خبر 2018-11-21 11:23 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک ★ — (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

پاسەوانی سنووریی عێراق و ئێران کۆنووسێکی هاوبەشیان واژۆ کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- عێراق و ئێران کۆنووسی هاوبەشی نێوانیان بۆ کاری شەش مانگی داهاتوو واژۆ کرد، فەرماندەکانی سنووری عێراق و ئێران دەڵێن، لەسنووردا هاوکار و هاوئاهەنگ دەبن.

کوردپرێس:

فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق لە هەرێمی کوردستان و فەرماندەی پاسەوانی سنووری سنە لە سلێمانی کۆ بوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا، لیوا شێرکۆ عەبدوڵڵا، فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان کۆماری عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کراوە، پێویستە شەش مانگ جارێک کۆبوونەوەیێک لەنێوان فەرماندەکانی پارێزگاکانی سنوور ئەنجام بدرێت، جارێک لە ئێران و جارێکیش لە عێراق".

شێرکۆ عەبدوڵڵا دەڵێت: "ئێمە وەکوو فەرماندەییی سنووری ناوچەی یەک، کە دەسەڵاتی لە سنووری پێش خابوورەوە هەیە تاوەکوو دەگاتە قۆرەتوو، دراوسێی سێ پارێزگای ئێرانین، ورمێ، کوردستان و کرماشان".

بە گوتەی، شێرکۆ عەبدوڵڵا ئەو کۆبوونەوانە زیاتر بۆ تاووتوێکردنی "گرفتەکانی سنوور و چۆنیەتیی چاودێریی سنوورە، رێگرتنە لەوانەی بەشێوەیێکی نایاسایی لە سنوورەکان هاتووچۆ دەکەن، یان بە شێوەیێکی نایاسایی کاڵا دەگوازنەوە، هەموو شەش مانگ جارێک پێداچوونەوە بە کۆنووسی گفتوگۆی پێشوو دەکەین و میکانزمێکی نوێ دادەنێین، بۆ ئەوەی چۆن بتوانین بە هەردوولا چاودێریی سنوورەکانمان بکەین و بیانپارێزین".

فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق لە هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "ئەرکی ئێمە تەنیا راپەڕاندنی کارەکانی تایبەت بە سنوورە، هیچ کارێکی سیاسی و چوون و هاتنی خەڵک پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، ئێمە هێزێکی سەربازیین ئەو هێزە سەربازییە چاودێریی سنوور دەکات، ئەرکمان پاراستنی سنوور و چاودێری­کردنیەتی، رێگە لە بەزاندنی سنوور دەگرین، هەردوولامان کۆنووسێکی نوێ دەنووسین بەپێی ئەو کۆنووسە مامەڵە لەگەڵ یەکدا دەکەین".

هاوکات کیومەرز شێخی، فەرماندەی پاسەوانی سنووری پارێزگای کوردستان، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە رایگەیاند: "لەگەڵ هێزەکانی پاسەوانی ناوچەی یەکەم گەیشتووینەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی بە هاوکاریی یەکدی پارێزگاری لە سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچە سنوورییەکان بکەین".

فەرماندەی پاسەوانی سنووری کوردستان گوتیشی: "کۆمەڵێک بابەتمان بۆ پاراستن و پارێزگاری­کردن لە سنوورەکانی هەردوو وڵات پەسەند کرد، هەروەک دەزانن لە راستیدا ئێمە دووژمنی هاوبەشمان هەیە و بەو رێککەوتنە گەیشتین کە بە هاوکاریی یەکدی سەقامگیرییێکی جێگەی پەسەند لە ناوچەکە بەدی بهێنین".

*لە تۆڕی میدیاییی ڕووداو وەرگیراوە

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
— (0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.