که‌مال که‌رکووکى: ده‌بێ دۆخى شارى که‌رکووک ئاسایى بكرێته‌وه
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دواى كۆتایی هاتنى كۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه سیاسییه كوردستانییه‌کانی شارى که‌رکووک له هه‌ولێر كه‌مال که‌رکووکى به‌رپرسى ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كه‌ركووک- گه‌رمیانى پارتی دیموكراتی كوردستان له كۆنگره‌یێكى ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای‌گه‌یاند: "ده‌بێ دۆخى شارى که‌رکووک ئاسایى بكرێته‌وه و ئیلتیزام به یاسا بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین پێكه‌وه‌ژیانێكى هێمن و ئاشتى له‌و شاره خۆشه‌ویسته به‌رقه‌رار بكه‌ین كه هه‌موو جیهان ده‌زانێ ئه‌و شاره له‌سه‌ر ده‌ریایێک ئه‌ڵماسه به‌ڵام سه‌یر بكه‌ن باروگوزه‌رانى خه‌ڵكه‌كه‌ى له چ وه‌زعێكدایه."
كه‌مال که‌رکووکى گوتیشى: "سوپاسى گشت لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین كه ئه‌مڕۆ به ده‌م بانگه‌وازه‌كه‌ى ئێمه‌وه هاتن و سوپاسى هه‌ڵوێسته به‌نرخه‌كانیان ده‌كه‌ین و هه‌موومان به ڕاشكاوانه گفتوگۆمان كرد، پرسیارمان ئاراسته‌ى یه‌كترى كرد و وه‌ڵامه‌كان به ڕێكى درانه‌وه و بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ى شارى که‌رکووک ده‌بێ هه‌موومان هاوهه‌ڵوێست بین، هاوهه‌ڵوێستییه‌كه‌شمان له‌وه‌دا‌یه که ده‌بێ که‌رکووک ئاسایى بكرێته‌وه و ئه‌و هێزه عه‌سكه‌رییه گه‌وره‌ى له که‌رکووک دروست بوووه لاببرێت و ئیداره‌كه‌ى ڕاده‌ستى که‌رکووکییه‌كان بكرێته‌وه و مه‌له‌فى ئه‌منییش بۆ پاراستن ڕاده‌ستى داموده‌زگا خۆجێیییه‌كانى وه‌كوو پۆلیس و ئاسایش و ئه‌وانه‌ى پێكهاته‌كه‌یان له خه‌ڵكى که‌رکووکه بكرێت، ئه‌گه‌ر پۆلیسى بیانى له‌وێ هه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ شاره‌كانى خۆیان بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى که‌رکووک خۆیان به‌شدار بن له پاراستنى شاره‌كه‌ى خۆیاندا."
که‌رکووکى له‌و كۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌دا ڕاشیگه‌یاند: "هه‌موومان له كۆبوونه‌وه‌ى ڕۆژی یه‌کشه‌ممه 30ی کانوونی یه‌که‌می 2018دا هاوڕا بووین داوا له دادگاى که‌رکووک بكه‌ین له‌مه‌ودوا بێلایه‌نیى خۆى بپارێزێ و پشتیوانیى خۆیشمان بۆ براى خۆشه‌ویستمان كاک ڕێبوار تاڵه‌بانى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکووک ده‌ربڕى كه ئه‌و بڕیاره‌ى دژى ئه‌و دراوه، ناحه‌قه."
ناوبراو ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی که چ ڕێگرییێک هه‌یه بۆ دانانى پارێزگار بۆ که‌رکووک گوتى: "ئێمه به‌و قۆناغه‌ى شارى که‌رکووک ده‌ڵێین داگیر كراوه، چوونه‌وه بۆ که‌رکووک پارێزگار دابنرێت یاخود نا، فشارى نابێت له‌سه‌ر گۆڕانكاریى ئه‌وێ، چوونكه مه‌له‌فى ئه‌منى له ده‌ست پارێزگاردا نییه بۆیه ئێمه هاوهه‌ڵوێستین و له‌گه‌ڵ به‌غداش قسه كراوه ئه‌و سه‌ربازگه گه‌وره‌ى له‌وێ دانراوه ده‌بێ لا بچێت و مه‌له‌فى ئه‌منى ڕاده‌ستی حكوومه‌تى خۆجێى بكرێت و ئه‌نجومه‌نیش بگه‌ڕێته‌وه، ئینجا پارێزگارێک دابنرێت بۆ ئه‌م قۆناغه تا هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت، ئێمه‌ش بێ ئاڵاى كوردستان ناگه‌ڕێینه‌وه و دوو ڕێگا هه‌یه بۆ گه‌ڕانه‌وه، یان ڕێگاى دیاڵۆگ و ئاشتى و ڕه‌چاوكردنى مافى خه‌ڵكى که‌رکووک و مافى مرۆڤ یان ڕێگاى‌تر."
سه‌باره‌ت به به‌شدارنه‌بوونى یه‌كێتیش له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئاماژه‌ی دا: "برایانى یه‌كێتى له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیى ئێمه له په‌یوه‌ندیدان، نه‌ک ئه‌وانه‌ى له ڕووداوه‌کانی 16ى ئۆكتۆبه‌ردا به‌شدار بوون."
که‌مال که‌رکووکی په‌یوه‌ست به هه‌وڵدان بۆ لابردنى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکووکیش گوتى: "دیاره هه‌ندێک لایه‌ن هه‌ن به‌په‌له‌ن بۆ لابردنى و هه‌ندێک كه‌س و لایه‌ن هه‌ن ده‌یانه‌وێت ئه‌و به‌ڕێزه بۆ مه‌رامى سیاسیى خۆیان لابه‌رن، نه‌خێر ئێمه له‌گه‌ڵ نین و پشتیوانیی ئه‌و هه‌وڵه ناكه‌ین و ڕێبواریش له شوێنى خۆى ده‌مێنێ."
وه‌ک به‌رپرسى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى که‌رکووک- گه‌رمیانى پارتى ئاماژه‌ی بۆ كرد: "به‌رپرسانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا و هاوپه‌یمانان له گفتوگۆدان بۆ ئاسایی کردنه‌وه‌ی بارودۆخی که‌رکووک بۆ ئه‌وه‌ش هه‌نگاوی باش نراوه."
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
بۆچوونی بەکارهێنەران