خبر 2019-03-01 18:35 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

نێچیرڤان بارزانی: بەغدا وەک پارێزگایێکی عێراق مامەڵە لەگەڵ هەولێر دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی رایدەگەیەنێت؛ مامەڵەکردنی بەغدا لەگەڵ هەرێم هاوشێوەی مامەڵەكردنە لەگەڵ پارێزگایێكدا و داوا دەکات ئەو جۆرە مامەڵەیە راست بکرێتەوە، هاوکات ئامادەییی هەرێمیش دەردەبڕێت بۆ پێكەوە كاركردن و سازانێكی تازە لە عێراقدا.

کوردپرێس:

لە وتارێکیدا لە یەكەمین فۆرومی ساڵانەی هەولێردا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ دەمانەوێت بەرامبەر خەڵكی كوردستان و عێراق بەگشتی خاوەن بەڵێن بین و ژیان و گوزەرانێكی خۆش و شایستەیان هەبێت. ئێمە چاومان لەوە بوو عێراقی هەموان دروست ببێت، بەداخەوە ئەوە بۆ هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان پێكنەهات و سەرئەنجام دەوڵەتی مەدەنی و هاووڵاتی‌بوونیش پێكنەهات! بۆیەش رێكخراوە تیرۆریستییەكان سوودیان لەو بارودۆخە وەرگرت.

کوردپرێس:

فۆرومەکە لەژێر ناوی (رێگاچارەكانی پرسەكانی ئاسایش و سەروەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) بەڕێوەدەچێت و نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی كوردستان كە رەخنەی هەیە لەوەی (55) ماددەی دەستوور، ئه‌وانه‌ی پەیوەستن بە كوردستانەوە جێبەجێ نەكراون، لە هەموان زیاتر دەیەوێت دەستوور سەروەر بێت. بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین ئەوە بكەین، دەبێ هەموو لایەنەكان بە راشكاوی پێكەوە قسە بكەن و لێكگەیشتن و پێكەوە كاركردن و سازانێكی تازە لە عێراقدا دروست بكرێت. ئێمە بە هەموو شێوەیێک ئامادەین بۆ ئەوەی لەمڕۆوە دەست پێبكەین.

ناوبراو ئاماژەی بە مەترسییەکانی دوای داعش کرد و وتی: "ئێستا داعش جموجۆڵی بەردەوامی هەیە لە هێڵی ستراتیژی دیالە، كەركووك، سەڵاحەدین، ئەنبار و مووسڵ تاوەكوو سووریا و هێرش و پەلاماردانیان هەیە، زۆربەشیان خەڵكی عێراقن! كەواتە داعش ماوە. لە دۆخێكی شڵەژاوی بەو شێوەیەدا ئەگەر داعش نەمێنێ، رێكخراوێكی دیكه‌ی تیرۆریستی لەو پاشماوەیە و لەو زەمینەیەدا لەدایك دەبێت".

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی وتی: "دەمەوێ زۆر راشكاوانە بڵێم، بەداخەوە هەست دەكەین چەمكی فیدراڵی و سیستەمی فیدراڵی لە عێراقدا هێشتا نەچەسپیوە و هێشتاش تێگەیشتنێكی تەواو نییە بۆ چەمك و سیستەمی فیدراڵی. لەبەر ئەوەش هێشتا جۆرە مامەڵەكردنێك هەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا كە بە مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمێك ناچێت، بەڵكوو هاوشێوەی مامەڵەكردنە لەگەڵ پارێزگایێكدا. هیوادارین ئه‌م شێوازه‌ له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی ئێستای عێراقدا راست بكرێته‌وه‌".

بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ كام لە رێككەوتن و بەڵێنەكان بەو شێوەیە نەبوون، ئەوەی دەیبنین لە مامەڵەكردن و پڕۆژەیاسا تازەكاندا، پێچەوانەی ئەو روانگە دەستووریەیە، ئەوەش پێشێلكردنی بنەمای سازان و فیدراڵییە، كەواتە تەواو پێچەوانەی دەستوورە.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.