هێزەکانی سووریای دیموکرات ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی داعش رادەگرن
کوردپرێس: بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، بەرپرسانی باڵای هێزەکانی سوریای دیموکرات رایانگەیاندووە: "پێشبینی مانەوەی هاوڵاتی زیاتری مەدەنی لەژێردەستی داعشدا دەکەن و بەوهۆیەشەوە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان راگرتوە بۆ سەر شارۆچەکەکە".
لەماوەی رابردوودا سەدان خێزان کە زۆربەیان ژن و منداڵی چەکدارەکانی داعش بوون ناوچەی باغۆزی سووریایان چۆڵکردوە، کە دوایین مۆڵگەی داعشە و کەمتر لە یەک کیلۆمەتر چوارگۆشەیان بەدەستەوە ماوە.
هێزەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) پێکهێنەری سەرەکییەتی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەسەرۆکایەتی ئەمریکا پشتگیریان دەکات رایانگەیاندووە، بوونی ژن و منداڵ رێگرە لەوەی کە دواین هەڵمەتی پاککردنەوەی داعش ئەنجام بدەن.
شەڕڤانان دوێنێ شەممەش چوار ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری گەورەیان رەوانەی باغۆز کردووە بۆ دوورخستنەوەی ژن و منداڵە جێماوەکان لە مەیدانی جەنگ.
بەپیی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنها لە ماوەی دەستپێکردنی دوایین شەڕی داعش لەناوچەی باغۆز، 62 هەزار هاوڵاتی بێلانەوماڵ بوون و رەوانەی کامپی هۆڵ کراون، هاوکات لە نێوان پێنج بۆ حەوتی ئەم مانگەشدا نزیکەی پێنج هەزار و 200 کەسی دیکەش گەیەنراونەتە ئەو کامپە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران