خبر 2019-06-20 03:54 کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

گوڵنسا دەبێتە کاندیدی باشترین فیلم لە فستیڤاڵی فیلمی "ئارت"ی هۆنگ کۆنگ

بەشی فەرهەنگ و هونەر-فیلمی گوڵنسا وەکوو تاکە نوێنەری سینەمای ئێران بۆ بەشداری کردن لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئارت" بۆتە کاندیدی باشترین فیلم.

کوردپرێس:

فیلمی گوڵنسا دەرهێنەرەکەی ستار چەمەنی گوڵ و نووسەری فیلمنامەکەش ڤیدا ساڵحیە. تا ئێستا خەڵاتی زۆری مسۆگەر کردووە ئەوەش لە کاتێکدا لە ئێران مۆڵەتی نمایشکرانی پێنەدراوە. ئەم جارەش گوڵنسا پاڵێوراوە بۆ هەڵبژاردنی وەکوو باشترین فیلم لە فستیڤاڵی نێودەوەڵتیی فیلمی "ئارت" کە لە هۆنگ کۆنگ بەڕێوە دەچێت و لە ئێرانەوە تەنیا گوڵنسا وەرگیراوە.

فستیڤاڵی فیلمی "ئارت" ڕۆژی 7ی تەمووزی 2019 بەرانبەر بە 16ی پووشپەڕ بە بەشداریی فیلمساز و دەرهێنەرە بەرجەستەکان بەڕێوە دەچێت و لەو فستیڤاڵەدا باشترین فیلمەکان خەڵات دەکرێن.

فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئارت"ی هۆنگ کۆنگ (HKFAIFF) تایبەتە بە فیلمساز و هونەرمەندە تازە سەرهەڵداوەکانی جیهان و لە ژانرە جۆربەجۆرەکاندا کار دەکات و مەبەستی فستیڤاڵەکەش ئیلهام بەخشین و هاندانی گەنجان و دۆزینەوەی هونەرمەندە بەتواناکانی بواری فیلمسازییە و لە سەر ئەرکی بنکەی هونەری فیلمی هۆنگ کۆنگ (HKFAA) بەڕێوە دەچێت.

فیلمی سینەماییی گوڵنسا پێشتر 30 جار لە فستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا بەشداریی کردووە و زیاتر لە 15 خەڵاتی مسۆگەر کردووە و لەم فستیڤاڵە نوێیەشدا کێبەرکێ لەگەڵ فیلمی وڵاتانی ئەڵمانیا و ئەرجەنتین و سویس و بەریتانیا و نەمسا و ئەمریکا و هۆنگ کۆنگ و بەنگلادش و تورکیا دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.