دەرهێنەری مەهابادی چیرۆکی 7 کچە کوردی ئێزدی تۆمار دەکات
شیلان سەعیدی دەرهێنەری مەهابادی لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەو بارەوە ڕایگەیاند: فلمی "بەڵێنی من" چیرۆکی هەڵاتن، ژیان، دۆستایەتی و کۆچی حەوت کچە کوردی ئێزدی دەگێڕێتەوە کە پاش هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال پەنا بۆ کەمپی ئاوارەکانی تورکیا دەبەن.
ناوبراو درێژەی دا: ئەم داکیۆمێنتارە تێڕوانینێکی سەربەخۆی بۆ پاشهاتەکانی شەڕ و قوربانییە بێدەنگەکانی هەیە و بۆ ماوەی چوار ساڵ ژیانی کوردانی ئێزدی کە مەجبوور بە جێهشتنی زێدی خۆیان بوون لە کەمپەکانی ئەورووپادا نیشان دەدات.
شیلان سەعدی وتیشی: شوێنی هەڵگرتنی فلمەکە سێ وڵاتی تورکیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا بووە و ئێستا قۆناخی هەڵگرتنی فلمەکە کۆتایی هاتووە و ڕەنگە تا ساڵی داهاتوو ئامادەی بڵاو کردن دەبێت.
شایانی باسە شیلان سەعدی دەرچووی بەشی دەرهێنەریی سینەمایە و چوار داکیۆمێنتاری جلی موکریان، خولیای ونبوو، ئێمە زیندوو دەمێنین و کۆڵانی پشتی خانووەکەمان-ی لە کارنامەدا هەیە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران