مه‌سروور بارزانی پاڵپشتیی هاوپه‌یمانان بۆ هێزی پێشمه‌رگه به گرنگ ده‌زانێت
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه 13ی 3ی 2019 مه‌سروور بارزانی ڕاوێژکاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان پێشوازیی له شاندێکی باڵای سه‌ربازیی هاوپه‌یمانان بۆ بواری چاکسازی و مه‌شق و ڕاھێنانی ھێزی پێشمه‌رگه کرد و به‌رده‌وامیی پاڵپشتیی زیاتری هاوپه‌یمانان بۆ هێزی پێشمه‌رگه به گرنگ وه‌سف کرد.
له دیداره‌كه‌دا وێڕای هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ دوامیکانیزم و به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی چاکسازی و ڕێکخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و په‌ره‌سه‌ندنی جموجۆڵه‌کانیان تاوتوێ کرا و له‌وباره‌وه مه‌سروور بارزانی سوپاسی هه‌وڵه‌کانی هاوپه‌یمانی کرد و هیوای به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌کانی خواست به‌تایبه‌تی له بواری چاكسازی و ڕێكخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌دا.
هه‌روه‌ها مه‌سروور بارزانی بۆ ڕێگه‌گرتن له مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌کانی تیرۆریستان، هاوکاریی هه‌مه‌لایه‌نه و ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌ی له‌باری بۆ ئاسایی کردنه‌وه و چاره‌سه‌ریی کێشه سیاسی و ئیداری و ده‌ستوورییه‌کانی به پێویست زانی.
لای خۆیه‌وه شاندی میوان وێڕای جه‌ختكردنه‌وه له هاوکاریی زیاتری هێزی پێشمه‌رگه بۆ به‌ره‌وپێشبردنی پرۆسه‌ی چاکسازی و ڕێکخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، پشتگیریی خۆیان بۆ هه‌ماهه‌نگیی نێوان هێزی پێشمه‌رگه و هێزی هاوپه‌یمانان و هێزه عێراقییه‌کان له گشت ناوچه‌کان ڕاگه‌یاند.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
بۆچوونی بەکارهێنەران