نێوماڵی سوننە ناکۆکیی تێدایە و لەبارەی پۆستی سەرۆک پەڕلەمانەوە خۆیان ساغ نەکردۆتەوە
کوردپرێس:
پۆستی سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق بە پێی ڕێککەوتنی نێوان لایەنە عێراقییەکان پشکی سوننەیە و دەبێت لە نێوان قەبارە سوننەکاندا کەسێک بۆ ئەو پۆستە ناودێر بکرێت بەڵام نێوماڵی سوننە ناکۆکن و هێشتاکە لە سەر یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستە ساغ نەبوونەتەوە. بڕیارە شەش رۆژی دیکە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق ھەڵبژێردرێت، کەچی ھێشتا سوننەکان لەسەر ناوی کەسێک بۆ وەگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە.
محەممەد خالیدی یەکێکە لە بەربژێرەکان و بەپێی قسە و لێکدانەوەی خۆی بێت سەرۆکی پەرلەمانی نوێی عێراقە، ئەو پێیوایە
بەھۆی پەیوەندی بەھێزی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و زانینی زمانەکانی کوردی، عەرەبی و تورکمانی دەتوانێت لە پەرلەمانەوە کە بەدڵی پرۆسەی سیاسی ناویدەبات ، چارەسەری سەرجەم گرفتەکان بکات.
محەممەد خالیدی، بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت: "بەرنامەیەکم هەیە کە تەواو بۆ چارەسەری کێشەکانە، پێموایە پەرلەمان دڵی پرۆسەی سیاسییە، ئەگەر دڵەکەت چارەسەرکرد واتە جەستەت چارسەرکردووە، بۆیە ئێستا دڵی پرۆسەی سیاسی ماندووە و پێوستی بەچاودێری چڕە، ئەو چاودێرییەش پێوستی بە بەرنامە و لێکتێگەیشتنی ھەموو پێکھاتەکانە".
هەندێک لە میدیا عێراقییەکان ناوی هەشت کەسیان بڵاو کردۆتەوە کە دەیانەوێت ببنە سەرۆکی خولی چوارەمی پەرلەمان کە ئامانەن:
-ئوسامە نوجێفی
- تەڵاڵ زەوبعی
- رەشید عەزاوی
- محەممەد حەلبووسی
- محەممەد خالیدی
- ئەحمەد جبووری
- محەممەد تەمیمی
- ئەحمەد عەبدوڵڵا
پەرلەمانتاران چاوەڕێی ئەوەن کە لە دانیشتنی داھاتوو ئەو پرسە یەکلا بکەنەوە، چونکە بەتەمەنترین پەرلەمانتار کە ئێستا سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات بەلای ئەوانەوە لاواز و بێ دەسەڵاتە و توانای ئیدارەدانی کۆبوونەوەکانی نییە.
ئەحمەد جبووری، بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان، دەڵێت: "سەرۆکی بەتەمەن پێویستە دووربکەوێتەوە، لەبەرئەوەی ناتوانێت ئیدارەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بدات، پێویستە ئەو پۆستە بۆ یەکێکی دیکە لە بەتەمەناکان ناو پەرلەمان جێبھێڵێت، چوونکە ئێمە ئێستا لەبەردەم پشێویدان".
لەسەر داوای فراکسیۆنەکان، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دواخرا بۆ 15ـی ئەم مانگە، بڕیارە لەو رۆژەدا دەستەی سەرۆکایەتی خولی چوارەم ھەڵدەبژێردرێت، بەڵام دیار نییە ئاخۆ ئەو پرسە لەو رۆژەدا یەکلادەکرێتەوە، یاخود بە ھەڵپسێردراوی بۆ رۆژێکی دیکە جێدەھێڵدرێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران