مەسعوود بارزانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم کۆ بووەوە
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە دیدارەكەدا، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی لە هەرێم هاتووە تا سوپاسگوزاریی خۆی پێشکەش بە بارزانی بکات و خۆشحاڵیی خۆی بە ماوەی کارکردنی لە هەرێم ڕاگەیاند و ستایشی ئەو هەماهەنگی و هاوکارییەی کرد کە لەماوەی کارکردنیدا لەگەڵ دەزگاکانی حکوومەتی هەرێم بەدی کردووە. هەروەها هیوای خواست پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر پەرەبستێنێت.
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سوپاسی کونسوڵی گشتیی بەریتانیای کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکەیدا بۆ خواست.
هەر لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكان لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و هەروەها پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ئاڵوگۆڕ كرا.
هەروەها باسی بەردەوامیی هەڕەشە و مەترسییەكانی داعش لەسەر ئاساییشی عێراق و ناوچەكە کرا و جەخت کرایەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە ئەرکێکی هەمەلایەنەیە.
لە بەشیکی دیکەی دیدارەکەی نێوانیاندا پێشڤەچوونی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم خرایە بەرباس.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران