ئەو بەریتانییانەی پێوەندییان بە یەپەگەوە کردووە دادگایی دەکرێن
کوردپرێس:
هێزی کوردی سووریا ناسراو بە یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) ساڵی 2014 کە داعش هێرشی کردە سەر ناوچە کوردنشینەکانی سووریا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەمپێنێکیان ڕێکخست و داوایان لە هەموو خەڵکی جیهان کرد لە شەڕی داعشدا بەشداری بکەن و بەو هەڵمەتەش توانییان سەدان خۆبەخشی بیانی کۆ بکەنەوە کە زۆرینەیان هاووڵاتیی وڵاتانی ڕۆژئاوا بوون.
بەڵام پاش ئەوەی کۆتاییهاتنی شەڕی داعش لە سووریا نزیک بوویەوە خۆبەخشە بیانییەکان دەستیان کرد بە گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان و لە کاتی گەڕانەوەیاندا دادگایی دەکران. بە دەیان کەس لەو خۆبەخشانە پێشتر ئەندامی سوپای وڵاتی خۆیان بوون. دەیان کەسیان لە شەڕی داعشدا گیانی خۆیانیان لە دست داوە. هەر بە وتەی ڕۆژنامەی ئیندپیندێنت لانی کەم 8 هاووڵاتیی بەریتانی لە شەڕی داعشدا گیانی خۆیانیان لە دەست داوە.
ئەو ڕۆژنامەیە گفتوگۆی لەگەڵ ژمارەیێک لە خۆبەخشەکان کردووە و نووسیوەتی: ئەو خۆبەخشانە لە کاتی گەڕانەوەیاندا لە بەریتانیا دادگایی دەکرێن و بەرپرسانی بەریتانییش ڕایانگەیاندووە هەرکەسەو لە ناوچەکانی شەڕ لە عێراق و سووریا بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا دەبێت دادگایی بکرێت.
بە وتەی ڕۆژنامەکە دەوڵەتی بەریتانیا هێزی کوردی سووریا بە گرووپی تیرۆریستی نازانێت بەڵام بڕوای وایە ئەو گرووپە کوردییە ڕوانگە و بۆچوونی هاوبەشی لەگەڵ پەکەکە هەیە و بەریتانیاش پەکەکە بە گرووپێکی تیرۆریستی دەزانێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران