‌یه كه ئه‌و پاره‌یه‌ی له به‌غداوه بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ڕه‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت له ڕێگه‌ی پارێزگاكانه‌وه دابه‌ش بكرێت به سه‌ر فه‌رمانبه‌ران نه‌ک حكوومه‌تی هه‌رێم.
ناوبراو وتیشی: "یه‌كێكی دیكه له‌و بژاردانه‌ی كه لیژنه‌ی دارایی دیاری كردووه و له یاسای بودجه‌ی 2019یشدا جێگیر كراوه ئه‌وه‌یه كه (كارتی زیره‌ک) بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم دروست بكرێت و ڕاسته‌وخۆ له به‌غداوه مووچه بخرێته سه‌ر ئه‌و كارته‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی لیژنه‌ی داراییی په‌رله‌مانی عێراق زیادی کرد: ئه‌گه‌ر ئه‌و كێشه‌یه له نێوان هه‌رێم و به‌غدا چاره‌سه‌ر نه‌كرێت ئه‌وه ئه‌و بژاردانه له به‌رده‌م حكوومه‌تی عێراق ده‌بێت بۆ جێبه‌جێ كردنی.
تا ئێستا حكوومه‌تی عێراق مووچه‌ی مانگه‌كانی (1، 2، 3، 4، 5)ی ئه‌مساڵی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی ڕه‌وانه كردووه به‌ڵام حكوومه‌تی هه‌رێم ته‌نها دوو مووچه‌ی ئه‌مساڵی پێ دابه‌ش كردووه و له ئێستادا له دابه‌ش كردنی مووچه‌ی مانگی سێ به‌رده‌وامه و هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێننه‌وه كه به‌شێک له‌و پاره‌یه بۆ مووچه‌ی مانگه‌كانی كۆتاییی ساڵی ڕابردوو به كار هێنراوه.
له‌وباره‌یه‌وه د. جه‌مال كۆچه‌ر وتی: "په‌رله‌مانتارانی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ مووچه ڕه‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت له چوارچێوه‌ی یاسای بودجه‌ی 2019یه و نابێت بۆ مووچه‌ی ساڵی 2018 به كار بهێنرایه و ده‌بوایه ته‌نها بۆ مووچه‌ی ئه‌مساڵ بوایه".
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
بۆچوونی بەکارهێنەران