کولەی باڵدار باشووری ئێران دەخوات
بەپێی هەواڵی کوردپرێس لە ڕۆژی ڕابردووەوە تەغار تەغار کولەی باڵدار لە باشووری ئێرانەوە دزەیان کردووەتە ئەو وڵاتە و لە 5 پارێزگای خووزستان و بووشەهر و فارس و کرمان و بەتایبەتی پارێزگای هۆرموزگان گرفتیان بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە.
هێرشی کولە باڵدارەکان پاش لافاوەکانی ئەم دواییەی ئێران ڕووی داوە بەڵام جێگری سەرۆکی پاراستنی دارستانەکانی ئێران وتوویەتی هەموو ساڵێک لە کاتێکی تایبەتدا کولەی باڵدار لە باشووری ئێرانەوە هێرش دەکەن بۆیە هیچ پێوەندیی بە لافاوەکانی ئەم دواییەوە نیە و پێ دەچێت شوێنی سەرهەڵدانی کولەکان وڵاتی سعوودیە بێت.
ئەمیر مەسعوودی جەلالی جێگری سەرۆکی پاراستنی دارستانەکانی ئێران زیادیشی کرد: کولەی باڵدار بوونەوەرێکی کۆچەرە و هەموو ساڵێک ئەو دیاردەیە ڕووی داوە ئەگەرچی ڕەنگە ئەم ساڵ بەهۆی لافاوەکانەوە شێ و نمی خاکەکە بووبێتە هۆکار کە ژمارەی کولە باڵدارەکان زیادی کردبێت بەڵام لە خۆیدا دیاردەی کۆچی ئەو کولە باڵدارانە لە سعوودیەوە بەرەو پارێزگاکانی باشووری ئێران دیاردەیێکی ئاسایییە و هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا ڕوو دەدات.
ناوبراو ئاشکراشی کرد کولە باڵدارەکان زیانی قورس بە کەرتی جووتیاری دەگەیێنن و دەبێت ئیدارەی پاراستنی بەروبوومەکان دەرمان و سەمی پێویست بە جووتیاران بدات بۆ ئەوەی زەوی و زارەکانیان سەمپاشی بکەن.
سەرهەڵدانی ئەو کولە باڵدارانە بە ڕێژەی ئێجگار زۆر بۆتە ڕۆژەڤی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران و ئەو دەنگۆیە بڵاو بۆتەوە کە سەرهەڵدانی بە لێشاوی ئەو کولە باڵدارانە پێوەندیی بە لافاوەکانی ئەم دواییەی ئێرانەوە هەیە.
بۆچوونی بەکارهێنەران