ڕێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌کاربوونی میری نوێی کوردانی ئێزدی به‌ڕێوه چوو
کوردپرێس:
حازم ته‌حسین به‌گ له نێو شه‌ش به‌ربژێری بنه‌ماڵه‌که‌یدا وه‌کوو میری نوێی کوردانی ئێزدی ده‌ستنیشان کرا و دوای وه‌رگرتنی پۆسته‌که‌ش ده‌بێته شوێنگره‌وه‌ی باوکی و میری ئێزدییانی جیهان که کاروباری ملیۆنێک کوردی ئێزدی له جیهان به‌ڕێوه ده‌بات و ئه‌مڕۆ شه‌ممه 27ی ته‌مووزی 2019 له ڕێوڕه‌سمێکه‌دا حازم میر ته‌حسین به‌گ میری نوێی کوردانی ئێزدی له جیهان له په‌رستگه‌ی لالش پیرۆزترین په‌رستگه‌ی کوردانی ئێزدی جلوبه‌رگی تایبه‌تی میری پۆشی و به ئاوی کانیی سپی مۆر کرا.
میر حازم به‌گ به‌و پێیه‌ی له ساڵی 1989وه له جێگه‌ی باوکی کاروباری کوردانی ئێزدی به‌ڕێوه ده‌بات به باشترین بژارده دانرا بۆ ئه‌وه‌ی ببێته شوێنگره‌وه‌ی باوکی و ده‌نگی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌ی و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ڕووحانیی ئێزدییانی پێدرا.
میری نوێی کوردانی ئێزدی له کۆنگره‌یێکی ڕۆژنامه‌ڤانیدا له دوای ته‌واوبوونی مه‌راسیمه ئایینییه‌کانی ده‌ستبه‌کاربوونی، له به‌رده‌م په‌رستگه‌ی لالش قسه‌ی کرد و ڕایگه‌یاند "پێنج ساڵ تێپه‌ڕی به سه‌ر کاره‌ساتی ئێزدییان له‌سه‌ر ده‌ستی داعش، ئێمه وه‌کوو ماڵی میر که‌مته‌رخه‌میمان نه‌کردووه و چه‌ندین به‌رپرسی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌وروپا و ئه‌مریکامان بینیوه و باسی ڕه‌وشی ئێزدییانمان کردووه."
میری نوێی کوردانی ئێزدی ئاشکرای کرد له دوای ده‌ستبه‌کاربوونی "وه‌کوو چۆن پێش ئێستا جه‌ختمان له‌سه‌ر کردووه‌ته‌وه: ئێمه ئه‌نجومه‌نێکی باڵای ئێزدییان دروست ده‌که‌ین و ڕێژه‌ی شنگالییان ده‌بێته 6% تێیدا و هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی ڕووحانی فراوان ده‌که‌ین و خه‌ڵکی ئێمه‌ی شنگال و پیاوانی ئایینی تێدا بن."
له به‌شێکی دیکه‌ی گوته‌کانیدا میری کوردانی ئێزدی باسی له‌وه کرد "به هه‌موو هێزی خۆمان له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حکوومه‌تی به‌غدا کار ده‌که‌ین بۆ چاره‌سه‌رکردنی ڕه‌وشی شنگال و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کانمان. په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ هه‌موو پێکهاته‌کانی کوردستان و عێراق وه‌کوو: برایانی موسڵمان، مه‌سیحی، سابیئه، کاکه‌یی و فه‌یللی و هه‌موو سه‌رۆکی عه‌شیره‌ته‌کانی کوردستان په‌ره‌پێده‌ده‌ین. سوپاسیان ده‌که‌ین و به‌خێرهاتنی ئه‌وانه ده‌که‌ین که ئه‌مڕۆ هاتوونه‌ته شنگال، ئه‌وانه‌ی که نه‌شهاتوون هه‌ر برای ئێمه‌ن و له میللـه‌تی ئێمه‌ن."
میر حازم به‌گ سوپاسی پێشمه‌رگه و خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات که یارمه‌تیی کوردانی ئێزدییان داوه له دوای هاتنی داعش بۆ ناوچه‌کانیان و ده‌ڵێت: "سوپاس بۆ مه‌سعوود بارزانی، کاک نێچیرڤان بارزانی و مه‌سروور بارزانی و هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌کان که هاوکاریی ئێمه‌یان کردووه له‌وه‌ی کێشه‌ی میریێتی چاره‌سه‌ر بێت. سوپاسی ئه‌و پێشمه‌رگانه ده‌که‌ین که پارێزگاری‌یان له چیای شنگال کرد. سوپاس بۆ هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان له زاخۆوه تاوه‌کوو سلێمانی که ده‌رگاکانی خۆیان کرده‌وه بۆ خه‌ڵکی شنگال له‌و ڕه‌وشه سه‌خته‌یاندا، نزا ده‌که‌ین خوای گه‌وره هه‌موو میللـه‌تان و میللـه‌تی ئێزدییانیش بپارێزێت."
ژیاننامه‌ی میر حازم ته‌حسین به‌گ
حازم ته‌حسین سه‌عید عه‌لى کوڕی میری پێشووی ئێزدیانه
له ساڵی 1963 له باعه‌درێ له‌دایکبووه
ژیانی هاوژینی پێکهێناوه
دوو کوڕ و کچێکی هه‌ن
کۆلیژی کشتوکاڵی له زانکۆی به‌غدا ته‌واو کردووه
له ساڵی 1989ه‌وه بریکاری باوکی بووه
ئه‌ندامی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی کوردستان بووه
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
بۆچوونی بەکارهێنەران