وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا: دانووستان بۆ کڕینی پاتریۆت له ئه‌مریکا ده‌ستی پێکردووه
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مه‌ولوود چاووش ئۆغڵۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا له به‌رنامه‌یێکی ڕاسته‌وخۆی ته‌له‌فزیۆنیدا ئاماژه‌ی به بابه‌تی کڕینی سیسته‌می به‌رگریی پاتریۆت له ئه‌مریکا کرد و گوتی: دوو ساڵ پێش ئێستا نامهیێکمان بۆ ئه‌مریکا نارد له‌سه‌ر کڕینی سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانیی پاتریۆت که وه‌ڵامێکی ئیجابی به‌و نامه‌یه دراوه‌ته‌وه و دانووستانه‌کان له‌سه‌ر کڕینی ئه‌و سیسته‌مه ئاسمانییه ده‌ستی پێکردوووه.
ناوبراو له‌باره‌ی سیسته‌می به‌رگریی مووشه‌کیی S-400 گوتیشی: هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی کڕینی سیسته‌می به‌رگریی مووشه‌کیی S-400 نامومکینه. هه‌موو شتێک له‌باره‌ی کڕینی ئه‌و سیسته‌مه‌وه ته‌واو بووه و ڕێککه‌وتننامه‌ش واژۆ کراوه. ئه‌مساڵ له وه‌رزی پاییزدا سیسته‌می مووشه‌کیی S-400 ڕاده‌ستی تورکیا ده‌کرێت. ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی که نه‌مانتوانی پاتریۆت بکڕین S-400مان کڕی. ئێمه پێویستمان به سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانی هه‌یه. مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یێکی زۆر له ده‌وروبه‌ری ئێمه‌دایه. هه‌ڕه‌شه‌ی مووشه‌کی بۆ سه‌ر تورکیاش هه‌یه که‌واته ئێمه ناچارین ئاسمانی وڵاته‌که‌مان بپارێزین. ئێمه دوای ئه‌وه‌ی که نه‌مانتوانی ئه‌و سیسته‌مه ئاسمانییه له وڵاتانی ڕۆژئاوا و هاوپه‌یمانه‌کانمان بکڕین ناچار بووین سیسته‌می به‌رگریی S-400 بکڕین.
مه‌ولوود چاووشئۆغڵۆ ڕاشیگه‌یاند: ئێستا ئه‌مریکا ڕایگهیاندوووه که ده‌توانن سیسته‌می به‌رگریی پاتریۆت به ئێمه بفرۆشن و لیژنه‌کانی دوو وڵات سه‌رقاڵی دانووستانن. ئێستا ئه‌مریکا ئه‌و بابه‌ته‌ی ڕاگه‌یاندووه به‌ڵام پرسگه‌لێکی گرنگ بۆ ئێمه له‌ئارادایه؛ یه‌که‌م نرخی ئه‌و سیسته‌مه‌یه، دووهه‌م پڕۆسه‌ی ڕاده‌ست کردنی سیسته‌می به‌رگریی پاتریۆت و سێهه‌م ئه‌وه‌ی که له داهاتوودا پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش و یان گواستنه‌وه‌ی ته‌کنه‌لۆجیا هه‌یه یان نا؟ ئه‌گه‌ر ڕێکبکه‌وین و به ئاڕاسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانمان بێت ده‌توانین ئه‌و سیسته‌مه بکڕین. ناکرێ مکووڕ بین له‌سه‌ر ئه‌و بیرۆکه‌یه که چۆن من ده‌یفرۆشم که‌واته مه‌رجه‌کانی من قبووڵ ده‌که‌ن. تورکیاش هه‌لومه‌رجی خۆی هه‌یه و ئه‌مریکاش له‌وباره‌یه‌وه ده‌بێ ئیزن له کۆنگرێس وه‌ربگرێت و ده‌بێ گه‌ره‌نتی ئه‌و بابه‌ته به ئێمه بده‌ن. ئێمه تا ئێستاش بۆ کڕینی سیسته‌مه ئاسایییه‌کانیش له ئه‌مریکا به‌ره‌وڕوو دژوارییێکی زۆر بووینه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه: هه‌واڵده‌ریی هابر 7
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
بۆچوونی بەکارهێنەران