ده‌میرتاش: عاقڵانه‌ترین بژاردە دیداری ڕاسته‌وخۆی تورکیا و کوردی سووریایه
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گه‌لان باسی له هه‌نگاوه‌کانی تورکیا بۆ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له باکووری سووریا کرد و گوتی: "سیاسه‌تی توركیا به‌رامبه‌ر سووریا له یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه هه‌ڵه بووە، ئه‌مڕۆش هه‌ڵه ده‌كات. توركیا سیاسه‌تی كرد بۆ له‌ناوچوونی كورد و به‌شار ئه‌سه‌د و تاوەکوو گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی پشتیوانی له جیهادییه‌كان بكات. له کاتێكدا كوردی سووریا چاوی له توركیا بوو بۆ ئه‌وه‌ی هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵدا بكات به‌ڵام تورکیا و پارتی داد و گه‌شه (AKP) هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ گرووپه ڕادیكاڵه‌كان كرد و ئه‌مه‌ش وای كرد كورد پاڵ بنێت بۆ نزیكبوونه‌وه له ئه‌مریكا و ڕووسیا".
ناوبراو له درێژه‌دا جه‌ختی کرده‌وه: سه‌رباری ئه‌وه‌ی زۆر سه‌خته به‌ڵام باشترین و عاقڵانه‌ترین ڕێگه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بریتییه له‌وه‌ی كوردی سووریا و توركیا ڕاسته‌وخۆ دیالۆگ و گفتوگۆ بكه‌ن. هه‌وڵه‌كان بۆ داگیركاری و بژارده‌ی سه‌ربازیی، توركیا ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره ده‌كاته‌وه. باشتروایه توركیا له‌گه‌ڵ كوردی سووریا گفتوگۆ بكات و زه‌مینه بۆ هاوئاهه‌نگی خۆش بكات. هیوادارم له کۆنفڕانسی سووری که پارتی کۆماریخوازی گه‌ل (CHP) ئاماده‌کارییه‌کانی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆنفڕانسه‌که ده‌ست پێکردووه کورد نادیده نه‌گیردرێت. ده‌توانم بانگهێشت‌نه‌کردنی پارتی یه‌کێتیی دیموکراتی سووریا (PYD) بۆ ئه‌و کۆنفڕانسه ده‌رک بکه‌م به‌ڵام ده‌بێ کورد به جۆرێک به‌شداری له‌و کۆنفڕانسه بکات و ڕاوبۆچوونی خۆی ده‌رببڕێت.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی بیرگون
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
بۆچوونی بەکارهێنەران